لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024دا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پاركێكی مۆدێرنی لە شارۆچكەی عەنكاوە دانا، ئەمڕۆ ئەو پاركە دەكرێتەوە و هاووڵاتییان لە هەوای پاك و دیمەنە جوانەكانی سوودمەند دەبن.
پاركی عەنكاوە یان ناسراو بە پاركی گەورەی عەنكاوە، یەكێكە لە شوێنە گشتی و سەوزاییە گرنگەكان لە قەزای عەنكاوە لە شاری هەولێر، كە خزمەت بە دانیشتووانی ناوچەكە دەكات بۆ كات بەسەربردن و حەسانەوە.
لە 13ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024دا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی ئەو پاركە گەورەیەی دانا، ئەوەی جێی سەرەنجە لەلای هاووڵاتییان، توانرا بە ماوەی 20 مانگ پاركەكە تەواو بكرێت، ئەمڕۆش دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.
پاركی عەنكاوە لەسەر ڕووبەری 60 هەزار مەتر دووجا دروست كرا، لەو ڕووبەرە 28 هەزار مەتر دووجا دەكرێتە سەوزایی. نۆ هەزار و 651 دار و 22 هەزار و 500 گوڵی جۆراوجۆری لێ دەچێنرێت.
لە پاركەكەدا گۆڕەپانێكی شانۆیی، سێ یاریگەی تێنس، شوێنی ڕۆیشتنی پیادەی وەرزش دروست دروست كرا، لەگەڵ ئەوەشدا نافوورەیەكی موزیك دروست كراوە كە ڕووبەرەكەی 600 مەتر دووجایە.
تایبەتمەندییە سەرەكییەكان
* ژینگەی خێزانی: شوێنێكی گونجاوە بۆ كاتبەسەربردنی خێزانەكان و پشوودان.
* وەرزش و پیاسەكردن: ڕێڕەوی تایبەت بە پیاسەكردن و وەرزشكردنی تێدایە.
* سەوزایی: گرنگییەكی زۆر بە چاندنی نەمام و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی دراوە لەم پاركەدا.
لە كاتی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیەدا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، سەربەزین لە وڵاتێكدا دەژین وڵاتی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەیە و مایەی شانازیمانە عەنكاوەش شاری بەیەكەوەژیان و ئاشتی و برایەتییە.
سەرۆكی حكوومەت گوتی، دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر بڕیاری بە قەزابوونی عەنكاوەمان دا، ئێستە عەنكاوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندن و گەورەبووندایە، بووەتە نموونەیەكی هەرە دیاری بەیەكەوەژیان و نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵكێكی زۆر لە كریستیانەكان بە هۆی جیاواز و بە ناچاریی لە بەغدا و دەشتی نەینەوا و سووریا، هاتوونەتە عەنكاوە و ئێرە بووەتە شوێن و پەناگەیەك بۆ كریستیانەكان لەم دەڤەرە . ئەمە لە كاتێكدا ژمارەی كریستیانەكان لە شوێنەكانی تر كەم دەبێتەوە، بەڵام دەبینین لە عەنكاوە، ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵانە، ژمارەی كریستیانەكان لە زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت، چونكە هەست دەكەن ئێرە شوێنێكی ئارامە و ماڵی خۆیانە. لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی دەیانەوێ بە ئارەزوو و خواستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، ئەو پاركە دەبێتە یەكێك لە پاركە گەورەكانی عەنكاوە كە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت. لە چەندان بەشی گرنگ پێكدێت، وەك شوێنی یاریی منداڵان، شوێنی وەرزش، شوێنی پاركی ئۆتۆمبێل و ئاوپرژە؛ ئەمە جیا لەوەی ڕووبەرێكی زۆر لە پاركەكە بۆ سەوزایی تەرخان كراوە و بە تەواوبوونی، دەبێتە شوێنێكی گرنگ و دیار بۆ پشوودان لە عەنكاوە.
لە كۆتاییدا سەرۆكی حكوومەت موژدەیەكی بۆ دانیشتووانی شاری عەنكاوە ڕاگەیاند، ئەو كێشە و گرفتانەی كە چەند ساڵێكە بە هۆی جیاواز، وەك ئەوەی زەوییەكانیان بەر سەربازگەی پێشووی ڕژێمی عێراق و فڕۆكەخانە كەوتوون و هەموو ئەوانەی زیانیان پێ كەوتووە، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەپێی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە پێك هێنرا، هەموویان قەرەبوو دەكرێنەوە.
رامی نووری قایمقامی عەنكاوە ئەوكات بە "وشە"ـی راگەیاند، پاركەكە هەموو شتێكی تێدایە وەك كورسی، دار، گوڵ، شوێنی دانیشتن، هاتوچۆكردن و هەرچی پێداویستی بۆ پارك هەیە تێیدایە، چونكە ئێمە ئامانجمانە ڕێژەی سەوزایی لە عەنكاوە زیاد بكرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پلانی هەیە ڕێژەی سەوزایی لە هەموو ناوچەكان زیاد بكرێت، لەوانەش عەنكاوە.