نیكۆلاس كریستۆف نووسەری ئەمەریكی، وتارێكی لە ڕۆژنامەی
نیویۆرك تایمز بە ناونیشانی ترەمپ ڕاست بوو، جەنگ بە خۆڕادەستكردن كۆتایی دێت، بەڵام لەبری خۆڕادەستكردنی ئێران بە واشنتن، ئێستە دۆخەكە پێچەوانەیە و واشنتن خۆی ڕادەستی تاران كردووە.
ئاماژەی داوە، لە ئادار/مارسی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، بە جۆرێك لەگەڵ ئێران دەگاتە ڕێككەوتن و كۆتایی بە جەنگ دەهێنێت، ئەگەر ئێران بێ مەرج خۆی ڕادەست بكات، بەڵام ئەوەی زۆر ورد نەبێت، بەگوێرەی لێكگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی ئێستە زۆر نزیكە لەوەی واشنتن بێ مەرج خۆی ڕادەست بكات لەبری ئێران.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك لە سەرانی پارتی كۆماری و كۆنگرێسمانان كە پشتیوانی جەنگیان دژی ئێران دەكرد، تووشی شۆك هاتوون و ڕەخنە لە لێكگەیشتنی ئەمەریكا و ئێران دەگرن و دووپات لەوە دەكەنەوە كە ترەمپ خۆی ڕادەستی ئێران كرد، سیناتۆر تێد كرۆز لە پارتی كۆمارییەكان ئاماژەی دا، بەخشینی ملیاران دۆلار بۆ ئەو توندڕۆیانە كە دەیانەوێ بمانكوژن بیرۆكەیەكی ڕاست نییە.
نیكۆلاس كریستۆف هاوڕایە لەگەڵ ئەو ڕەخنانە و دەڵێ، ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ ئێران كراوە، شكست و نسكۆیەكی گەورەی ئەمەریكایه، پێشكەشكردنی یارمەتی ڕاستەوخۆی تاران و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و دروستكردنی سندووقێكی وەبەرهێنان بە گوژمەی 300 ملیار دۆلار، بۆ یارمەتیدانی تاران لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە و كردنەوەی دەرگە بە ڕووی ئێران، تا بە ئەگەری كەمەوە دەست بەسەر بەشێكی گەرووی هورمزدا بگرێ و ئەگەری سەپاندنی رسووماتی بەسەر ئەو كەشتییانە هەبێت كە هورمز تێپەڕ دەبن، دوای تەواوبوونی 60 ڕۆژەكە دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ ئێران.
بێل كاسیدی سیناتۆری كۆمارییەكان گوتی، ئەوە خراپترین هەڵەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكایە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەیش ئەو ڕەخنانە خاڵێكی گرنگ پشتگوێ دەخەن، هەڵەی گەوهەری ترەمپ كۆتاهێنانی جەنگەكە نییە، بەڵكو لە بنەڕەتدا بەشداربوون و چوونە ناو جەنگەكەیە، لەو قۆناغەی ئێستە ترەمپ ناچارە كە پاشەكشە بكات، چونكە هیچ بژارەیەكی باشی نییە و دڵنیایە لەوەی بەردەوامبوونی جەنگ، تێچووی زۆر گەورەی گیانی و زیانی مەزن بە ئابووری دنیا دەگەیەنێت و كۆمارییەكانیش لە هەڵبژاردنی نیوەی تووشی مەترسی و شكست دەكات.
ترەمپ لەوبارەیەوە پێشتر گوتی، ئەگەر ئەو ڕێككەوتنە ئەنجام نەدەین، دەتوانین بۆمبی زیاتر سێ هەفتە یان چوار هەفتە یان دوو ساڵی تر بهاوێژینە ئێران، بەڵام ئەگەر گەرووی هورمز كراوەبێت، چونكە نامەوێ كارەساتێكی گەورەی ئابووری ببینم.
كریستۆف دەڵێ، پشتبەستن بەو قسانەی ترەمپ ڕاستییەك دەردەخات، ئێران لە جەنگەكە سەركەوتوو بوو، بەوهۆیەوە لە دانوستانەكانیش سەركەوتوو دەبێت، بەڵام ترەمپ دەیەوێ تا چەند دەتوانێ ئەوە بشارێتەوە، چونكە دڵنیایە ڕێككەوتنەكە دەبێتە شەرمەزاركەر بۆ ئەمەریكا، بەڵام شكستهێنان لە جەنگەكە دەرچەیەكی زۆر خراپتر بە ئەمەریكا دەبەخشێت.
نووسەر دەڵێ، وانەیەك كە سوود لەو كارەساتە وەربگیرێت، دوورخستنەوەیە لە هەڵگیرساندنی جەنگ بێ ئەوەی ئامانجەكان بە تەواوی ڕوون بكرێنەوە و دڵنیا ببینەوە لەوەی هەموو شتێك بەو شێوەیە دەڕوات كە پلانی بۆ دانراوە، بەڵام ئەو جەنگە لەبری ئەوەی ئێران وێران بكات، زیاتر بەهێزی كرد، ئەوەیش وانەیەكی گەورەیە و پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت.
ئەو ڕێككەوتنەی ئێستە دەكرێ لە 2015دا ئەنجام درا، ئێران زۆرینەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بردە دەرەوە و ڕازی بوو لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەرگەی بە ڕووی پشكنەران كردەوە، بەڵام ترەمپ و نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و توندڕۆكان ئەو ڕێككەوتنەیان بە زۆر خراپ ناو دەبرد و پارەیەكی زەبەلاح دەگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، ساڵی ڕابردوو ترەمپ گوتی، هیچ كات ئەو پارەیە ناگەڕێنمەوە بۆ تاران وەك بەشێك لە هەر ڕێككەوتنێك لە داهاتوو و من لە دانوستانەكان سەركەوتوو دەبم، بەڵام بەوشێوەیە دەرنەچوو.
ئەو وانەیە دەیسەلمێنێ كە خۆ دوورخستنەوە لە جەنگی ناپێویست نابێ ئەنجام بدرێ، پێویستە نەوەكانی داهاتوویش سوودی لێ وەربگرن و ئێمەیش سوودمان لێ وەربگرتایە، چونكە هەر لە سەردەمی یۆنانییە كۆنەكانەوە لە داستانی ئەلیادە و هۆمیرۆس، سەربازان لە پێناوی ژنی سەركردەكان دەجەنگن، جەنگێكی گەورە و ناپێویست ئەنجام دەدەن. لەو كاتەوە ئەوە ڕوون بووەتەوە، بەڵام ئێمە سوودمان لێی وەرنەگرتووە.
لیندا پیلمز پسپۆری پارەداركردنی جەنگ لە زانكۆی هارڤارد دەڵێ، تێچووی گشتیی جەنگەكە بە چاككردنەوەی بنكە سەربازییەكان و دروستكردنەوەی جبەخانە و مافی سەربازان و جەنگاوەرانی بریندار، بەلای كەمەوە دەگاتە تریلیۆنێك دۆلار، جیا لە تێچووی بەرنامەی چاودێری تەندروستی حكوومی و فێربوونی زانكۆ و چاودێری منداڵان و یارمەتی مرۆیی كە پێویستە خەرج بكرێت.
زیاتر گوتی، ئەوە وانەیەكە بۆ مێژوو، پێویستە ڕێگە لە هەڵۆكان و سەربازان بگرین، كە متمانەی زیاد لە پێویستیان بە خۆیان و بەدەستهێنانی سەركەوتن هەیە، هەڵەی كوشندەی لەمجۆرە دووبارە بكەنەوە.