دوای ساڵانێك لە ململانێ، ئێستە نزیكبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و دانوستان لەسەر ئاستێكی باڵا لە نێوان هەردوولادا هەیە، تا حكوومەتی بەغدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان بڵاوە پێ بكات و ئامانجیش لە دانانی سیستمی بەرگری، پاراستنی كێڵگەكانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانە لە دووبارەبوونەوەی هێرشكردنە سەریان كە لە ساڵانی دوایی چەندان جار بە ئامانج گیراوە، بەڵام عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، بەڵێنی پاراستنی كۆمپانیاكانی بیانی كە لە كەرتی نەوت و غاز كار دەكەن داوە، ئەمەیش پێویستی بەوەیە سیستمی بەرگری لە هەرێمی كوردستان دابنرێت.شرۆڤهكارانیش دووپات لهوه دهكهنهوه، كه وێرای ئهوهی تۆم باراك به پشتیوانیكردنی حكوومهتی مهركهزی وڵاتانی ناوچهكه ناسراوه، بهلام له دۆسیهی ههرێمی كوردستان به پێچهوانهی ئهمه بیر دهكاتهوه و پشتیوانی فیدڕاڵیهتی ههرێمی كوردستان و سهربهخۆی ئهمنی له ههرێمهكه دهكات.
گفتوگۆی ئێستەی هەولێر و بەغدا لەسەر دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە لە هەرێمی كوردستان، دوای هەوڵە زۆرەكانی تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كە دەیەوێ دوای نەهێشتنی ناكۆكییەكان، عێراق و سووریایش بكاتە دوو وڵاتی دراوسێ كە بەرژەوەندیی ئابووری گەورە و ئاسایشی هاوبەش بەیەكەوەیان ببەستێتەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا ڕوانینەكەی تۆم باراك ڕووبەرووی بەرهەڵستی زۆر دەبێتەوە، بەهۆی بوونی گرژی لەگەڵ بەغدا، چونكە سەركردەكانی كوردی عێراق پابەندبوون و گەرەنتی پاراستنی كوردستانیان دەوێ، دەشیانەوێ ئاسایش و سەربەخۆیی كە بە ماندووبوونی زۆر بە دەستیان هێناوە وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەوەیش گرژییەكان لە ناوچەكە زیاتر دەكاتەوە و ژێرخانی وزەی فشەڵی عێراق دەخاتە بەردەم هەڕەشەی گەورە، هەردوولا ناچار دەكات كە بە دوای چارەسەرێكی مامناوەند بگەڕێن.
لە 18ی حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ شاندێكی باڵای تەناهی بەغدا گەیشتنە هەولێر، بۆ هەڵسەنگاندنی میكانیزمی بڵاوەپێكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە كێڵگەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵی عێراق نیگەرانیی زۆری خۆیان دەربڕیوە كە هێزەكانی هەرێمی كوردستان، سەربەخۆیی تەواویان لە كاروباری تەناهیی هەرێمەكە هەیە، بەڵام ئەو سەردانە و گفتوگۆكان وا دەردەكەوێ جۆرێك گۆڕانكاری دروست كردووە و تا ئێستەیش وردەكاری كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئاسایشی ناوچەكە زۆر ڕوون نییە.
ئەو هاوئاهەنگییە تەناهییە باشەی نێوان هەولێر و بەغدا، پێوەستە بە لێكەوتی بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دروستبوونی ململانێیەكی كراوە لە ناوچەكە و تا هەشتی نیسان/ئەپریل بەردەوامی هەبوو، لەو ماوەیەدا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی میلیشیا چەكدارەكانی ئێران لە عێراق بووەوە، هێرشی درۆنی و مووشەكی كە میلیشیاكان كردیانە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمەكە، كاریگەریی لەسەر وەستانی كاركردنی كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن ئینێرجی ئەمەریكی و گرووپی كار و چەندان گەورە كۆمپانیای تر دروست كرد.
هەروەها هێرشەكان بەرهەمهێنانی ناوخۆی وزەی وەستاند و سەلماندی كە بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەرێمەكە، لە ژێر هەژموون و گوشاری میلیشیا چەكدارەكانی ئێرانن لە عێراق. بۆیە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و لە عێراق بە گشتی كار دەكەن، دووپاتیان لەوە كردەوە كە بێ گەرەنتیكردنی ئاسایش و سەلامەتیان ناتوانن دەست بە كارەكانیان بكەنەوە، ئەمەیش وای لە حكوومەتی زەیدی كرد كە بكەوێتە گفتوگۆیەكی چڕ لە نێوان هەولێر و بەغدا.
كارۆلین ڕۆز بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندی سەوفانی ئەمەریكی گوتی، بڵاوەپێكردنی هێز لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە و پێوەندییەكان لە نێوان دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانیش باشە، بەڵام بۆردمانەكان پێگەكانی بەرهەمهێنانی هایدرۆكاربۆناتیان كردە ئامانج، ئەمەیش فشەڵی ئاسایش و پاراستنی ئەو پێگانەی دەرخست، ئەو هەڕەشەیە وای لە هەردوولا كرد كە ناكۆكییەكانیان هەڵپەسێرن ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت، بۆ ئەوەی بتوانن سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی تۆكمە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە لە هەرێم و تەواوی عێراق جێگیر بكرێت.
ڤلادیمێر ڤان وڤێلگنبێرگ یەكێك لە نیشتەجێبووانی هەولێر گوتی، پرۆسەی بڵاوەپێكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆری هەیە و پێشنیازی كرد كە ئەو هەنگاوە بە كردەیی لە واقیع جێبەجێ بكرێ و هاریكاری تەناهیی لە نێوان هەولێر و بەغدا زۆر بەهێزتر دەكات، گرنگە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی تری عێراق بە هاوبەشی مەشقی لەسەر بكەن. هاوكات كارۆلین رۆز گوتی، گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە سەرەتای هاوئاهەنگییەكی زۆر باشتر، بەڵام هەوڵەكانی ئێستە بە پلەی یەك بۆ دروستكردنی متمانەن لە نێوان هەردوولا.
محەمەد ساڵح توێژەرێكی پەیمانگەی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمەریكا گوتی، ناردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بەغداوە بۆ هەولێر زۆر دواكەوتووە، پێویست بوو لەسەر واشنتن لە زووەوە گوشار لەسەر بەغدا بكات، بۆ بڵاوەپێكردنی ئەو سیستەمە لە هەرێمەكە، بەڵام ئەو سیستمە نابێ ببێت بە ئامرازێك بۆ فراوانكردنی هەژموونی بەغدا بەسەر هەرێم یان گرووپە میلیشیاكانی ناو دەوڵەتی عێراق بۆ زاڵبوونی هەنگاو بە هەنگاو بەسەر هەرێمی كوردستان.
ئەو دۆسیەیە جارێكی تر كەوتە بەرباس، دوای ئەوەی زەیدی لە چەند هەفتەی ڕابردوو هەڵمەتی كۆكردنەوەی چەكی لە دەستی دەوڵەت ڕاگەیاند، بەڵام سەركردەكانی كورد دووپاتیان لەوە كردەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە بەشێكن لە سیستمی بەرگریی عێراق و وەرگرتنەوەی چەك لەگەڵ پێشمەرگە بوونی نابێت.
ساڵح گوتی، هیچ پلانێك بۆ چەكداماڵینی پێشمەرگە بوونی نییە، ئەوەی ئێستە هەیە گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێرانە لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبی، پێشمەرگە دۆخێكی تایبەتی هەیە و بەگوێرەی مادەی 121 دەستووری هەمیشەیی عێراق ددانی پێدانراوە، بەڵام ددانی بە حەشدی شەعبی وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق و هێزە چەكدارەكانی عێراق نەناوە.
پێگەی "
ئەمواج" نووسیویەتی، ئەو جیاوازییە وایكردووە گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق بە ئامانج هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكان ئاڵۆز بكات، سەركردەكانی كورد بۆ تۆم باراك دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەك نابێ ناوی پێشمەرگە لەو دۆسیەیە بهێنرێت، لەبری ئەوە گوشاریان لەسەر تۆم باراك دروست كردووە، كاری لە پێشینە بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەكداماڵینی گرووپە شیعەكانی سەربە ئێران بێت، چونكە ئەمە تاكە ڕێگەیە بۆ گەرەنتی پاراستن و ئاسایشی كەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
بەشێك لە شرۆڤەكاران كە پێشتر دووپاتیان لەوە دەكردەوە، تۆم باراكی نێردەی ترەمپ خواستی لە بە مەركەزیكردنی وڵاتانی ناوچەكە هەیە، ئەمەیش وا دەكات هەرێمی كوردستان ببێت بە دژیەكێكی دیار بەرانبەر بە پلانەكانی، بەڵام زۆرن ئەو ڕوانینەی باراك ڕەت دەكەنەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، تۆم باراك تا ئێستەیش پشتیوانییەكی بەهێزی دۆخی فیدراڵی هەریمی كوردستانە، بەڵام هۆشداریی بە واشنتن داوە كە هەڵەیەكی ستراتیجییە لە ڕووی كاروباری ئاسایشەوە دۆخی هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی لە دەست بدات، چونكە هەژموونی ئەمەریكا لە بەغدا زۆر سنووردارە و گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران و هاوپەیمانەكانی خاوەنی زۆرترین هەژموون بەسەر دامەزراوەكانی سیاسی و تەناهیی سەرەكی لە بەغدا.
هاوئاهەنگیی تەناهیی نێوان هەولێر و بەغدا پشكدار بوو لە گەڕانەوەی كۆمپانیاكانی نەوتی بیانی بۆ عێراق، لە حوزەیران/یۆنیۆ كۆمپانیای نەوتی شیڤرۆن و هالیبرتۆنی ئەمەریكی چاویان بە بەرپرسانی عێراق كەوت، تا گفتوگۆ لەسەر دەستكردنەوە بەكارەكان و وەبەرهێنانەكانیان لە عێراق بكەن، ئەمەیش گەڕانەوەی سەرەتایی متمانەیە بە دۆخی ناوچەكە دوای دەستكردنی ئەمەریكا و ئێران بە گفتوگۆی ئاشتییانە. هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 24ی حوزەیران/یۆنیۆ دووپاتی كردەوە، زۆر لە كۆمپانیاكانی نەوت دەستیان بە كارەكانیان لە كێڵگەكانی نەوت كردووەتەوە.