بۆردمانەكانی ئێران وڵاتانی كەنداوی ناچار كرد دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە پشتبەستنی تەواوەتیان بە ئەمەریكا بكەن، بۆ پاراستنیان لە هەڕەشە و هێرشەكان، بۆیە ئێستە بە دوای جێگرەوە و فرەجۆركردنی ئەو وڵاتانە دەبەستن كە پشتیان پێ ببەستن و تواناكانی بەرگریی ئاسمانییان بەهێز بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە سیستمی بەرگری و درۆنەكانی توركیا بەكارهێنانیان زۆر ئاسانە و تێچوویان كەمترە، وەك بژارەیەكی ستراتیجی لە ژینگەی هەرێمێكی پڕ لە هەڵگەڕانەوە و گۆڕانكاری پێویستییەكی گرنگن.
ئاسلی ئیدنتاشباش بەڕێوەبەری پڕۆژەی توركیا لە پەیمانگەی برۆكینگز دەڵێ، ئێستە دەرفەتی گەورە بە ڕووی توركیا كراوەتەوە، بۆ ئەوەی وەك هاوردەكاری سەرەكی لە بواری پیشەسازی بەرگری كار بكات، چونكە وڵاتانی كەنداو بە دوای فرەجۆركردنی سەرچاوەی پڕچەككردنیان دەگەڕێن، بەردەوامی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی توركیا و وڵاتانی كەنداو و عەرەبی و هێزەكانی ناوچەكە، دواجار كاردانەوەی ئەرێنی لەسەر هاوبەشایەتی بەرگری لەگەڵ ئەنكەرە دروست دەكات.
وڵاتانی
كەنداو دەسبەجێ گرنگی و بایەخی زۆریان بە سیستمی بەرگریی ستراتیجی لە توركیا داوە كە ئەندامی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی ناتۆیە و لە مانگی ڕابردوو، شێخ عەبدوڵا عەلی عەبدوڵا سەباح وەزیری بەرگریی كوێت، یاداشتێكی لێگەیشتنی لەگەڵ سەرۆكی دەستەی پیشەسازی توركیا هالۆك گۆرگۆن بۆ پەرەپێدان و هاریكاری بەرگری لە نێوان هەردوو وڵات واژوو كرد.
هاوكات سعوودیە و ئیمارات و قەتەر بەهەمانشێوە ڕوویان لە توركیا و دەیانەوێ دەستەوارەی گەورەی كڕینی چەك لەگەڵ ئەنكەرە واژوو بكەن، هاوبەشایەتی سەربازییان لەگەڵ توركیا زۆر فراوانتر بكەن.
خواستی زۆر لەسەر كڕینی درۆنی توركی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی كورتمەودا كە لەلایەن كۆمپانیای بیكار دروست دەكرێت، وەك ئامرازێكی چالاكی بەرپەرچدانەوەی مووشەك و درۆنی ئێران كەمتێچوو هەژمار دەكرێت.
دەركەوتنی توركیا وەك سەرچاوەیەكی چەك و بەرگری، پاش ئەوە دێ كەماوەی دوو دەیە توركیا وەبەرهێنانی چڕ لە پیشەسازی سەربازی خۆی دەكات، لە وڵاتێكی هاوردەكاری چەك و كەلوپەلی سەربازییەوە بووە بە هەناردەكارێكی دیار لە ناوچەكە، بەتایبەت لە دروستكردنی درۆن، ئەمڕۆ ئەنكەرە چەك بە 40 وڵاتی كەنداو و ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا دەفرۆشێت، ڕێژەی 65%ی خواستی وڵاتانی دنیا بۆ درۆن دەستەبەر دەكات و بووەتە هێزێكی سەربازی خاوەن هەژموون و كاریگەرییەكانی سنووری ناوچەكە دەبڕێت.
چەندان دەیەیە وڵاتانی كەنداو بەشێوەیەكی نیوچە تەواو پشت بە ئەمەریكا وەك چەترێك بۆ پاراستنیان لە دژی ئێران دەبەستن، لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی زۆر پێشكەوتوو و گرانبەها، بەڵام ئەو سیستمی بەرگرییانە سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی تەكنەلۆجیا و پێشكەوتنەوە زۆر بەهێزن، بەڵام لە زۆر حاڵەت بێتواناییان دەركەوت، بەتایبەت لە زۆری تێچوو و نەرمی لە بەرپەرچدانەوەی مووشەك و درۆنی ئێران كەمتێچوو لە ماوەی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران.
ئەمە جۆرێك لە دووڵیی سیاسی و بێمتمانەیی بەرانبەر بە واشنتن دروست كرد، بەهۆی بوونی كەلێنی گەورە لە هاوبەشایەتی بەرگریكردن ئەمەریكا و كەنداو.
ئیدنتاشباش گوتی، جەنگەكە ئەوەی دەرخست كە حاڵی وڵاتانی كەنداو زۆر فشەڵ و لەرزۆكە بەرانبەر بە هێرشی درۆنی ئێران، پێویستی بە پەلەی بە پەرەپێدانی تواناكانی لەو بوارە هەیە، چونكە پشتبەستن بە سیستمی بەرپەرچدانەوەی گرانبەها بە تەنیا بەس نییە.
هوارد ئیسنستاس پسپۆری هاوبەش لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی سانتس لۆرانس دەڵێ، توركیا كەلوپەلی گونجاو لە ڕووی نرخ و ئاستی تەكنەلۆجیاوە پێشكەش دەكات، كە هاوتایە بۆ وەڵامدانەوەی سروشتی هەڕەشەكان كە ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوەی جەنگ دەریخست ئەمەریكا پشت بە چارەسەری تەكنەلۆجیای زۆر بەرز بە تێچووی یەكجار زۆرەوە دەبەستێت. لە كاتێكدا دەتوانرا بە تێچووی كەم و تەكنەلۆجیای پێشكەوتووەوە هەمان كار ئەنجام بدرێت.
سەرەڕای فراوانبوونی ڕۆڵی توركیا لە پڕكردنەوەی بەشێك لە بۆشاییەكان، پسپۆران هاوڕان لەسەر ئەوەی كە ئەمەریكا وەك هاوبەشی سەرەكی بەرگریكردن لەگەڵ وڵاتانی كەنداو دەمێنێتەوە. ئیدنتاشباش گوتی، توركیا لە ئاستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نییە، بەڵام خاوەنی توانای پێشكەوتووە لە درۆن و سیستمی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەك، دەتوانێ ببێتە تەواوكەری سیستمەكانی ئەمەریكا لە جەنگەكانی داهاتوو كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە درۆن دەبەستێت.
هاوكات ئیسنستاس گوتی، پرسەكە گۆڕینی ئەمەریكا نییە بە وڵاتێكی تر، بەڵكو گەڕانە بە دوای ژێرخانێكی تەناهیی بەهێز و هاوسەنگ، پشتبەستنی تەواو بە تەنیا لایەنێك كەم دەكاتەوە.