ڕەتكردنەوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كە پێشتر بە گوژمەی 764 ملیۆن دۆلار گرێبەستی لەسەر كرابوو، بەهۆی ناڕوونی و بوونی گەندەڵی، دووبارە پرسی وەبەرهێنان لە عێراق دەخاتە بەردەم ئاستەنگی گەورەوە، كە بەوهۆیەوە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە عێراق بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و نەبوونی چاودێری ورد لەناو دەبات.
فارس جواری ڕاوێژكاری فڕۆكەوانی بۆ ڕۆژنامەی "
ئەلعالەم ئەلجەدید" گوتی، وەستاندن و ڕەتكردنەوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەنگاوێكی دروستە، چونكە ئەگەر بە كردەیی پڕۆژەكە ئەنجام بدرایە، ئێستە بەشێك لە كێشەكانی ئێستەی فڕۆكەخانەكە بوونیان نەمابوو.
زیاتر گوتی، فڕۆكەخانەكە ئێستە بەو توانایەی كە هەیەتی كار دەكات، سەرەڕای ئەوەی هۆڵی ژمارە دوو تا ئێستە بە داخراوی ماوەتەوە، لە ئەنجامی ئاگر تێبەربوونی لە ماوەی پێشوودا، ئێستە تەنیا یەك هۆڵ كار دەكات و لە دۆخی ئاسایی ئەمە بەسە، بەڵام لە هاوین كە وەرزی گەشتكردن و هاتنە بۆ عێراق و چوونی عێراقییەكانە بۆ دەرەوە، پێویستی بەوەیە تواناكانی فڕۆكەخانەكە فراوانتر بكرێت.
زیاتر گوتی، ئەو ڕێككەوتنەی بۆ پەرەپێدانی فڕۆكەخانەكە لەگەڵ كۆمپانیایەكی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ دوو كۆمپانیای كۆلۆمبی و ئەرجەنتینی واژوو كرابوو، كۆمپانیای جێبەجێكار هەمان ئەو كۆمپانیایە بوو كە پڕۆژەی دەروازەكانی عێراقی دروست كرد. گوژمەی گرێبەستەكە زۆر بەرز بوو و 764 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بوو، هاوكات مافی وەبەرهێنان و كاركردن بۆ ماوەی 25 ساڵ بەو كۆمپانیایە درابوو، كە بە ڕێژەی 57% داهاتی فڕۆكەخانە بۆ ئەو كۆمپانیایە و 43% بۆ حكوومەتی عێراق بوو.
پڕۆژەكە هیچ دەرئەنجامێكی بەرجەستەكراو و ئەرێنی لێ نەكەوتەوە، بەتایبەت لە نەبوونی شەفافییەت و ناڕوونی و خستنەڕووی وردەكارییەكان بۆ ڕای گشتی و نەبوونی كاتێكی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە قۆناغی یەكەمی لە چوار ساڵ تەواو دەكرا، بەڵام ئەمە تەنیا خەمڵاندنە و ڕاستییەكی لە پشتەوە نییە.
ئەو ڕاوێژكاری بواری فڕۆكەوانی گوتی، پێویستە پشت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆی عێراق بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ببەسترێت، كە لە بنەڕەتدا سێ هۆڵی پێشوازیكردنە لە گەشتیاران، هەریەك لە هۆڵەكان ساڵانە توانای پێشوازیكردنی ملیۆنێك تا ملیۆنێك و 500 هەزار گەشتیاری هەیە، كۆی گشتی ساڵانە دەتوانێ حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لەخۆ بگرێت، جیا لە هۆڵی كەربەلا كە دەتوانێ ساڵانە پێشوازیی لە ملیۆنێك گەشتیار بكات.
دەكرێ بە هەنگاو كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە بكرێ و سەرەتا هۆڵی دووەمی پێشوازیی كاری تێدا بكرێ و دوای تەواوبوونی هۆڵی سێیەم، ئەو پڕۆژەیەیش بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ بدرێت كە دووربن لە تۆمەتی گەندەڵی و كارگێڕی، بەمشێوەیە دەتوانرێ نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی لە ماوەی ساڵ و نیوێك تەواو بكرێت، بێ ئەوەی پێویستی بە كۆمپانیای بیانی هەبێت، بەتایبەت لایەنی زەوینی كە تەنیا پێوەندی بە پێشوازی و هاتن و چوونی گەشتیارانەوە هەیە.
ئەوەی پێوەستە بە لایەنی ئاسمانییەوە، دۆسیەی ڕێڕەو و ئامرازی تایبەت بە فڕۆكە و پردی هەوای دەكرێ كۆمپانیای عێراقی و بیانی بە هاوبەشی و هاریكاری یەكتر ئەنجامی بدەن، ئەزموونی عێراق لە بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان سەركەوتووە، لەوانەیش فڕۆكەخانەی نەجەف، بۆیە دەكرێ بە پشتبەستن بە ئەزموون و شارەزایان لە ناوخۆی عێراق ئەو ئەركە جێبەجێ بكرێت.
جواری گوتی، گرنگە پشت بە شەفافییەت و ڕوونی لە دیاریكردنی كۆمپانیای جێبەجێكار ببەسترێت، سەرەتایش پێویستە پسپۆران فڕۆكەخانەكە ببینن و پلانێكی ستراتیجی كورتمەودا و درێژمەودای بۆ دابڕێژرێت، سەرجەمی پڕۆژەكە دەكرێ لە دوو ساڵ جێبەجێ بكرێت، پەرەپێدانی زیاتر و كردنەوەی هۆڵی نوێ و ئامرازی پێشكەوتوو و سەردەم بۆ ئەوەی توانای پێشوازیكردنی فڕۆكەخانەكە بۆ 10 تا 15 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێكدا بەرز بكاتەوە.
سەركەوتنی هەر پڕۆژەیەك پێویستی بە ئیرادەیەكی ڕاستەقینە و بەڕێوەبردنێكی زیرەكانە و پشتیوانی حكوومەت هەیە تا بەسەر ڕێگەی ڕاست بڕوات، بێ ئەوەی دەستوەردان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە هەبێت، هاوكات پێوەری گرنگی دنیایی هەیە بۆ ئەوەی خاوەنداری و داهاتەكەی بۆ حكوومەت بێت، نەك بە كۆمپانیاكانی بیانی بە ڕێژەی بەرزی داهاتی فڕۆكەخانەكە بدرێت.
عێراق پێویستی بە چارەسەری ئاڵۆز نییە لە دۆسیەی فڕۆكەخانەكان، بگرە ئیرادە و ئیدارەیەكی پسپۆر كە كار لەسەر بنەمایەكی ستراتیجی ڕوونی كورتمەودا و درێژمەودا بكات، دەتوانێ دووبارە توانای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێش بكاتەوە، بە جۆرێك بیگونجێنێت كە لەگەڵ پێویستییەكانی داهاتووی وڵات هاوتەریب گەشە بكات.
پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ڕەتكردنەوەی جێبەجێكردنی لەلایەن عەلی زەیدییەوە دووبارە هەڵدانەوەی دۆسیەی گرێبەست و پڕۆژەی حكوومەتەكانی ڕابردوو هێناوەتە بەرباس، گومانی گەندەڵی گەورە لەو پڕۆژەیە دەكرێت، چونكە نەخراوەتە ناو پرۆسەی تەندەر و گرێبەستی ئاشكراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا عەلی زەیدی وێڕای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هاوكات پڕۆژەی هێڵی شەمەندفەری عێراقیشی هەڵوەشاندەوە، بەهۆی ئەوەی گومانی گەندەڵی گەورە لە جێبەجێكردنی ئەو دوو پڕۆژەیە و بودجەی تەرخانكراو بۆ جێبەجێكردنیان دەكرا.
چەند بەرپرسێك لەوبارەیەوە پێشتر بۆ ڕۆیتەرز دووپاتیان كردەوە، مەترسی هەیە بەرپرسان دەستیان تێكەڵ كردبێ و پێشێلكاری لە پرۆسەی خستنە تەندەر بە ئاشكرا ئەنجام درابێت، ئەمەیش وایكردووە كە حكوومەت دووبارە چاوخشاندنەوە بەو پڕۆژەیە بكات. ئەمەیش لە كاتێكدایە بەگوێرەی گرێبەستەكە كۆمپانیای جێبەجێكار دەبوو فڕۆكەخانەكە نۆژەن بكاتەوە، توانای پێشوازیكردنی بۆ 15 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێك بەرز بكاتەوە و هۆڵێكی پێشوازی گەورە و زەبەلاح بۆ فڕۆكەخانەكە دروست بكات. بەگوێرەی گرێبەستەكەیش دەبوو حكوومەت هیچ پارەیەك بە كۆمپانیاكانی جێبەجێكار نەدات و بگرە لە داهاتی فڕۆكەخانەكە هاوبەشیان بكات، بەڵام ئێستە دەركەوتووە كە 764 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، كۆمپانیاكانیش ڕێژەی 57%ی داهاتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە وەردەگرن.