پسپۆر و ئەكادیمستێكی ئەمەریكی لە وتارێكدا لە گۆڤاری "
فۆرێن پۆلسی" ئاماژەی داوە، ئەو جەنگەی ئەمەریكا دژی ئێران بەرپای كرد و دواتریش دەیەوێ بەمجۆرەی ئێستە لێی بێتە دەرەوە، شكستێكی ستراتیجی گەورە و بەهێزترە لەوەی ئەمەریكا لە جەنگی ڤێتنام تووشی هات، چونكە زیانی گەورە و ڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا گەیاندووە و پێگەی واشنتنیشی لە دنیا لاواز كرد، لە كاتێكدا شكستی ئەمەریكا لە ڤێتنام نەبووە هۆی ڕێگرتن لە سەركەوتنی ئەمەریكا لە جەنگی سارد.
پاوڵ مۆسگرەیڤ پسپۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی جۆرجتاون لە قەتەر لە وتارەكە نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا خۆی بڕیاری جەنگی دا و ئێستە بە كارەساتێكی سیاسی و سەربازی جەنگ كۆتایی پێ دەهێنێت، ئەمە كاریگەری و شوێنەواری درێژمەودا لە ناوخۆی ئەمەریكا و دەرەوەی دروست دەكات، جەنگ دژی ئێران لە ڕووكەشدا جیاوازە لە شكستە سەربازییەكانی پێشووی ئەمەریكا، چونكە ئەمەریكا هێندە سەربازی زۆری لە ناوچەكە بڵاوە پێ نەكرد و خۆپێشاندان و ناڕەزایی جەماوەریش لە ناوخۆی ئەمەریكا هاوشێوەی كاتی جەنگ دژی ڤێتنام دروست نەبوون، هاوكات ژمارەی كوژراوانی ئەمەریكا زۆر سنووردارە بە بەراورد لە كوژراونی ئەمەریكا لە جەنگی ڤێتنام.
نووسەر دەڵێ، كەمیی قوربانی مرۆیی لە ڕیزی هێزەكانی ئەمەریكا قەبارەی شكستی ڕاستەقینەی ئەمەریكا دەشارێتەوە، بەڵام پێوەری هەڵسەنگاندن تەنیا پێوەست نییە بە ژمارەی قوربانیانەوە، بەڵكو قەبارەی زیانەكان كە بەر ئامانجە ستراتیجییەكانی كەوتوون، پێوەرێكی گرنگ و سەرەكین، جەنگی ڤێتنام سەرەڕای تێچووی زۆری مرۆیی و مادی و سیاسی، بەڵام ڕێڕەوی باڵادەستی و هێزی ئەمەریكای لە دنیا نەگۆڕی، چونكە دواجار ئەمەریكا بە سەركەوتوویی لە جەنگی سارد هاتە دەرەوە، هاوكات ڤێتنام دواجار خۆی بۆ هاوبەشێكی تا ئاستێك نزیك لە واشنتن گۆڕی.
بەڵام لە حاڵەتی جەنگی ئێران، دەرئەنجامەكان بە تەواوی پێچەوانەن، چونكە جەنگی دژی بە ئێران ئەمەریكایەكی لاوازی پێشانی دنیا دا، بە بەراورد بە پێش كاتی هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران، ئەدای سەربازی ئەمەریكا سەرەڕای پێشەنگی لە تەكنەلۆجیا و سنوورداری لە جبەخانەی قورس و نائامادەیی بۆ چوونە ناو ململانێی درێژمەودا لەگەڵ دوژمنێكی بەهێز، وێنەی وێرانبوون و كوشتنی خەڵكی سڤیلی ئێران لە ناویاندا قوتابیان، بەهۆی هەڵەیەك لە داتابانكی سەربازی ئەمەریكا، بووە بە سیمبولی جەنگ دژی ئێران.
سەركەوتنی ئێران لە بڕینی بەشێك لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەمەریكا جێگی پرسیارە و مەترسیدارە و توانای ئەو سیستمە بەرگریانەیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنێكی ڕێكخراو و ئامادە بۆ جەنگی درێژخایەن خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
یەكێكی تر لە دیارترین هەڵسەنگاندنی جەنگ بەدەستهێنانی ئامانج و خواستەكانی واشنتنە لەو جەنگە، واشنتن نەیتوانی سیستمێكی دەسەڵاتی سەربە ئەمەریكا لە تاران بێنێتە سەر دەسەڵات، بە پێچەوانەوە پێگەی ڕەوتی توندڕۆكان و سوپای پاسدارانی لە ناوخۆی ئێران زۆر بەهێزتر كرد و كردنی بە یاریكەر و بڕیاردەری سەرەكی لە ئێران.
مۆسگرەیڤ دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە، بۆردمانە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە تەواوی سنوورداری و بێهێزی هێزی كلاسیكی سەربازی خستەڕوو، بەرنامەی ناوكی ئێران خۆڕاگرانە بەرانبەر بە دوو گەڕی بۆردمانی چڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل مایەوە، ئەمەیش وایكرد گەڕی سێیەمی بۆردمانەكان لە سەركەوتنیان نا دڵنیا بن و بە دوور بزانرێت.
هاوكات لێكەوتەكانی جەنگ سنوورەكانی ئێرانی بڕی و زیانی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی گەیاند، تاران دركی بەوە كرد كە لە رێگەی هەڕەشەكانی بۆ سەر گەرووی هورمز، كارتێكی ئابووری جیهانی كاریگەر و بەهێزی بە دەستەوەیە و بە باشی كارتەكەی بەكار هێنا. ئازادیی كەشتیوانی ئامانجێكی ستراتیجی ئەمەریكا بووە لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو، بەكارهێنانی گەرووی هورمز وەك ئامرازێكی گوشاری جیۆپۆلەتیك زیانی بەردەوام و هەمیشە لەسەر بازرگانی دنیا دروست دەكات.
كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوشێوەی كشانەوە لە ڤێتنام بژارەیەكی قورسە، چونكە ئابووری دنیا ئەمڕۆ بە تەواوی بەیەكەوە بەستراوەتەوە و ناوچەی كەنداو بووەتە پایەیەكی سەرەكی گەیاندنی وزە بۆ دنیا، نەك تەنیا بە نەوت و غازی سروشتی، بەڵكو غازی هیلیۆم و پەینی كیمیایی و ئەلەمنیۆمیش بەشی زۆری لەو ناوچەیەوە ڕەوانەی ناوچە جیاجیاكانی تری دنیا دەكرێت.
بەردەوامیی هاوپەیمانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە تەك پەرەپێدانی بەردەوامی توانا مووشەكییەكانی ئێران و ئەگەری پێشخستنی بەرنامە ناوكییەكەی، گەورەترین مەترسین كە لە دەیەی داهاتوو كاریگەریی لەسەر ئەوروپا و باشووری ئاسیا دادەنێت، ئەمەریكا ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە لە دۆخێكی لاواز لە ناوخۆ و دەرەوە دەبێتەوە. بۆیە متمانەی هاوپەیمانان بە تواناكانی ئەمەریكا پاشەكشە دەكات و ڕای گشتی ئەمەریكایش دووبارە پشتیوانی دەستوەردانی دەرەكی سوپای وڵاتەكەی لە وڵاتانی تری دنیا ناكات، لە بەرانبەردا دوژمنانی ئەمەریكا لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێكان.
مێژوونووسان دوای چەند دەیەیەك پرسیار لەبارەی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە دەكەن، وەك ئەوەی لەبارەی جەنگی ڤێتنام كردیان، بەڵام وەڵامەكان هەر چەند ورد بن، ناتوانن بیانووەكانی جەنگ و یەكێك لە گەورەترین شكستە ستراتیجییەكانی ئەمەریكا لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتە پەردەپۆش بكەن.