كلایتۆن .. لە بۆرسەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەواڵگریی ئەمەریكا

:: PM:04:20:12/06/2026 ‌
میدیای ئەمەریكی: ترەمپ كەسێكی كردووەتە بەرپرسی هەواڵگریی هیچ كاتێك لەو بوارەدا كاری نەكردووە

دوێنێ‌ پێنجشەم (11) ی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كاندیدبوونی جای كلایتۆنی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی راگەیاند، كە پێشتر داواكاری گشتی بوو بۆ ناوچەی باشووری نیویۆرك. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی CNN ترەمپ لە پەیامێكدا كە لە ترووس سۆشیاڵ بڵاوی كردووەتەوە، وەها وەسفی كلایتۆنی كردووە، لە ئاستێكی بەرزدا لەناو كۆمەڵگەی یاساییدا رێزی دەگیرێت. داواشی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كردووە لە نزیكترین كاتدا كاندیدبوونەكەی قبووڵ بكەن.

ترەمپ لە پەیامەكەی نووسیویەتی، "زۆر كەم كەسێك لە ناوەندە یاساییەكاندا دەدۆزیتەوە هێندەی جای رێزی هەبێت".

بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیای ئەمەریكا، جای كلایتۆن پۆستی داواكاری گشتی ئەمەریكی لە ناوچەی باشووری نیویۆرك بەڕێوە دەبات و پێشتریش سەرۆكی دەستەی كاغەزە داراییەكان و بۆرسەی ئەمەریكی بوو لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپدا. ئێستەیش بۆ پۆستە نوێیەكە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران هەیە. 

جای كلایتۆن پارێزەرێكی دیار بوو، لە ساڵی 1966 لە دایكبووە، لە دنیای دارایی و بۆرسە و رێكخستنی چاودێری ناسراوە، نەوەك بواری هەواڵگریی یان ئاسایشی نەتەوەیی. ئەو هیچ پاشخانێكی ئاسایی یان ئەزموونێكی راستەوخۆی لە بەڕێوەبردنی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی نییە. بۆیە هەركە كاندیدبوونەكەی راگەیەنرا، لەلایەن چاودێرانەوە ئەمە تێبینی كرا.

لەگەڵ ئەوەیشدا كلایتۆن ناوبانگێكی بەهێزی هەیە وەك كارگێڕێك و پارێزەرێك و رێكخەری دامەزراوە گەورەكان، ئەمەیش هۆكار بوو لەوەی لایەنگرانی پشتیوانی لە كاندیدبوونەكەی بكەن. كاندیدبوونی كلایتۆن لە كاتێكدایە لە واشنتن مشتومڕێكی سیاسی هەیە سەبارەت بە بڕیارەكەی پێشووی ترەمپ لە دانانی بێل پۆڵتی  وەك بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی لە شوێنی تۆلسی گابارد كە بەڕێوەبەری پێشوو بوو دەستی لەكار كێشایەوە, بێل پۆڵتی بەرپرسێكی دیارە لە بواری نیشتەجێكردن و خانووبەرەدا.

هەر ئەمەیش هۆكاری مشتومڕەكە بوو، چونكە پۆڵتی هیچ ئەزموونێكی لە ئاسایشی نەتەوەیی نییە، بۆیە ئەندامانی كۆنگرێس بە دیموكراتەكان و كۆمارییەكان لە دانانی ناڕازی بوون، ئەمەیش باری نوێكردنەوەی دەسەڵاتی حكوومەت بۆ چاودێریی دەزگا هەواڵگرییەكان لەناو كۆنگرێسدا دەخاتە بەردەم ئاڵەنگارییەوە.

ئەو بابەتە لە كۆنگرێس تەنگژەیەكی دروست كرد، دیموكراتەكان گوتیان ئەوان دەسەڵاتی هەواڵگریی دەرەوە نوێ ناكانەوە ئەگەر ترەمپ كاندیدبوونی پۆلتی رەت نەكاتەوە و بەرپرسێكی هەمیشەیی لە پۆستەكە دانەنێت. بۆیە دامەزراندنی كلایتۆن لەلایەن كۆشكی سپی بۆ ئەوەیە ئەم تەنگژە كارگێڕییە چارەسەر بكرێت، چونكە ئەو كاندیدبوونە دەبێتە هۆی لادانی كێشەكانی بەردەم درێژكردنەوەی مادەی 702 لە یاسای چاودێریی هەواڵگریی بیانی "FISA" بە دووریش نازانرێت دۆسیەی پیشەیی كلایتۆن دڵنیاییەك بێت بۆ ئەندامانی كۆنگرێس سەبارەت بەو پێوەرە یاساییانەی كە لە پرۆسەی چاودێرییدا پێڕەو دەكرێت. 

كاندیدبوونی كلایتۆن لە كاتێكی هەستیاردایە بۆ كۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمەریكا، چونكە ئامانجی بڕیارەكە چارەسەری تەنگژییەكی سیاسیە كە لە دانانی بێل پۆلتی كەوتەوە لە بەڕێوەبردنی ئاژانسەكە. هەر ئەو دانانەیش بوو بووە هۆی كێشە لە بەردەم درێژكردنەوە مادەی 702ی یاسای چاودێری هەواڵگری بیانی، چونكە ناڕەزاییەكی زۆر لە دانانی پۆڵتی هەبوو. 

دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەیش بكرێت كلایتۆن لە مانگی نیسانی 2025 دەستی بە ئەركەكەی كردووە وەك داواكاری گشتی باشووری نیویۆرك، بۆیە وا سەری كاندیدبوونەكەی دەكرێت، هەنگاوێكە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان لەبارەی ئەزموونی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی هەواڵگری نیشتمانی، بە تایبەتش كە دەزانرێت دوای ئەوە هاتووە كە لە مانگی ئایاری رابردوو گابارد دەستی لە كار كێشایەوە.

سەرچاوە: ئیرەم نیوز




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل