ڕۆیتەرز: پاسداران براوەی جەنگ و سوودمەندی سەرەكی ڕێككەوتنە

:: AM:10:44:20/06/2026 ‌
خاڵ و بەندەكانی ڕێككەوتنی نێوان واشنتن و تاران بە ئامانجی وەستاندنی جەنگ و گەیشتە  ڕێككەوتنی كۆتایی دەركەوتن، ئەو تایبەتمەندییانەی بۆ ڕازیكردنی ئێران لە یاداشتەكە جێگیر كراوە، هێز و پێگەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە هێزە دەكات، لە كاتێكدا لەلایەن ئەمەریكا و ئەوروپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

ساڵانێكی درێژە سوپای پاسداران سەرەڕای سزا و گەمارۆ قورسەكان لە گەشەكردندایە و ئیمپراتۆریەتێكی بازرگانی لە كەرتی جۆراوجۆر بنیات ناوە، كە كەرتەكانی نەوت و بنیاتنان و گواستنەوە و پێوەندییەكان و بەندەرەكانی لەخۆ گرتووە.

ئێستەیش كە واشنتن و تاران خەریكن دەست بە دانوستانەكان بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی دەكەن، بە گەیشتنە ئەنجامی دانوستانەكانیش، بە ملیاران دۆلار دەگاتەوە ئێران و دووبارە ئابووری ئەو وڵاتە لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە بە بڕی 300 ملیار دۆلار ڕووی تێدەكرێت، ئەو پارە زەبەلاح و وەبەرهێنانە خەیاڵییە، دەبێتە یارمەتیدەر و پشتیوانێكی بەهێزی پاسداران و گەورەترین سوودمەند لە ئێران پاسداران دەبێت.

چوار سەرچاوەی باڵای ئێران كە ناوی خۆیان ئاشكرا نەكردووە بۆ "ڕۆیته‌رز"، چۆنیەتیی سوودبینینی پاسداران لەو دەرفەتە دەخەنە ڕوو و دەڵێن، هەر پارەیەك بگەڕێتەوە بۆ ئێران پشكی شێری بۆ پاسدارانە و هەڵگرتنی سزاكان و دەستكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوت و وەبەرهێنانی بیانیش سەرجەمیان لە سوود و بەرژەوەندیی سوپای پاسداراندان.

لەگەڵ ئەوەی پاسداران زۆر كۆسپی بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن دروست كرد، بەڵام بە ڕێككەوتنیش ئەو سوودمەندی سەرەكییە، چونكە زۆربەی چالاكییە بازرگانییەكانی ئێران لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای ئەوەی وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ماوەیەكی زۆرە لەلایەن ئەمەریكاوە ناوی خراوەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەكانەوە.

سوپای پاسداران لەلایەن رۆحوڵا خومەینی یەكەم ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دامەزرێنرا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ساڵی 1979، هەرچەندە لە كاتی حوكمی خومەینی زۆر گەشە و پێشكەوتنی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵام سەردەمی خامنەیی، ئەو سوپایە بووە خاوەنی هەژموونێكی سیاسی گەورە نەك تەنیا لە ئێران، بگرە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەرهەڵستكارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی بێ سڵكردنەوە لەناو دەبرد.

دوای كوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجامی بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو، پاسداران پێگە و هەژموونی خۆیان لە ناوخۆی ئێران زۆر زیاتر كردووە، دوای ئەوەی یارمەتیی موجتەبای كوڕی خامنەییان دا كە ببێتە جێگرەوەی باوكی، هاوكات پاسداران پشتیوانی موجتەبایی كرد لە ڕازیبوون بە گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا.

سەرچاوەكان دەڵێن، سەركەوتووی ڕاستەقینەی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران تەنیا سوپای پاسدارانە، چونكە ڕژێمی ئیسلامی نەك تەنیا نەڕووخا، بگرە مایەوە و ئێستە لە باشترین ساتی حوكمكردنیدایە، بەهۆی هەڵگرتنی سزا و گەمارۆكانی ئەمەریكا بەسەر ئێرانەوە، هاوكات پاسداران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو پێشێلكاری سەرەكی سزاكانی ئەمەریكا بووە بەسەر ئەو وڵاتە و بەردەوام بە میكانیزم و ڕێگەی نوێ ئێرانی لە شكاندنی كۆتوبەندی سزاكان ڕزگار كردووە.

یاداشتی گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران كە هەفتەی ڕابردوو واژووی لەسەر كرا، ئێران لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت دەبەخشێ و گەمارۆكانی لەسەر هەڵدەگیرێت، ئەگەر دوای 60 ڕۆژ لە دانوستان بە ڕێككەوتنی كۆتاییش بگەن، ئەوا پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد دەكرێن كە بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێن،  هاوكات سندووقێكی وەبەرهێنان بە بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ ئێران تەرخان دەكرێت.

سەرچاوە باڵاكە گوتی، سوپای پاسداران داتا و زانیاری دارایی و ئابووری خۆی بە هیچ شێوەیەك بڵاو ناكاتەوە، بەڵام هەر هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەی ئابووری ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژموونی ئەو سوپایە و سوودمەندبوونی سەرەكی لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و هاتنەوەی پارە بلۆككراوەكان بۆ ئێران.

بەهۆی ئەوەی كۆمپانیای لە زۆربەی بوارەكان هەیە و دەرفەتەكانی وەبەرهێنانیش پشت بە كۆمپانیای ناوخۆیی دەبەسترێت، یان بەگوێرەی یاساكانی ئێران، ئەگەر كۆمپانیای بیانیش بێنە وڵات و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، پێویستە هاوبەشایەتی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ناوخۆی ئێران ئەنجام بدەن، بۆیە ئەو 300 ملیار دۆلارە بە ڕێژەیەكی رەهای دەچێتە گیرفانی سوپای پاسدارانەوە، دوای ئەوەی ئەمەریكا سندووقە وەبەرهێنانەكەی بە بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ ئێران دادەنێت.

باڵی ئەندازە و كارگێڕی سوپای پاسداران كە كۆمپانیای "خاتەمولئەنبیا"یە سەرپەرشتی و خاوەنداری سەتان كۆمپانیای سەربە خۆی دەكات، كە لە پڕۆژەكانی ژێرخان و وزە و پێوەندییەكان و دروستكردنی ئۆتۆمبێل و گەشتیاری و خزمەتگوزاری لۆجستی بەشدارن.

جێریمی بانەر لێكۆڵەری پێشوو لە كاروباری سزاكان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دەڵێ، سوپای پاسداران قەوارەیەكە كە كۆنترۆڵ و سەرپەرشتی سەرجەم وردەكارییەكانی كەرتی وزە دەكات، بۆیە ناكرێ لێكەوتە یاساییەكانی ئازادكردنی هەناردەكردنی نەوتی ئێران و مامەڵەكردن لەگەڵ پاسداران لەو دۆسیەیە پەراوێز بخرێت.
 
هەرچۆنێك بێ، ئەوا سوپای پاسداران براوەی سەرەكی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیلە دژی ئێران، لە ماوەی دانوستانەكان كە 60 ڕۆژە و ئەگەری گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتاییش سوودمەندی سەرەكی دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د