وتاری مەلایەكی ئاینی لە مینبەری مزگەوتەكەیەوە ماوەی چەند هەفتەیەكە ناڕەزایی خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونكە وەك دەگوترێت ئەوەی ئەو لە وتارەكانیدا باسی دەكات، ناوزڕاندن و بابەتی كەسییە و پێوەندی بە گەیاندنی پەیامی ئیسلامەوە نییە.
مەلا تاهیر كەڵەباشی مەلای مزگەوتێكی سنووری پیرەمەگروونە، لە وتاری هەینیدا بە راست و چەپ و دوور لە پەیامی ئیسلام قسە دەكات، زۆرجاریش هێرشەكانی ئەوەندەی كەسین پێوەندی بە پەیامە گشتییەكانەوە نییە، ئەوەیش لای خەڵك ناڕەزایەتیی لێ كەوتووەتەوە.
مامۆستایەكی ئاینیش دەڵێ، كاری مەلا نییە لە گوتاری مزگەوت قسەی كەسی یان بە دڵی لایەنێكی سیاسی بكات، بەڵكو پێویستە پەیامی ئیسلام بگەیەنێ، رەخنەگرتن ئاساییە، بەڵام نەك لە كەسێكی دیاریكراو كە هیچ زانیاری لەبارەیەوە نییە.
مەلا تاهیر كەڵەباشی لە ماوەی رابردوودا هەندێك هەڵوێستیشی بووەنەتە جێی سەرسووڕمان، كاتێك لە وتاری هەینی رابردوو باسی مزگەوتی گەورەی بارزانیی كرد كە لە هەولێر بەشێوەیەكی نموونەیی دروست كراوە، لە فەیسبووك بۆیان نووسیوە، وەڕینەكەی مەلا تاهیر كەڵەباشی بە مزگەوتە نموونەییەكەی هەولێر، هیچ پێوەندییەكی بە مووچە و حوكمڕانییەوە نییە، بەڵكو تەنیا لەبەر ناوی "بارزانی"یە، خۆ ئەگەر ئەو مزگەوتە لە سلێمانی بووایە، ئەو كادرەی یەكێتی كە لە هەموو شتێك دەچێت جگە لە مەلای ئاینی هیچ قسەیەکى نەدەبوو.
مەلا تاهیر لە هەڵوێستەكانی پێشوویدا بەبێ هیچ زانیارییەك گوتاری داوە، گوتاری پێشووترى تەرخان كردبوو بۆ بڕیارێكی دەستەی دەسپاكی، لە كاتێكدا لەبری ئەوەی باسی ناوەڕۆكی بڕیارەكە بكات كە تایبەت بوو بە دژایەتی گەندەڵی، كەچی هێرشی كردبووە سەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی كەسی لەسەری هەبێت.
هەر مەلا تاهیر لە ماوەكانی رابردوودا كاتێك محەمەد حاجی مەحموود گوتی، بە خورما رۆژوو ناشكێنێ و لەبری ئەوە ئاوی لەلا بەسوودترە، كەچی هێرشی كردە سەر و ئەوەیش كاردانەوەی حزبی سۆسیالیستی لێ كەوتەوە.
مامۆستا فیكری سیكتانی مامۆستای ئاینی پێی وایە، مینبەری مزگەوت شوێنی هەڵڕشتنی رقوكینە نییە، بەڵكو شوێنی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە.
ئەو بۆ "وشە" گوتی، ناكرێ مامۆستای ئاینی رقی خۆی لە مینبەری مزگەوتەوە هەڵڕێژێ، كاتێك گوتارێك دەدات و رەخنەی هەیە، ناكرێ بە كەسیی بكات یان وەك كادرێكی حزبی ناڕازیی قسە بكات.
لەبارەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر، ئەو مامۆستا ئاینییە دەڵێ، لە هەموو كەس زیاتر دەبێت مامۆستایانی ئاینی دڵخۆش بن بە بوونی مزگەوتێكی لەمشێوەیە، چونكە ئەوە دەبێتە سیمبولی پێكەوەژیان و سیمایەكی جوانتر بە كوردستان دەدات.