ئاماژەکان دەری دەخەن کە تورکیا دەستی کردووە بە خێراکردنی هەنگاوەکانی بۆ دانانی "یاسایەکی چوارچێوەیی" بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، کە ئەمەش بەپێی حکوومەتی تورکیا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و داماڵینی چەکەکانیەتی لە ژێر ناوی "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر".
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لەم دواییانەدا داواکارییەکان لەلایەن پەکەکە و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ پەلەکردن لە ئامادەکردنی یاسای چوارچێوەییی پرۆسەی ئاشتی زیاتر بوون، ئەمەش لەسەر بنەمای پێشنیازێکی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا ئاماژە بە هەوڵێکی بەرچاو دەکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسایەک کە لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی لیژنەی پەرلەمانی بۆ "هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" داڕێژراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بڕیار درا پشووی هاوینەی پەرلەمان دوابخرێت، کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست پێ بکات، هاوکات لەگەڵ زیاتربوونی گفتوگۆکان لەسەر دەستووری نوێی وڵات.
لە لایەکی ترەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، چەندان جار دووپاتی کردووەتەوە کە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" بەباشی بەڕێوە دەچێت و پەرلەمانیش ئەرکەکانی خۆی لەم چوارچێوەیەدا جێبەجێ دەکات.
هەروەها نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، شەوی شەموو لەسەر یەکشەم لە چالاکییەکدا لە ئیستەنبوڵ گوتی، ئامانجمان بنیادنانی تورکیایەکە کە تێیدا هیچ کەسێک بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە جیاکاریی بەرانبەر نەکرێت، و کاری لیژنەی پەرلەمانیشی بە زۆر گرنگ بۆ دیموکراسیی تورکیا وەسف کرد.
کورتوڵموش زیاتر گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی داناوە، هیوادارم پەرلەمان بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات، و ڕێسا یاسایییە پێویستەکان بەزووترین کات پەسەند و جێبەجێ بکرێن بۆ مسۆگەرکردنی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر. دووپاتیشی لەوە کردەوە کە کارکردن لەسەر دەستوورێکی نوێی مەدەنی، دیموکراسی و بەشداریکردنی گەل یەکێکە لە ئەولەویەتەکان.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمان دوای کۆبوونەوەیەک هات کە سێشەمی ڕابردوو لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، دوو پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامانی "شاندی ئیمڕاڵی" ئەنجامی دابوو.
پەروین بوڵدان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی، گفتوگۆمان لەسەر یاسای چوارچێوەیی کرد و جەختمان کردەوە کە خێراکردنی قسەکردن لەسەری سوودی بۆ تورکیا دەبێت، سەرۆکی پەرلەمانیش هەمان بۆچوونی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە ئەنجامێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵام پێوەندییەکانمان بەردەوامن و ئێمە گەشبینین.
بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا کە یاسا پێشنیازکراوەکە لە حەوت بۆ هەشت مادە پێک دێت و دەکرێت لە ماوەی پێنج ڕۆژدا تەواو بکرێت ئەگەر ئیرادە هەبێت. هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی دواخستنی پەسەندکردنی یاساکە لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵی هەندێک لایەن بۆ تێکدانی پرۆسەکە.
لە لایەکی ترەوە، ئاکین گیورلێک وەزیری دادی تورکیا ڕۆژی شەموو دووپاتی کردەوە کە هەنگاوی گرنگ نراون لە چوارچێوەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و هیوای خواست بەمزوانە ڕەشنووسی یاسا پێشنیازکراوەکان پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت.
لەم نێوەندەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا بۆ "سێیەمین کۆنفرانسی ئیسلامی دیموکراتی" لە ئامەد، دووپاتی کردەوە کە چارەسەری قەیران و ململانێ نەتەوەیی و تائیفییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەهێزکردنی دەسەڵاتخوازی و هەژموون ناکرێت، بەڵکوو پێویستە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و "نەتەوەی دیموکراسی" بنیاد بنرێت. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پەیامەکەی پێشتریدا لە شوباتی 2025 کە داوای لە پەکەکە کردبوو چەک دابنێن و ڕوو لە خەباتی سیاسی بکەن.