عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی عێراق له دۆخێكی بێزاركه‌ردایه له‌لایه‌كه‌وه گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران و ئێران به ده‌م داواكانییه‌وه نایه‌ن و له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش دۆناڵد تره‌مپ و حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا سوورن له‌سه‌ر گوشاره‌كانیان، ئه‌مه‌یش پرسیاری له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی زه‌یدی له نێوان ئێران و میلیشیاكان له‌لایه‌كه‌وه، ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌كی تره‌وه دروست كردووه.
له 14ی ئایار/مایۆی ڕابردوو دوای شه‌ش مانگ له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، زه‌یدی سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی كه حكوومه‌ته‌كه‌ی به نیوه‌یی له په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنێت، ئه‌و نۆ وه‌زاره‌ته‌ی ماوه كه پۆسته‌كانیان پڕ بكرێته‌وه، بووه‌ته ئالنگارییه‌كی گه‌وره له به‌رده‌م زه‌یدی، چونكه ناچاره پشكی باڵی سیاسی میلیشیاكان له حكوومه‌ت بدات، ئه‌مه‌ریكایش سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ گرووپێكی میلیشیایی له حكوومه‌ت بوونیان نه‌بێت.
جیا له‌وه زه‌یدی ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه كه هه‌ڕه‌شه له سه‌ر ڕێی سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌ته‌كه‌ی دروست ده‌كات و به چاره‌سه‌ركردنی ئارامی سیاسی و ئاسایشی عێراقی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌ویش پرۆسه‌ی داماڵینی چه‌كه له ده‌ستی میلیشیاكان، له‌و دۆسیه‌یه زه‌یدی و حكوومه‌ته‌كه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكا و ئێران و سه‌رانی میلیشیاكان و لایه‌نه‌كانی سیاسی عێراق. بۆیه ئه‌مه دۆسیه‌یه‌كی سه‌ره‌كی حكوومه‌تی نوێیه، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێ ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه.
له دوای ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، عه‌لی زه‌یدی كه سه‌رمایه‌دارێكی دیار و ئه‌زموونێكی زۆر كه‌می له سیاسه‌ت هه‌یه، ڕووبه‌ڕووی ئالنگاری و به‌ربه‌ستی گه‌وره بووه‌وه، یه‌كه‌مینیان تێپه‌راندنی مه‌رجی ئه‌مه‌ریكا بوو، به پێكهێنانی حكوومه‌تێكی دوور له میلیشیاكان و دوور له ئێران، به بڕوای زۆرێك ئه‌مه ئه‌سته‌م بوو بۆ زه‌یدی، به‌ڵام توانی به‌ربه‌سته‌كه به نیوه‌یی تێپه‌ڕێنێت، دوای ئه‌وه‌ی كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی به 14 وه‌زیر له كۆی 23 وه‌زیر خسته به‌رده‌می په‌رله‌مانه‌وه و متمانه‌ی پێ درا.
به‌مشیوه‌یه زه‌یدی هه‌نگاوێك هاته پێشه‌وه و كێشه ڕاسته‌قینه‌كه‌یشی كه بوونی میلیشیاكانه له نێو حكوومه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دواخست، گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق كه یه‌كێكه له میلیشیا سه‌ره‌كییه‌كان و پێگه‌یه‌كی دیاری له چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی هه‌یه و بڕیاری داوه چه‌ك له ده‌ستی میلیشیاكانی دابماڵێت، به شیاو و مافی خۆی ده‌زانێت، كه پۆستی وه‌زاری له حكوومه‌ت هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی تریش به هه‌مانشێوه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته سوورن، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ پێكهێنانی حكوومه‌ت ته‌واو نه‌كرێ، تا دۆسیه‌ی میلیشیاكان به ته‌واوی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
دۆناڵد تره‌مپ و حكوومه‌ته‌كه‌ی سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ك له میلیشیاكان دابماڵن و هه‌ڵیانبوه‌شێننه‌وه و به ته‌واوی لاوازیان بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق، به‌رپرسن له ئه‌نجامدانی سه‌دان هێرش بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له عێراق.
له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا ئێران هیوای ئه‌وه ده‌خوازێت كه مۆركێكی فه‌رمی و دامه‌زراوه‌یی به‌و گرووپه میلیشیایانه بدات و دووباره به شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌ش بخرێنه‌وه سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر له ژێر فه‌رمانی تاران بمێننه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشتریش له 2025 میلیشیاكان و لایه‌نه‌كانی سیاسی زۆر هه‌وڵیان دا پرۆژه‌ی تایبه‌ت به دامه‌زراوه‌ییكردنی حه‌شد و گرووپه چه‌كداره‌كان له په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنن، بودجه‌ی تایبه‌تیان بۆ دیاریی بكرێت، به‌ڵام ئه‌مانه به جۆرێك له جۆره‌كان شكستی هێنا، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه شكستیان هێنا و ئێسته‌یش ده‌رگه به ڕووی گۆڕانكاری له ڕیزی ئه‌و میلیشیایانه كراوه‌یه بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق كه حكوومه‌تێكی چاكسازیخوازی پێكهێناوه و ده‌توانێ بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان هه‌نگاو به‌و ئاراسته‌یه بهاوێژێت.
هه‌رچه‌نده به گوێره‌ی یاسا و ڕێكاره‌كان هێزه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له ڕووی فه‌رماندارییه‌وه به فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق كه هاوكات ده‌كاته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له واقیعدا بوونی نییه، پێشتر ئه‌كره‌م كه‌عبی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به ئێران دووپاتی كرده‌وه، كه ڕێبه‌ری باڵای ئێران فه‌رمانده و فه‌رمانڕه‌وای ئه‌وانه و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كوده‌تا دروست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاینی شیعه بیانه‌وێ گۆڕانكاری له سیسته‌می حوكم له عێراق دروست بكه‌ن.
پێشتر عه‌لی زه‌یدی لێژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی به سه‌رۆكایه‌تی خۆی و به ئه‌ندامیه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو و هادی عامری سه‌رۆكی میلیشیاكانی ڕێكخراوی به‌در پێكهێنا، تا ئێسته ورده‌كاری كاری ئه‌و لیژنه‌یه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه، به‌ڵام زانیارییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌و به‌رپرسانه‌ی شیعه نایانه‌وێ حه‌شد هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی جێگیر ده‌كه‌ن، جیا له جوانكردنی واقیع و حه‌شاردانیان هیچ هه‌نگاوێكی واقیعی بۆ گۆڕینی ڕیشه‌یی ناهاوێژن و ناشیانه‌وێ هه‌رگیز ئه‌و گرووپه میلیشیایانه پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران بپچڕێنن.
ئه‌ركی قورس و ڕاسته‌قینه‌ی زه‌یدی ئێسته ئه‌وه‌یه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران و به‌رپرسانی به‌غدا و تاران و واشنتن له‌و هاوكێشه‌یه كۆ بكاته‌وه، كه له ژێر ناوی چه‌كداماڵینی میلیشیاكان ده‌ستی پێ كردووه و سه‌رجه‌میان ڕازی بكات. له ڕووی پره‌نسیپه‌وه سه‌رجه‌میان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته چه‌ك ته‌نیا له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بێت، به‌ڵام كۆده‌نگی له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه له واقیع بوونی نییه.
به داخه‌وه زه‌یدی كاتێكی زۆری له‌به‌رده‌ست نییه بۆ وه‌ستانه‌وه به ڕووی ئه‌و كێشه‌یه و له كاتێكدا واشنتنیش متمانه‌ی خۆی پێداوه و به كه‌سێكی شیاو بۆ شوێنی شیاو ناوی ده‌بات، به‌ڵام كه‌مئه‌زموونی له سیاسه‌ت بووه‌ته جێی گومان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری توانا و چالاكی و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه هه‌ستیار و پڕ له ئاڵۆزییه‌دا، ئه‌و پێشتر سه‌رۆكایه‌تی بانكی باشووری ئیسلامی بۆ وه‌به‌رهێنان و پاره‌داركردن كردووه، كه له 2024 له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه به‌هۆی مامه‌ڵه‌كردن به دۆلار سزا دراوه، به‌ڵام زه‌یدی له هیچ پرۆژه‌یه‌كی پاره‌داركردنی نایاسایی تێوه‌نه‌گلاوه.
زه‌یدی وه‌ك كاندیدێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، دوای پێنج مانگ له مشتومڕی لایه‌نه‌كانی سیاسی عێراق ده‌ركه‌وت، چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی به‌رگری له یه‌كگرتووی شیعه‌كان كرد، سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه ناوخۆییه‌كان و گوشاره زۆره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته.
به‌هۆی كه‌مئه‌زموونی سیاسه‌ت و نه‌بوونی پشتیوانی جه‌ماوه‌ری، ده‌بێته سه‌رۆك حكوومه‌تێكی نه‌رم و كار بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و دروستكردنی بڕیار و به‌كارهێنانی پۆسته‌كه‌ی وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوون له گوشاره‌كان، له‌وانه‌یشه باكگراوه‌كانی بازرگانی و سه‌رمایه‌داری زه‌یدی سه‌رنجی دۆناڵد تره‌مپی ڕ‌اكێشا بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش یه‌كه‌مجاره كه‌سێك ببێته سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به میلیشیاكان و ئێران نییه، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێی سیسته‌می حووكمه له عێراق.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش له دوای گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن زه‌یدییه‌وه، به‌هۆی داخرانی گه‌رووی هورمز و نه‌ڕۆیشتنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی خام بۆ ده‌ره‌وه، به‌غدا ڕووبه‌ڕووی گرفتێكی گه‌وره‌ی ده‌سكه‌وتنی سیوله بووه‌ته‌وه، چونكه ئێسته 90%ی داهاتی وڵات به‌هۆی ره‌وانه‌نه‌كردنی نه‌وت له ده‌ستچووه.
به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌رك و كاره‌كانی زه‌یدی زۆر قورس و زۆر ئه‌سته‌مه بگوترێ كه ده‌توانرێ له سه‌رجه‌م ئه‌و دۆسیانه بێ پشتیوانی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتوو بێت، له هه‌مان كاتیش دا ئه‌مه په‌یامێكه بۆ چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی، كه چیتر هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی عێراق كه دژی ئه‌مه‌ریكا و سیاسه‌ته‌كانی بێ له عێراق ناتوانێ پۆست و پله و پایه وه‌ربگرێت.
نه‌توانینی دۆزینه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌لایه‌ن زه‌یدییه‌وه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه وا ده‌كات خۆی و حكوومه‌ته‌كه‌ی پشتیوانی سیاسی له ده‌ست بده‌ن، له كاتێكدا حكوومه‌تی تره‌مپیش زۆرترین ئاماده‌یی هه‌یه كه شێوازی ترساندن له‌بری پێشوازیكردن له‌و بڕیارانه بدات و به پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وه‌ستابنه‌وه. هه‌نگاوی زیاتریش بهاوێژی و سزای قورس به‌سه‌ر عێراق بسه‌پێنێت.
بریجت تۆمی توێژه‌ر له په‌یمانگه‌ی به‌رگریكردن له دیموكراتییه‌كان و شاره‌زا له كاروباری گرووپه‌كانی ئێران له عێراق و یه‌مه‌ن و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له ئاسایش و دیپلۆماسیه‌ت له زانكۆی ته‌لئه‌بیب و به‌ده‌ستهێنانی به‌كالۆریس له زانستی سیاسی و تایبه‌تمه‌ندی لاوه‌كی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانكۆی هارڤارد له پێگه‌ی
ناشناڵ ئنتێرست نووسیویه‌تی.