دوای ساڵانێك لە هەڕەشە و هێرش بە درۆنەكان لە عێراق و بە ئامانجگرتنی بنكە سەربازییەكان و دامەزراوەكانی ئەمەریكا و هێرشكردنە سەر دامەزراوە جیاجیاكان، بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان گرووپە چەكدارەكان، ئەمانە كاردانەوەی زۆر خراپیان بەسەر دۆخی ئابووری و سیاسەت لە عێراق دروست كردووە، ئێستە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، داوا لە دادگەكانی وڵات دەكات كە ڕێوشوێنی یاسایی توند بگرنەبەر بەرانبەر بە هەر كەسێك درۆن دروست دەكات یان بەكاری دەهێنێت. بە بڕوای چاودێرانیش ئەمە هەنگاوێكی یاسایی چاوەڕواننەكراوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی تەناهی لە وڵات.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق لە پەیامێكدا كە ئاراستەی دادگەكان كرابوو، داوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست دژی ئەو كەسانەی كە سەلمێنراوە بە دروستكردن و بەكارهێنانی درۆن تێوەگلاون. دووپات لەوەیش دەكاتەوە، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی بەهێزكردن و تۆكمەكردنی دۆسیەی تەناهی و جێگیرییە لە وڵات و وەستانەوە بە ڕووی هەر كارێك، كە هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكات و كردەی تاوانكاری پێ ئەنجام دەدرێت، بە پێویستیشی زانی كە مادە یاساییە بەركارەكان دژی سەرپێچیكاران و تۆمەتباران بگیرێتەبەر و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، بۆ "
ئەلعەرەبی ئەلجەدید" گوتی، ڕێنوێنییە ئاراستەكراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە تەنیا نەهاتووە، بگرە هاوكاتە لەگەڵ ویستەكانی حكوومەتی ئێستە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دامەزراوە فەرمییەكانی وڵات، پێوەندی و هاوئاهەنگییەكی پتەو لە نێوان حكوومەت و دەسەڵاتی دادوەری لەبارەی كۆمەڵێك دۆسیەی پێوەست بە ئاسایشی نیشتمانی هەیە، لە ناویشیاندا دۆسیەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.
ئەو بەرپرسە گوتی، هاتنی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ناو دۆسیەی درۆنەكان وەك پشتیوانییەكە بۆ ڕێوشوێنەكانی حكوومەت بە ئامانجی ڕێگری و قەدەغەكردنی جووڵەی گرووپەكانی دەرەوەی یاسا، ئەو هەنگاوە كۆتا هەنگاو نابێت، بەڵكو بەشێك لە كۆمەڵێك هەنگاوی فراوان، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی رێكاری و یاسایی و تەناهی لە قۆناغی داهاتوو تا دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ئەو دۆسیەیە بە تەواوی بسەپێنرێت.
عەبدولمونعیم ساڵحی دەڵێ، جووڵەی دەسەڵاتی دادوەری گرنگە و ڕێگە بە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەدات كە ئامرازی یاسا، بە توندترین شێوە دژی ئەو دیاردە و پێشێلكارییە تەناهییانە بگرنەبەر كە لەم ساڵانەی دوایی بە بەردەوامی پەرە دەستێنێت، دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێ ڕۆڵێكی میحوەری گەورە بگێڕێت، بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەتایبەت لە دۆسیە تەناهییە هەستیارەكان بەگوێرەی مادە و بڕگە یاساییە بەركارەكان.
زیاتر گوتی، دەرئەنجامی ئەو بڕیارە ئەرێنییە و كاریگەری لەسەر دۆسیەی چەك لە دەرەوەی دەسەڵات هەیە، ئەگەر بە ڕژدی و بێ جیاكاری جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئاڵنگارییە گەورەكان بە دەركردنی ڕێنوێنیی و بڕیار كۆتاییان نایەت، بگرە توانای جێبەجێكردنیان لە ئەرزی واقیع زۆر گرنگە، چونكە بوونی میلیشیای چەكداری كە تا ئێستە ڕەتی دەكەنەوە، هیچ هەنگاوێك بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان و هاتنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بنێن، گرفتێكی گەورەیە، بۆیە سەركەوتنی ئەو ئاراستەیە بە جێبەجێكردنی یاسا لەسەر تەواوی لایەنەكان بێ جیاكاری دەپێورێت.
درۆنەكان كە گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق هەیانە، بووەتە یەكێك لە دیارترین ئامرازەكانی ململانێی تەناهی لە عێراق، چونكە زۆرینەی هێرشەكان بۆ سەر باڵوێزخانە و بنكەی سەربازی و ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق بە درۆن بۆردمان كراون، بۆیە ئەو درۆنانە مەترسییەكانیان لە وڵات زیاتر كردووە، بەتایبەت كە بەهۆی هێرشەكان، كاریگەریی لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان و هاتنی كۆمپانیاكانی بیانی دروست كردووە، دواجاریش ئەمە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەردەوامبوونی گرژییەكان.
داواكارییەكان لە سەرجەم لایەنەكانەوە زۆرن، دەسەڵاتی دادوەریش هاتە ڕیزی بەرەی كۆكردنەوەی چەك و تەكنەلۆجیای جەنگی لە دەستی دەوڵەت و نەهێشتنی گرووپەكانی دەرەوەی دەسەڵات. هاوكات پێشبینییەكان ئەوە دەخەنە ڕوو كە لە داهاتووی دۆسیەی داماڵینی چەك لە میلیشیاكان، پرسی تەكنەلۆجیای جەنگ و پیشەسازی سەربازیش دەبێ ببێت لە خاڵێكی جێبەجێكردنی بەرنامەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.
تا ئێستە لە كۆی حەوت گرووپی چەكداری ئێران لە عێراق، زیاتر لە سێ گرووپیان ئامادەی دەسبەرداربوونن لە چەكەكانیان و هاتنیان بۆ ڕیزی هێزە فەرمییەكانی حكوومەت، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەمەریكا مەرجی قورسی بەسەر حكوومەتی زەیدی سەپاندووە، بێ چەكداماڵینی میلیشیاكان و هەڵوەشانەوەیان، واشنتن پشتیوانی حكوومەتی بەغدا ناكات، ئەمەیش زەیدی ناچار كردووە كە هەنگاوی بە پەلە بگرێتەبەر و بەر لە چوونی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، ئەو دۆسیەیە تا ئاستێك یەكلا بكاتەوە.