سێ هەزار گرووپی سایبەری.. تاران چۆن جەنگی سیبرانی بەڕێوە دەبات؟

:: AM:11:21:21/06/2026 ‌
بەگوێرەی زانیارییەكان، سوپای پاسداران تۆڕێكی فراوانی شارەزایانی ئەلیكترۆنی بە وەرگرتنی ئەزموون و شارەزایی لە ڕاوێژكارانی ڕووسیا و چین لە ئەوروپا دروست كردووە، تا هێرشی ئەلیكترۆنی و سیبرانی بكەنە سەر نەیارانی ئێران و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانیش بەهەمانشێوە بە ئامانج بگرن.

چوار سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران زانیارییان بە كەناڵی "ئەلحوڕە" داوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئێران تۆڕێكی یەكجار فراوانی بۆ جەنگی ئەلیكترۆنی دروست كردووە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەكرێ و لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بڵاو بوونەتەوە، مەشق و ڕاهێنانی چڕ لە وڵاتانی تر وەردەگرن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری سایبەر مەگەزین تایبەت بە توێژینەوە لە ئاسایشی سیبرانی، گرووپەكانی موقاوەمەی ئیسلامی ئەلیكترۆنی و تیمی گەردەلوولی تاریك و گرووپی فاتمیوونی ئەلیكترۆنی، بەرپرسن لە ئەنجامدانی دەیان هێرش بۆ بردنی داتابانكی سیستمی وڵاتان و دەستگرتن بەسەر ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییە حكوومییەكان و دامەزراوەكانی دارایی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەنگی ئەلیكترۆنی و سیبرانی بووە بە یەكێك لە گرنگترین ئامرازەكانی دەستی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیارانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لەگەڵ گەشەكردنی تەكنەلۆجیا و ژیری دەستكرد و فراوانبوونی پشتبەستن بە دنیای ئەلیكترۆنی، مەترسی و هەڕەشەكانی ئێرانیش بۆ سەر كەسایەتی و دامەزراوەكان لە سەرانسەری دنیا زیادی كردووە.

زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، سێ هەزار گرووپی سایبەری جیاجیای سەربە فەرماندەیی جەنگی ئەلیكترۆنی سوپای پاسداران، دەتوانن جەنگێكی گەورەی ئەلیكترۆنی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دنیا دروست بكەن، بەڵام ئامانج و كاری ئەو گرووپە هاككەرانە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زۆر ورد و هەستیارە.

ئەو سێ هەزار گرووپە تەنیا كاریان هاككردن و كۆكردنەوەی زانیاری و سیخوڕیكردنە بەسەر نەیارانی ئێرانەوە و لەلایەن فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران كۆ كراونەتەوە و سەرپەرشتی دەكرێن، سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری هەر یەكێك لەو سێ هەزار گرووپەیش لەلایەن ئەفسەرێكی پاسداران دەبێت كە بە بەردەوامی لەگەڵ ئەندامانی گرووپەكە یەكتر دەبینن.

هەر ئەندامێكی ئەو گرووپانەیش لەسەر دەستی پسپۆرانی ڕووسیا و چین كە شارەزایی تەواویان لە هێرشی ئەلیكترۆنی هەیە، مەشق و ڕاهێنانیا پێ دەكرێ و دەخرێنە ناو كۆرسی جیاجیا كە زۆربەی كات لە ناوخۆی ئێران ئەو كۆرسانە دەكرێتەوە، یان هەندێك جار لە ڕووسیا و چینە.

هاوكات لەگەڵ مەشقپێكردنی ئەندامانی ئەو گرووپانە، بەشێك لەو پسپۆران و ئەفسەرانی ڕووسیا و چین وەك ڕاوێژكاری هەمیشەیی لە چوارچێوەی ئەو گرووپانە كار دەكەن، سەرەڕای ئەوەیش سوپای پاسداران بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و سەرەكی، پشت بە مۆسكۆ و پەكین دەبەستێت لە بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی سوپای ئەلیكترۆنی ئەو وڵاتە، سوود لە ئەزموونی هەردوو وڵات لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشە ئەلیكترۆنییەكان و هێرشی ئەلیكترۆنی و چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر نەیارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران وەردەگرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران "ئێرنا"، لە مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردوو، ئێران واژووی لەسەر 20 گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی ڕووسیا لە بواری پێوەندییەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری واژوو كردووە.

چەمكی سوپای سیبرانی ئێران بە بەردەوامی لەلایەن بەرپرسان و ناوەندەكانی ئەو وڵاتە دەگوترێتەوە، كە لە گرووپی زۆر و فراوانی هاككەر و یەكەی ئۆپراسیۆنی سیبرانی و تۆڕی چاودێری سەربە دامەزراوەكانی تەناهی و سەربازی ئەو وڵاتە پێكدێت. لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو ئەو گرووپانە وەك ناوەندی كۆكردنەوەی زانیاری و سیخوڕیكردن لە ڕێگەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە كاریان كردووە و جەنگی دەروونییان دژی ئامانجەكانی ناوخۆ و دەرەوە بڵاو كردووەتەوە.

له ساڵی 2022 لیوا حوسێن سەلامی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران كە لە میانەی بۆردمانێكی ئێران لە ساڵی ڕابردوو كوژرا، گوتی: دوو هەزار یەكە و گرووپی ئەلیكترۆنی ڕێكخراو و چالاكمان هەیە، دۆخی ژێرخان و ئۆپراسیۆنەكان ئێستە زۆر باشتربوون و تواناكانیان بە تەواوی بەرەوپێشەوە چووە.

پێشتر پرۆگرامی پاداشت لە پێناوی دادپەروەری سەربە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر كەسێك تەرخان كرد، كە زانیاری لەبارەی شەش بەرپرسی ئێران كە پێوەندییان بە هێرشە ئەلیكترۆنییەكانەوە هەیە بە ئەمەریكا بدات، ئەو بەرپرسانەیش بریتین لە حامید هەمایونفال، حەمید ڕەزا لەشكریان، مەهدی لەشكریان، میلاد مەنسووری، محەمەد باقر شیرینكار، محەمەد ئەمین سابریان.

حەمید ڕەزا لەشكەریان كە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ئەلیكترۆنی و سیبرانییەكانی سەربە سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسە، بەشداری لە ژمارەیەكی زۆر ئۆپراسیۆنی هاككردن و هەواڵگری سەربە سوپای پاسداران كردووە. مەهدی لەشكریان و ئەوانەی تر سەر بە گرووپێكن بە ناوی "سایبەر ئاڤنجەرز" كە بەهەمانشێوە سەربە پاسدارانە، ئەركیان دروستكردنی پرۆگرامی ڤایرۆس و بڵاوكردنەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی سیستم و داتابانكی وڵاتانی دنیا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د