هەڵۆكانی واشنتن: ڕێككەوتنەكە كارەساتبارە و رادەستبوونی ئەمەریكایە

:: AM:11:48:18/06/2026 ‌
باڵی توندڕۆكان و سەركردە سەربازییەكانی ئەمەریكا كە بە هەڵۆكان ناسراون، بە توندی ڕەخنە لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ ئێران دەگرن و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمە كارەساتە و ڕێككەوتن نییە و خۆڕادەستكردنێكی ڕوونی ئەمەریكایە بە ئێران.

دۆناڵد ترەمپ دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەوڵی هێنانەوەی بیانووی زۆری بۆ ڕازیبوون بە ڕێككەوتنەكە دا و گوتی، دواجار هیچ چارەسەرێكی دەسبەجێ بوونی نەبوو، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە جیا لە ڕێككەوتن، هاوكات لەبارەی مانەوەی مافی پاراستنی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران، ترەمپ خۆی كرد بە گاڵتەجاڕ و گوتی، پێویستە ئەوەیان هەبێت كە ئەوانی تر هەیانە، مەبەست لێی وڵاتانی كەنداو بوو، ئەمەیش لە كاتێكدایە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی شەڕ دژی ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئێران لەناوبردنی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئەو وڵاتە بوو.

زیاتر گوتی، كاتێك ڕاوێژكارەكانم پێیان گوتم بەمشێوەیە بە تەواوی جبەخانەی سەربازی ئێران كۆتایی نایەت، منیش پێم گوتن، باشە چی بكەم؟ ڕێ بە سعوودیە بدەم مووشەكی بالیستیكی هەبێت، بەڵام ڕێ بە ئێران نەدەم هەیبێت؟.

لە بەشێكی تری قسەكانی ترەمپ كردنەوەی گەرووی هورمز بە هۆكارێك بۆ گەشەسەندنی ئەمەریكا ناوبرد و ئاماژەی بە تارمایی كارەساتی ئابووری بەسەر ئەمەریكا و دنیا كرد، ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەین بە ڕێككەوتن و گوتی، نامەوێ دواجار وەك سەرۆكی پێشوو هێربەرت هۆفەر ئابووری ئەمەریكا تووشی پاشەكشەیەكی گەورە بكەم.

لەو كاتەی ترەمپ ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی ساز دەكرد، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا لە ڕێی تەلەفۆنەوە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ساز كرد و تەواوی ناوەڕۆكی یاداشتی لێكگەیشتنی لەگەڵ ئێران خستەڕوو، كە كردنەوەی گەرووی هورمز و ڕێگەدان بە هەناردەكردنی نەوتی ئێران و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێرانی تێدایە، لە بەرانبەردا تاران بەڵێن دەدات كە هەوڵی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوكی نادات. 

بەرپرسەكە گوتی، ئەمە ئەو شتەیە كە ترەمپ بە سەركەوتنی ناو دەبات، بەوەی كە ئێران بەڵێنی داوە نەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، لە كاتێكدا ئەمە لە رێككەوتنی 2015ی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە سەردەمی باراك ئۆباما بوونی هەبوو. لە كاتێكدا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش دەخرێتە گفتوگۆی دانوستانەكانی گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی، ئەمەیش بۆشاییەكی فراوان بۆ مامەڵەكردن و خۆزدینەوە لە گفتوگۆكان بە ئێران دەدات.

یاداشتەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران و بیانووە لاوازەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕازیبوون بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، تووڕەیی زۆری توندڕۆ و ڕاستڕۆكانی ناو ئەمەریكای لێ كەوتووەتەوە و هەمووان لە هۆكاری هەڵگیرسانی جەنگ دەپرسن، لە كاتێكدا چارەسەری كێشەكە هاوشێوەی ئەو چارەسەرە بێت كە لە 2015 ئەنجام درا.

پارێزخوازان و توندڕۆكان و سەركردە سەربازییەكان زۆر بە توندی دژی ڕێككەوتنەكە قسە دەكەن، بێن شابیرۆ یەكێك لە هەڵۆكانی ئەمەریكا و پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیل لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ فۆكس نیوز، ڕێككەوتنەكەی بە كارەسات بۆ ئەمەریكا ناوبرد، هاوكات ئیرێك ئیركسۆن پارێزخوازێكی تری ئەمەریكی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەبارەی ڕێككەوتنەكە نووسیویەتی، ئەوە خۆڕادەستكردنی ئەمەریكایە بە ئێران.

هاوكات سیناتۆر بێك كاسیدی لە پارتی كۆمارییەكان، یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئەمەریكا و ئێرانی بە خراپترین هەڵەی ستراتیجی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە چەند دەیەی ڕابردوو ناوبرد.

لەلایەكی ترەوە نیكی هایلی كە لە ویلایەتی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترەمپ پۆستی باڵوێزی ئەمەریكای لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەبوو، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی نووسیویەتی، ڕژێمی ئێران ئەو پارەیەی بلۆككراوە و دەستی دەكەوێتەوە، لە بەهێزكردنی بەرنامەی ناوكی و بریكارە تیرۆریستەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەكار دەهێنێت،  بۆیە ئەمە هەڵەیەكی ستراتیجییە دووبارە ئەو هەڕەشەیە بنیات بنێینەوە كە تا ئاستێكی باش وێران بووە.

ڕازیبوون بە ڕێككەوتنكە و واژووكردنی بەس نەبوو بۆ تووڕەكردنی هەڵۆكان، بگرە هێرشی ترەمپ بۆ سەر بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە هێرشكردنە سەر لبنان و بۆردمانكردنی بەیرووت، هێندەی تر ڕاستڕۆ و توندڕۆكان و سەربازانی ئەمەریكای تووڕە كرد.

ئەمە ڕەخنەی توندی میدیاكان و بەرپرسانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەمەریكای پشتیوانی ئیسرائیلی بەدوادا هات، ڕۆژنامەی جۆرشەلیم پۆست بابەتێكی بە ناونیشانی "بۆچی ترەمپ پشتیوانی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران دەكات" بڵاو كردووەتەوە، لە لاپەڕەی یەكەمی بە توندی هێرشی كردووەتە سەر ترەمپ، هاوكات دەیڤید هۆرفیتز سەرنووسەری ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل نووسیویەتی، ڕێككەوتنی ترەمپ لەگەڵ ئێران، رادەستبوونێكی كارەساتبارە.

سەرەڕای هێرش و ڕەخنە زۆرەكان لە ناوخۆی ئەمەریكا بۆ سەر ترەمپ، هاوكات بەشێك لە كۆمارییەكانیش هەن پشتیوانی ترەمپ و ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران دەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ماوەیەكی درێژ مشتومڕی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران وەك گەردەلوولێك لە ئەمەریكا بەردەوامی دەبێت و ناشزانرێ كەی سەرۆك و هاوپەیمان و پشتیوانانی دەتوانن گەردەلوولەكە كپ بكەنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د