جیۆپۆلەتیكی تەكنەلۆجیا و پارچەی ئەلیكترۆنی هاوسەنگی هێز لە دنیا دەگۆڕێت

:: AM:10:44:30/06/2026 ‌
لەگەڵ دروستبوونی گۆڕانكاریی گەورە و كێبەركێی بەردەوام لەسەر ژیریی دەستكرد، پارچە و چیپی ئەلیكترۆنی و ناوەندە گەورەكانی داتابانك، بوون بە ڕەگەزی فەرمانڕەوایی لە هاوكێشەی هێزی نێودەوڵەتی و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆجیایش، بوون بە بەشێك لە سیستمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان، لە پەراوێزی ئەو واقیعە نوێیە، ئێستە ململانێكان لەسەر داهێنان نییە، بەڵكو بووەتە ململانێ لەسەر سەروەری و هەژموون و دووبارە ڕێكخستنەوەی سیستمی نێودەوڵەتی.

پێشتر هاوسەنگی هێز بە گرنگی شوێنی جیۆگرافی و ڕووبار و دەریا و كانی كانزای سروشتی گەورەوە بەند بوو، بەڵام ئێستە پێوەستە بە هەژموون و كۆنترۆڵكردنی تەكنەلۆجیا و ناوەندەكانی داتا و زانیاری و كارگەكانی دروستكردنی چیپ و پارچەی ئەلیكترۆنی. ئەو گۆڕانكارییە دیجیتاڵییە سەردەمێكی جیۆپۆلەتیكی نوێی دروست كردووە و چیتر پێگەی ستراتیجی جیۆگرافیا سەنتەری قورسایی نییە و چارەنووسی بڕیاری سیاسی دیاری ناكات، بەڵكو ئەو سەردەمە نوێیە و تێگەیشتن لە دینامیكیی تەكنەلۆجیا و پێویستی ستراتیجی لە تەنگژەكان كە ڕووبەڕووی دنیا دەبێتەوە، چۆن دواجار تەكنەلۆجیا بووە پێوەری هێزی نیشتمانی و باجی ئەو دۆزینەوە تەكنەلۆجی و پێشكەوتنە تەكنەلۆجیانە لەسەر ئابووری دنیا چییە؟

لە ناو دڵی ئەو گۆڕانكارییە گەورە كۆمپانیای ئنڤیدیا وەك هێزێكی ستراتیجی زەبەلاح دەركەوت كە بەهای لە بازاڕ گەیشتە پێنج تریلیۆن یۆرۆ، ئەمە نەك لە ئەنجامی خواست و ویستی سیاسی، بەڵكو بە كارێكی ژیرانە لە نێوان توێژێكی ژیری دەستكردنی بەرهەمهێنەر و ژێرخانی پیشەسازی فشەڵی دنیا. ئنڤیدیا یەكەكانی پرۆسێسكردنی داتاكانی كرد بە نەوتی دیجیتاڵی، ئەمڕۆ ئەندازە و عەقڵی تەكنەلۆجیا و نموونەكانی ژیری دەستكردە كە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دنیا بەڕێوەی دەبەن، دەرئەنجام و بەرهەمی ئەو ژێرخانە ئاڵۆزەیش پێگەیەكی ستراتیجی یەكلاكەرەوە و قورسیان پێ دەبەخشێت.

بەهۆی دابەشبوونی گەورە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆجیا و بەرهەمهێنانی چیپی ئەلیكترۆنی لە نێوان ئەمەریكا و تایوان و چین، ئەم سێ وڵاتە سێگۆشەیەكیان لەسەر گۆی زەوی دروست كردووە، كۆنترۆڵی نیوچە تەواوەتی ژیری دەستكرد و بەرهەمهێنانی پارچەی ئەلیكترۆنی و چیپ و پێشكەوتنە زەبەلاحەكانی ئەو بوارەیان كردووە.

ئەو قۆرخكارییەی ئەو سێ وڵاتە لە دنیا كردوویانە، تەنیا قۆرخكردنی مادە بەرجەستەكراوەكان نییە، بەڵكو مەعریفە و زانینی كاركردن لەو بوارانەیشیان قۆرخ كردووە، ئەو كەسانەی لە دنیا پسپۆری و شارەزایی تەواو و پێشكەوتوویان هەیە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پێشوازییان لێ دەكرێ و لە ناوەوەی وڵات دەهێڵرێنەوە، چونكە پسپۆری ئەو بوارە دواجار دەسكەوتنی قورس و دەگمەن دەبێت، لەگەڵ پێشڤەچوونی زیاتری تەكنەلۆجیا و ژیری دەستكرد، بۆیە تەنیا پارە و وەبەرهێنان لەو بوارە بە تەنیا بەس نییە، بێ پسپۆری و شارەزایی دەستی مرۆیی.

ئەمەریكا كە قەدەغەی بردنە دەرەوەی داهێنان و بیرۆكەی تەكنەلۆجی و پێشكەوتنەكانی كردووە، ئەمە تەنیا بڕیارێكی نییە بۆ مانەوەی بە پێشكەوتووی لەو بوارە، بگرە هەنگاوێكی ستراتیجییە بۆ ڕێگرتن لە پێشڤەچوونی نەیارەكانی كە لەو بوارە كێبەركێیانە بەتایبەت چین، لەو ڕێگەیەشەوە ئەمەریكا دەیەوێ جارێكی تر هەژموون بەسەر دنیا بسەپێنێتەوە.

ئەو هەنگاوە دووبارە پێناسەكردنەوەی هێزە و تەنیا دەرهێنانی مادە و دروستكردنی چیپ و پارچەی ئەلیكترۆنی نییە، بگرە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشەپێدان و ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتانه و چەكێكی بەهێزی داهاتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسساز لە نێوان وڵاتانی زلهێزی ئەو بوارە.

لەگەڵ ئەوەی كۆمپانیای ئنڤیدیای ئەمەریكی پارەیەكی زەبەلاحی لە وەبەرهێنانكردن لە دروستكردنی پارچە و چیپی ئەلیكترۆنی خەرج كردووە، دەیەوێ ببێتە پێشەنگ لەو بوارە و چینیش بەهەمانشێوە لە كێبەركێدایە، بەڵام لەو ناوەندەدا كۆمپانیای تی ئێس ئێم سی تایوانی ڕۆلی یەكلاكەرەوە دەبینێت، ئێستەیش پێشەنگی دروستكردنی چیپ و پارچەی ئەلیكترۆنی پێویستە بۆ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا لە دنیا و زۆرترین و پێشكەوتووترین چیپ و پارچەی ئەلیكترۆنی بەرهەم دەهێنێت، بۆیە هەر تەنگژە و گرفتێكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەو وڵاتە كاریگەری لەسەر تەواوی دنیا دەبێت.

ئەو پێشەنگەییەی تایوان وایكردووە لە دۆڵی سیلیكۆنی ئەمەریكا كە گەورە كۆمپانیاكانی تەكنەلۆجیای لێ كۆبووەتەوە، تایوان بە قەڵغانی مانەوەی دۆڵی سیلیكۆن ناوی ببرێت، هاوكات ئەو بەشدارییە زەبەلاحەی تایوان لە ئابووری دنیا و پێویستی دنیا بە بەرهەمە ئەلیكترۆنییەكانی بە بڕوای شارەزایان، دواجار دەبێتە ڕێگرێك لە بەردەم هەر هێرشێكی سەربازی چین بۆ سەر ئەو وڵاتە بچووكە.

لەگەڵ ئەوەی ئەمەریكا دەیەوێ ئەو شوێنە بە تایوان لەق بكات و كۆمپانیاكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە ببن بە پێشەنگی بەرهەمهێنانی پارچەی ئەلیكترۆنی، بەڵام ئەو ستراتیج و پلانەی ئەمەریكا رووبەڕووی دوو كۆسپی گەورە دەبێتەوە، یەكەمیان بریتییە لە تێچووی زۆر، دروستكردنی چیپ و پارچەی ئەلیكترۆنی لەسەر خاكی ئەمەریكا تێچووەكەی یەكجار زۆرترە بە بەراورد بەهەمان چیپ و پارچە كە لە تایوان بەرهەم دەهێنرێت، دووەم بەربەست بریتییە لە كات، دروستكردنی كارگەی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی ئەو پارچە ئەلیكترۆنییانە وا ئاسان نییە، ساڵانێكی زۆر كاركردنی دەوێ و دوای ئەوەیش دەستی كاری زۆر شارەزا و لێهاتووی پێویستە، ئەمانەیش تا ئێستە لە ئەمەریكا بە تەواوی بەردەست نین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د