ئەوان بە نیازی چیترن؟

:: PM:08:45:16/06/2026 ‌

بە درێژایی رووداوە گەرمەكانی سێ ساڵی رابردووی ناوچەكە و بەر لەوەش، هاوئاهەنگییەكی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەبوو، كارەكانیان تەواوكەری یەكتر و بە ئاگەداری یەكتر بووە، لە 14ی ئەم مانگە دووەم گەڕی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران بە راگەیاندنی واژووكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتنی تاران و واشنتن كۆتایی هات، ئەگەرچی شارەزایان پێیان وایە زەحمەتە لە دانوستانی 60 رۆژی داهاتوو ئەوان بە رێككەوتنی كۆتایی بگەن، بەڵام ترەمپ و نەتنیاهۆ بە نیازی چیترن؟

شارەزایان ئامژە دەكەن كە ئەو یاداشتەی بڕیارە هەینی داهاتوو لە جنێڤ واژوو بكرێت، تەنیا رێككەوتنێكە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز بە گوشاری وڵاتانی كەنداو، هاوكات بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل وەك حەسانەوەی شەڕوان و خۆسازدان بۆ گەڕێكی تر و كۆكردنەوەی زانیاری و ئامادەكردنی بانكێكی تری زانیاری و خۆتەرخانكردن بۆ چەند كێشەیەكی تر كە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە نەدەتوانرا سەرنجیان بخرێتە سەر، وەك شەڕی ئۆكراینا و دۆخی عێراق و لبنان و كوبا و كۆڵۆمبیا، ئەگینا ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئێران دەكرێت تا ئێستە بابەتە سەرەكییەكانی وەك یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی تیادا باس نەكراوە.

ئەوەی كرا كوژاندنەوەی ئاگری فتیلی بۆمبەكە بوو لە لایەن قەتەر و ئیمارات و سعوودیەش لە رێگەی پاكستانەوە، چونكە بارگرانیی ئابووری و دارایی شەڕەكە و لێكەوت و كاریگەرییەكانی لە هەڵكشان بوون، بەتایبەتی كە ئێران لەگەڵ هەر كردنەئامانجێكی دامەزراوە نەوتی و ئابووری و گرنگەكانی، بە هاوشێوە وڵاتانی كەنداوی دەكردە ئامانج و بزاوی ژیان و ئابووری و بازرگانی و فرۆشتنی نەوت و غازی لەو وڵاتانە بە تەواوەتی پەك خستبوو، ئەوانە جیا لەوەی ئەمەریكا زۆری بۆ ئەوان پێ نەبوو بۆ پاراستنیان یان رووخاندنی رژێمی ئێران، بۆیە لە بری رووخانی رژێمی تاران، گوشاریان لە ئەمەریكا كرد بۆ رێككەوتن لەگەڵی و گەڕاندنەوەی دۆخی ناوچەكە بۆ پێش 28ی شوباتی رابردوو.

دوای سەرقاڵكردنی ئێران و كۆتكردنی بە پابەندییەكانی لە یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراودایە، نەخشە و پلانەكانی ترەمپ و نەتنیاهۆ تەواو نابێت، بەتایبەتی كە ئەمەریكا لە ناوچەكە چاوی خستووەتە سەر عێراق و ئیسرائیلیش لبنان، ئێستە ترەمپ باسی رۆڵی سووریا لە دۆسیەی حزبوڵا لە لبنان دەكات، ئەوەش بۆ دورخستنەوەی شێوەیی و كاتیی ئیسرائیل بە مەبەستی سەرخستنی رێككەوتن و دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لە لایەك و كۆتكردنی حزبوڵا و لاوازكردنی و داماڵینی چەكی و دوورخستنەوەی لە هەڕەشەكردن لە ئاسایشی ئیسرائیل، لەوكاتەی حكوومەتی لبنان و تەلئەبیب ئەوە رەت دەكەنەوە، چونكە دەبێتە شەڕ و ململانێی توركیا و ئیسرائیل لە لبنان و ئەگەری هەیە ئیسرائیل لەشكركێشی بۆ ناو خاكی سووریا بكات. 

دۆسییەكی تر كە بۆ ترەمپ زۆر گرنگە و پێویستی پێیەتی وەك دەستكەوت لە هەڵبژاردنەكان خوێندنەوەی بۆ بكرێت، دوای ئەوەی نەیتوانی لە شەڕی ئێران دەستەبەری بكات، بابەتی ملكەچكردنی كوبایە بە هاوشێوەی ڤەنزوێلا، كاتێك تا دێت پێوەندییەكانی واشنتن و هاڤانا روو لە خراپییە، زانیارییە هەواڵگرییە نهێنییەكان ئاشكرایان كرد كە كوبا زیاتر لە 300 درۆنی كڕیوە، و تاوتوێی پلانی هێرشكردنە سەر بنكەی سەربازیی ئەمەریكی لە كەنداوی گوانتانامۆ و كەشتییە سەربازییە ئەمەریكییەكان دەكات، ئەگەر هەیە هێرشەكانی ناوچەی كەی ویست لە فلۆریدا بكەنە ئامانج كە تەنیا 90 میل لە باكوری هاڤاناوە دوورە.

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی بە ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی راگەیاند، ئەو زانیارییانە كە رەنگە وەك پاساوێك بۆ هەڵمەتێكی سەربازیی ئەمەریكی بۆ سەر ئەو وڵاتە بەكار بێت، دەری دەخات بۆچی ترەمپ كوبا بە هەڕەشە دادەنێت، بەهۆی پەرەسەندنی درۆنەكان، جیا لە بوونی راوێژكاری سەربازیی ئێرانی لە هاڤانا، كاتێك بیر لە بوونی ئەو جۆرە تەكنیكانە لە نزیك ئەمەریكا دەكەیەنەوە، جیا لە ئەندامی لایەنی مەترسیدار و تیرۆریست و گرووپەكانی مادەی هۆشبەر و ئێرانی و رووسییەكان، ئەوە مایەی نیگەرانییە و هەڕەشەیەكی پەرەسەندووە.

لای خۆیەوە بەرپرسێكی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریكا بە ماڵپەڕەكەی راگەیاند، كە جۆن راتكلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی پێنجشەمی رابردوو سەردانی كوبای كردووە و راستەوخۆ بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لە هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی وریا كردووەتەوە، دووپاتی كردووەتەوە كە نابێت نیوە گۆی رۆژئاوای ئەمەریكا ببێتە گۆڕەپانێك بۆ تەراتێنی نەیارانی ئەمەریكا.



بۆیە ئەگەری هەیە لە دوای وەستانی شەڕی ئێران و كۆتكردنی بە پابەندییەكانی لە چوارچێوەی ئەو پاداشتەی هەینی داهاتوو بە فەرمی لە جنێڤ واژوو دەكرێت، ئەمەریكا بۆ چەند دۆسییەكی تر دەستكراوە بێت، جیا لە ئۆكراینا، دۆسیەی كوبا، لە ئاماژەیەكی نوێدا لەسەر ئەگەری پەرەسەندنی سەربازیی ئەمەریكی لە دژی ئەو وڵاتە، لە وێنەیەك كە فەرماندەیی باشووری ئەمەریكا "ساوسكۆم"، بڵاوی كردووەتەوە، هێزەكانی مارێنزی ئەمەریكا كە لە دەریای كاریبی جێگر كراون، سەرقاڵی مانۆرێكی چڕی شەوانەن لە دەریاكە و لە نزیك كەناراوەكانی كوبا، كە پرۆسەی چاودێری و نیشتن و هەڵفڕینی فڕۆكەكان و وەرگرتنی بەنزین لە ئاسمانەوە بە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانی لەخۆ گرت.

ئەو مانۆرە شەوانەییەی هێزەكانی مارێنزی ئەمەریكی پرۆسەی رفاندنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا دێننەوە یاد، كە بەر لە چەند مانگێك لە لایەن هێزێكی تایبەتی ئەمەریكی لە كۆمەڵگەی سەرۆكایەتیی لە كاراكاس هاتە رفاندن و ئێستە لە ئەمەریكا دادگایی دەكرێت، بۆیە ئێستە ئەمەریكا تاوتوێی پرۆسەیەكی هاوشێوەی ڤەنزوێلا لە كوبا دەكات، رۆژنامەكانی كوبا وێنەی مانۆرەكەیان بڵاو كردەوە و پێشبینیان كرد كوبا لەناو نەخشەی سەربازیی ئەمەریكا بێت لە دەریای كاریبی و چەند ئاماژەیەكیش بۆ هاریكاریی سەربازی لەناو كوبا بۆ پرۆسەكە هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل