لە دۆسیەی نەهێشتنی گەندەڵی بەغدا دەیەوێ چی بكات؟

:: PM:05:24:28/06/2026 ‌

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكەشمەوە  هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتباران بە گەندەڵی لە چەند دۆسیەیەك لە عێراق دەستی پێ كردووە، لە بەغدا ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار گیراون، كە بە یەكێك لە گەورترین هەڵمەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دادەنرێت، وەك دەسەڵاتدارانی عێراق دەڵێن، ئامانجیان لێكهەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانی تێوەگلاوە لە گەندەڵی كە ساڵانێكە دەستیان بەسەر چەندان ملیار دۆلاردا گرتووە و رەنگە ئاگرەكە بگاتە كەسایەتییە باڵاكانیش.

لەوكاتەی عێراق لە لیستی دیوەدەری بۆ 2025 لە دواوەی لیستەكەیە، لە كۆی 182 دەوڵەت لە پلەی 136مینە، ئەمڕۆ دەستەی نەزاهەی عێراق رای گەیاند كە رێوشوێنی توندی بەرانبەر بە تۆمەتبارانی گەندەڵی گرتووەتە بەر، لەو هەڵمەتەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم لە بەغدا و چەند پارێزگایەك دەستی پێ كردووە، ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمانتار و كارساز بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی گیراون، كە بەشێكیان پێوەندییان بە دداننانی عەدنان جومەیلی بریكاری گیراوی وەزارەتی نەوتەوە هەیە.

محەمەد روبەیعی سەرۆكی دامەزراوەی نەهرێن بۆ پاڵپشتیكردنی دیودەری و دەستپاكی پێی وایە ئەوەی روودەدات، سەرەتایەكی گرنگە لە كاروانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەو هەنگاوەی حكوومەتی زەیدی بە لێپرسینەوە لە كەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی پارەیەكی زۆری دزراو و سووككردنی گوشارە داراییەكان كە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەو هەڵمەتە متمانەی شەقام بە توانای حكوومەت بۆ جووڵاندنی چەند دۆسیەیەك كە ساڵانێكە سڕ كراون زیاتر دەكات، عێراق رێككەوتنی هاریكاری لەگەڵ وڵاتانی هەیە، ئەوەش بوار بە راوەدوونانی گەندەڵكاران لە دەرەوەی وڵات و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان دەدات.     

لای خۆیەوە خالد عەرداوی توێژەری سیاسی پێی وایە كە ئەو هەڵمەتە پەرەسەندنێكە و ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوان دەكرێت، گەندەڵی بووەتە دیارترین هۆكاری لاوازبوونی دامەزاروەكانی دەوڵەت لە 2003ەوە، ئەو لێكۆڵینەوانەی ئێستە دەستیان پێ كردووە، بە هاوشێوەی تۆپەڵە بەفرە و دداننانی تۆمەتبار گیراوەكان دۆسیەی نوێ هەڵدەداتەوە، ئەوەش بازنەی تۆمەتباران بە خێرایی فرەوانتر دەكات.

ئاماژەی كرد، سەركەوتنی ئەو هەڵمەتە دەوەستێتە سەر سەربەخۆیی دادگا و بوێری دامەزراوەكان لە جێبەجێكردنی یاسا بۆ گەیشتن بۆ تەواوی تێوەگلاوان بێ جیاوازی، ئەو توێژەرە پێشبینی كرد كە لە حاڵەتی بەردەستبوونی بەڵگەی یاسایی، لێكۆڵینەوەكان بەرپرسانی ئێستە و پێشوو بگرێتەوە، گەندەڵی چیتر وەك دیاردەیەكی تاكی نەماوەتەوە و بووەتە تۆڕێكی ئاڵۆز و تێكهەڵكێش لە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت و كەرتە جیاوازەكان، ئەوەش قەبارەی ئاڵنگارییەكان كە رووبەڕووی هەر هەڵمەتێكی چاكسازی دەبێتەوە نیشان دەدات.

لای خۆیەوە عیسام فەیلی مامۆستاز زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی موستەنسرییە دەڵێت، كردنەوەی دۆسیەی بەو قەبارەیە بێ بوونی ویستێكی روونی دادگا و دەستەی دەستپاكی ناكرێت، چونكە لە ساڵانی رابردوو گەندەڵی لە عێراق رووچووەتە ناو بنیاتی دامەزراوەكانی دەوڵەت و زۆرێك لە گەندەڵكاران سوودیان لە چەتری سیاسی و كارگێری بینیوە. 

زیاتر گوتی، پێداچوونەوە بە گرێبەستە حكوومەتییەكان، بەتایبەتی ئەوانەی پارەیەكی زۆریان تیادایە، رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئاشكرابوونی دۆسیەی ئاڵۆزتر، بۆیە بنیاتنانی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتی، پێویستییان بە لێكهەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان هەیە، ئەو توێژە و ئەكادیمییە وریایی لە بەردەوامبوونی گەندەڵی دا بەوەی هەڕەشە لە سەقامگیریی دەوڵەت دەكات، بە هاوشێوەی چەكی بەڕەڵا كە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەكات، بەشێك لە تۆڕەكانی گەندەڵی لە لاگیریی سیاسی و تایفەیی بەدەرن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی دارایی بنیات نراون.

رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیی ئابووری و دارایی و ئیداری، یەكێك بوو لە خاڵە سەرەكییەكانی كارنامەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە 14ی ئایاری رابردوو لە پەرلەمان متمانەی پێ درا، لەو ساتەوە دەست بۆ هەڵدانەوەی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی كرا، لەوانە گرتنی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، كە لە ئەنجامی ددانانی ئەمڕۆ هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتباران تر دەستی پێ كرد و ئەگەری هەیە هەڵمەتەكە لە رۆژانی داهاتوو بەردەوام بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل