حكوومەتی ئەمەریكا داوای پێدانی وادەیەكی دیاریكراوی لە بەغدا كردووە، بۆ ئەوەی تا ئەو كاتە حكوومەتی عێراق چەك لە دەستی میلیشیاكان دەربهێنێت و لە دەستی دەوڵەت كۆی بكاتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە میلیشیاكان خەریكی پێداچوونەوە و چاوەڕوانی هاوكێشەكەن لە پەراوێزی گەیشتنە ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران.
سەرچاوەیەكی حكوومی بۆ كەناڵی "
ئەلحوڕە" گوتی، واشنتن داوای لە بەغدا كردووە كە خشتەیەكی كاتی دیاریكراو و ڕوون بۆ داماڵینی چەك لە دەستی میلیشیاكان دابنێت و سەرجەم ئەو گرووپە میلیشیایانەی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتیش هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو هەنگاوەیش هاوكاتە لەگەڵ ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران كە بەشێك لە چاودێران وای دەبینن، ئەمە دووبارە كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی میلیشیاكان دادەنێت.
تۆم باراك نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق و سووریا لە میانەی دیداری لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، ئەو داوایەی لە زەیدی كردووە، سەرچاوەكانی عێراقیش دەڵێن، بازنەی ئەو گرووپە میلیشیایانەی كە ڕەتی دەكەنەوە چەك دابنێن فراوان بووە و ئێستە جیا لە نوجەبا و حزبوڵا، بزووتنەوەی ئەوفیا و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدایش بەهەمانشێوە ئامادە نین كە دەست لە چەكەكانیان هەڵبگرن.
سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق و نزیك لە تیمی ڕاسپێردراو بۆ چەكداماڵینی میلیشیاكان گوتی، ئەو پەیامەی تۆم باراك بۆ عێراقی هێنا ئەوەیە، بەڵێنەكان لە ئاستی گفتوگۆی سیاسی ببەنە دەرەوە و دەست بە رێوشوێنی كردارەكی و ڕاستەوخۆ بكەن.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكات ئەوەیشی گوتووە، سەرادنەكەی باراك دووپاتی لە خاڵێكی سەرەكی دەكردەوە كە ئەویش دانانی خشتەیەكی كاتی و وادەیەكی دیاریكراو بوو بۆ كۆتاهێنان بە دۆسیەی چەكداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، نەك تەنیا گفتوگۆ و قسەكردن، بێ ئەوەی كاتێكی دیاریكراو هەبێت ئەو دۆسیەیە كاری لەسەر بكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی ئەو زانیارییانەوە، لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە كەناڵی "ئەلحوڕە" پێوەندی پێوە كردوون، بەڵام هیچ وەڵامێك و لێدوانێكیان لەسەر ئەو دۆسیەیە نەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی، لە دیداری زەیدی و باراك، هەردوولا دووپاتیان لە جێبەجێكردنی پلانی عێراق بۆ گەرەنتی چەكداماڵینی تەواوەتی و هەڵوەشانەوەی سەرجەم گرووپ و پێكهاتە چەكدارەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەرەنتی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت كراوە.
گوشارەكانی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كە بەغدا چاوەڕوانی دەرئەنجامی گفتوگۆكان و دانوستانی گەیشتنە ڕێككەوتن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات، سەرچاوەكانی عێراق نایشارنەوە كە هەر لێكگەیشتنێك لە نێوان هەردوولا، كاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆسیەی میلیشیاكان دەبێت كە ماوەی چەندان ساڵە دیارترین مانشێتی ململانێكانی ئەمەریكا و ئێرانن لە ناوخۆی عێراق.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی گوتی، ئەو گرووپانەی كە ڕەتی دەكەنەوە چەك ڕادەست بكەن، ناكرێ تەنیا كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا هەژمار بكرێن، بگرە جیا لەوان گرووپی تریش هەن كە ڕەتی دەكەنەوە چەكەكانیان ڕادەستی دەوڵەت بكەن، ئەوانیش بریتین لە گرووپەكانی "بزووتنەوەی ئەوفیا و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا".
بەگوێرەی سەرچاوەكان، لە ڕۆژانی داهاتوودا كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق نامەیەكیان ئاراستەی حكوومەت كردووە و تێیدا دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ئەوان دژی دانانی چەك نین لە داهاتوو، بەو مەرجەی سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەوانەیشی لە هەرێمی كوردستانەوە هەن بچنە دەرەوەی وڵات.
هەفتەی ڕابردوو حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد،ی ئەركی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا، لە كۆتایی مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبەری داهاتوو تەواو دەبێت. بەمشێوەیەیش ئەو قۆناغە كە 11 ساڵی خایاند كۆتایی دێت.
هاتنە ریزی بزووتنەوەی ئەوفیا و كەتیبەكانی سەیدولوشوهەدا لە كاتێكدایە، هەردووكیان ناویان لە لیستی تیرۆری ئەمەریكایە و بزووتنەوەی ئەوفیا بە سەرۆكایەتیی حەیدەر غەراوی، بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە ڕفێنەری چیلی كیتلسۆنی ڕۆژنامەوانە ئەمەریكییەكە بووە لە بەغدا كە لە مانگی نیسان/ئەپریلی ڕابردوو لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕفێنرا، هاوكات كەتیبەكانی سەیدولوشهەدایش بە سەرۆكایەتیی ئەبو ئالا وەلائی، بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵگریی عێراق، تۆمەتبارە بە هەڵدانی مووشەك بە ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو كە هەندێكیان لە خاكی ئوردن كەوتوونەتە خوارەوە.
فازڵ ئەبو رەغیف پسپۆری تەناهی لەوبارەیەوە گوتی، ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران بۆ عێراق هەواڵێكی دڵخۆشكەرە، چونكە واشنتن لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ هەنگاوەكانی خێراتر و چڕتر بكاتەوە و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەو پرۆسەیە دروست بكات.