ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ڕاپۆرتێكی لەبارەی گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتیش لە نێوان ئەمەریكا و وڵاتێكی عەرەبی بچووك بڵاو كردووەتەوە. ئەم هەڕەشانەی ترەمپ دواجار لە بەرژەوەندیی بەریتانیا شكاوەتەوە و بێ مەبەست ترەمپ ئەو سوودەی بە لەندەن گەیاندووە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، سوڵتاننشینی عومان بە تەواوی ترەمپی تووڕە كردووە و هەڵوێستی بەریتانیایش بەهێزتر، هەرچەندە ترەمپ نەیدەویست خزمەتێكی گەورە بە بەریتانیا بكات، بەڵام هەڕەشە توندەكانی ئەمدواییەی لە سوڵتاننشینی عومان دەرئەنجامی بە سوودی بەریتانیا كەوتەوە.
لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا ترەمپ هەڕەشەی هێرشی سەربازیی فراوانی لە سوڵتاننشینی عومان كرد، لە پەراوێزی ئەوەی كە سوڵتاننشینی عومان یارمەتی و هاوكاری ئێران دەبێت، تا رسوومات لەو كەشتییانە وەربگرن بە گەرووی هورمز هاتوچۆ دەكەن و داهاتەكەیشی لە نێوان تاران و مەسقەت دابەش بكرێت. لەوكاتە ترەمپ پەیامێكی بۆ ناردوون و بە زمانی هەڕەشەوە پێی گوتوون، سوڵتاننشینی عومان یان وەك وڵاتانی تر مامەڵە دەكات، یان دەیتەقێنینەوە، ئەو قسانەی ترەمپ نیگەرانیی لای چاودێران و دیپلۆماتكاران دروست كرد، لەوەی كە ئەو قسانەی سەرۆك مەبەستی ئێران و بە هەڵە گوتوویەتی، یان بە مەبەستە و دەیەوێ گوشار لەسەر سویسرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكات.
سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، پێوەندییەكانی واشنتن و مەسقەت بە تەواوی تووشی گرژی و ئاڵۆزی بووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە سوڵتاننشینی عومان دەیان ساڵ ڕۆڵێكی میحوەری و ناوەندگیرێكی بێلایەن و جێی متمانەی نێوان ئەمەریكا و ئێران بوو، بەڵام ئەو بێلایەنییەی ئێستە بەها و نرخی جارانی نەماوە و لاسەنگ بووە.
واشنتن سوڵتاننشینی عومان بەوە تۆمەتبار دەكات كە زۆر نزیكە لە ڕژێمی ئایەتوڵاكانی ئێران، لە كاتێكدا سوڵتاننشینی عومان لە هەوڵەكانی سەرەتای ناوەندگیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە كۆتایی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو بەشدار بوو، بەڵام ئەو تۆمەتەی واشنتن و تووڕەیی گەیشتە لووتكە، لە دوای گەیشتنی ئەو زانیارییانەی كە دووپاتیان لەوە دەكردەوە، سوڵتاننشینی عومان دەیەوێ بچێتە تەك ئێران و بەیەكەوە رسوومات لەسەر ئەو كەشتییانە بسەپێنن كە بە گەرووی هورمز تێپەڕ دەبن، لە كاتێكدا هورمز شادەماری گەیشتنی پێنجیەكی نەوتی دنیایە بە بازاڕەكانی وزە.
لە كاتێكدا مەسقەت بە بێدەنگییەوە وەڵامی تەنگژە و گرژییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا دەدایەوە و خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ بە دوور دەگرت، سوودمەندی سەرەكی لەو گرژییە بریتی بوو لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا.
پێشتر حكوومەتی ترەمپ لە كاتی گۆڕینی دەسەڵات لە مەسقەت و مەرگی سوڵتان قابووس و هاتنە سەر حوكمی سوڵتان هەیسەم بن تاریق، دەرفەتی ئەوەی خستە بەردەم سوڵتانی نوێ كە ڕاوێژكارە سەربازییە بەریتانییەكان لە وڵاتەكە دوور بخاتەوە و ئەمەریكا بێ بەرانبەر ڕاوێژكاری سەربازی دەنێرێتە وڵاتەكە، بەڵام مەسقەت ئەمەی بە تەواوی ڕەت كردەوە.
لەبری ئەوە سوڵتان هەیسەم بن تاریق ڕەزامەندی بە فراوانكردنی بنكەی سەربازی دەریایی بەریتانیا لە شاری ئەلدەقم دا، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە ڕووی ئابووری و وەبەرهێنانەوەیش چین سوودمەندی سەرەكییە و دەرفەتەكانی ئەو وڵاتەی قۆستووەتەوە، بەو هۆیەوە بەریتانیا ئەو وڵاتە دەپارێزێت و بنكەی سەربازی ستراتیجی و هەواڵگری لێ جێگیر دەكات، چینیش سوود لە ئابوورییەكەی وەردەگرێ و ئەمەریكایش هیچ دەرفەتێكی لەو وڵاتە دەست ناكەوێت.
سوڵتاننشینی عومان شانازی بە سیاسەتی دۆستی هەمووان و دوژمنی هیچ كەس دەكات، بۆیە لە كاتی هێرشەكانی ئێرانیش بۆ سەر وڵاتانی كەنداو و تەنانەت عومانیش خۆی بەیاننامەی سەركۆنەكردنی دژی تاران بڵاو نەكردەوە، لە كاتێكدا لەلایەن كۆشكی سپییەوەیش لە ژێر گوشارێكی زۆردا بوو.
ئێستەیش ئەو وڵاتانە لە بەردەم ڕەخنە و ناڕەزایی توندی ئەمەریكادایە، بەڵام بەرپرسان و شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن، مەسقەت بەردەوام بێ لە ئارامگرتن و جێگیركردنی ستراتیجیەتی خۆی و بەوپەڕی لەسەرخۆییەوە مامەڵە دەكات، تا ئەو گەردەلوولەی ترەمپ دەیەوێ هەڵیبكات، ئەو وڵاتە نەگرێتەوە.