كورد لە نێوان تۆم باراك و مادلین ئۆلبرایتدا

:: AM:09:28:16/06/2026 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی نێردەی ترەمپ بگاتە هەولێر و خاڵی سەرەكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی و یەكێتی، تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووە سیاسییەی هەرێمی كوردستانە.

پێشتریش لە قۆناغێكی سەختی ململانێی پارتی و یەكێتیدا كە ئەوكات چەك زاڵ بوو، ئەمەریكا دەوری گرنگی بینی لە كۆتاهێنان بەشەڕ و رێككەوتنی ئەو دوو حزبە كوردییە لە باشووری كوردستان.

لە ساڵی 1998 كاتێك سەرۆك بارزانی و مام جەلال  لەلایەن مادلین ئۆلبرایتەوە بانگێشتی ئەمەریكا كران، لەوێ كۆتایی بەكێشەكانی نێوانیان هێنرا و بەهۆی ئەمەریكا ئەو دوو حزبە قۆناغی شەڕیان تێپەڕاند و گفتوگۆ و ئاشتی و پێكهێنانی حكوومەت و پێكەوە كاركردن هاتە ئارا.

 ئەمەریكا بۆی گرنگە هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە و ئابووری و تەناهیی جێگیر بێت و لە بەغداش كاریگەریی هەبێت، بۆیە تۆم باراك  وەك هاوڕێیەكی نزیكی ترەمپ كە هەردووكیان روانگەیان لێكەوە نزیكە و لە روانگەی ئابوورییەوە سەیری دۆخەكە دەكەن، پێی وایە ئەگەر هەرێم بێ كێشە بێت كاریگەریی لەسەر دۆخی عێراقیش دەبێت، عێراقیش بۆ ئەمەریكا گرنگە، چونكە نەوت و غازێكی زۆری هەیە و لەوەش گرنگتر سەقامگیریییەكەی وا دەكات كەمتر سوودی بۆ ئێران هەبێت.

باراك زیاتر گرنگی بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان (نەوت، غاز، وەبەرهێنان) و هاوسەنگی تەناهیی دەدات. لای ئەو گرنگ نییە سیستمی حوكمرانی چەند دیموكراتییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە سەقامگیر بێت و كێشە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دروست نەكات.

دۆخی ئێستەی پارتی و یەكێتی بەتەواوی تێكچووە و هەرچی هەوڵ هەیە لە ناوخۆ بۆ لێكنزیكبوونەوە، ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە و ئەگەرچی سەرۆك بارزانی چەندان جار هەوڵی داوە ئەو چەقبەستووییە تێپەڕێنێت، بەڵام سەركردایەتیی یەكێتی دەوری خراپ دەبینن و كێشەكانیان گەیاندووەتە بنبەست.

تۆم باراك ئەوە دەزانێت كە یەكێتی نزیكە لە ئێرانەوە، رەنگە دەوری ئێران لەم چەقیبەستووە سیاسییەی هەرێمیش هەبێت، بۆیە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی كۆتایی بەو پرسە دێنێت و چاودێران پێیان وایە كۆتا مۆڵەتیان پێ دەدات، بۆیە هاتنەكەی وا چاوەڕوان دەكرێت دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بەتەواوی بگۆڕێت.

تۆم باراك لە بەغدا

دوای ڕێككەوتنی واشنتن و تاران، تۆم باراك بە چەند دۆسیەیەكی هەستیارەوە گەیشتە عێراق.

تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە بەغدا  لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەنجام دا. باراك لەم دیدارەدا ستایشی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی كرد و بەئاشكرا دیارە دۆستی زێدانە.

یەكێك لە دۆسیە هەرە لە پێشینەكانی نێردەكەی ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، پرسی چەكدانانی گرووپەكانی حەشدی شەعبییە. ئەم دۆسیەیە لای ئیدارەی نوێی ئەمەریكا گرنگییەكی تایبەتی هەیە و باراك دەیەوێت لەم سەردانەدا هەنگاوی كردەیی بۆ تاوتوێ بكات. 

هاوكات ئەمەریكا دووپات لە سەربەخۆیی بڕیاری تەناهیی عێراق دەكاتەوە و دەیەوێت بڕیارە سەربازی و تەناهییەكان دوور بن لە هەژموونی ئێران.








وشە - سۆران عەزیز