بەڵگە؛ ڕێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتی کۆپییەکی تەواوی ڕێککەوتنەکەی گۆڕانە

:: AM:09:54:03/07/2026 ‌
بە بەراوردکردنێکی وردی داتاکان و ناوەڕۆکی هەردوو ڕێککەوتنی (یەکێتی - گۆڕان لە ساڵی 2016) و (یەکێتی - نەوەی نوێ لە ئێستە)، بەڕوونی دەسەلمێنرێت کە ڕێککەوتنەکەی دوێنێ تەنیا کۆپییەکی نوێکراوەی ساڵی 2016یە و هەمان ئەو خاڵانەی تێدایە کە حكوومەت و دەسەڵاتدارانی ناوچەی سلێمانی لە ڕابردوودا نەیانتوانی یان نەیانویست جێبەجێی بکەن. بەم هۆیەوەش چاودێران پێشبینی دەکەن هەمان چارەنووسی گۆڕان چاوەڕێی نەوەی نوێ بکات.

بەپێی بەڵگە و داتاکانی ناو هەردوو دەقەکە، خاڵە لەیەکچووەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

یەکەم: لە پرسی دەسەڵاتی دادوەریدا؛ لە ڕێککەوتنەکەی 2016دا هاتووە "سەربەخۆكردنی تەواوی دەسەڵاتی دادوەری"، لە ڕێککەوتنەکەی نەوەی نوێشدا هەمان خاڵ دانراوەتەوە و دەڵێت ، ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری و دوور لە دەستێوەردانی حزبی.

دووەم: لە پرسی پەرلەماندا؛ لە 2016دا هاتووە، کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی کوردستان، بۆ نەوەی نوێش نووسراوە بەهێزکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان.

سێیەم: لە پرسی دەستوور و لامەرکەزیەت؛ گۆڕان و یەکێتی لە 2016 ڕێککەوتبوون لەسەر کارکردن بۆ هێنانەدی دەستوورێکی دیموکراتی و مەدەنی و پێدانی تەواوی دەسەڵات بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، نەوەی نوێش ڕێککەوتووە لەسەر پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و دابەشکردنێکی هاوسەنگ لە نێوان دامەزراوە و ناوچەکاندا.

چوارەم: لە پرسی بەغدا و پەیوەندییەکان؛ لە 2016دا بڕیار بوو پێکهێنانی هاوپەیمانیی فراکسیۆنەکانی هەردوولا لە پەرلەمانەكانی عێراق و كوردستان"بکرێت، لەگەڵ نەوەی نوێش بووەتە یەکخستنی هەڵوێستە سیاسییەکان لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

پێنجەم: لە میکانیزمی جێبەجێکردندا؛ هەردوو ڕێککەوتنەکە پشتیان بە یەک میکانیزم بەستووە کە پێکهێنانی "لیژنەی هاوبەش"ـە، کە پێشتر لەگەڵ گۆڕان ئەو لیژنانە بێ بەرهەم بوون.

هۆکاری ئەوەی کە دەگوترێت ئەم ڕێککەوتنە بێ بەرهەم دەبێت ئەوەیە، ئەو لایەنەی کە خاوەنی دەسەڵاتە، لە ساڵی 2016 کاتێک گۆڕان هێزێکی زۆر گەورەتر بوو نەیتوانی ئەم دروشمانە جێبەجێ بکات، بۆیە ئێستە بۆ نەوەی نوێ جێبەجێی ناکات و تەنیا بۆ بەکارهێنانیانە وەک کارتێکی فشار بەرانبەر پارتی، کە ئەمەش بەفەرمی وای کرد شاسوار عەبدولواحید تەواوی کورسییەکانی ڕادەستی یەکێتی بکات و کۆتایی بە نەوەی نوێ بهێنێت.

لەمبارەیەوە، عەبدوڵا مەلا نووری پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان، لە پەیامێکدا ڕای گەیاندووە، بەشێکی بەرچاوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ لە بوارەکانی شەفافیەت، نەهێشتنی گەندەڵی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵک، هەرزانکردنی نرخی غاز و کارەبا و بەنزین، و سەربەخۆیی دادگا، دەکرێت هەر لە سبەینێوە لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو سەرکردەیە دووپاتی کردەوە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکە، ئەوا چاوەڕێی هیچ لایەنێکی تر مەکەن و لەم سنوورەی کە خۆیان تێیدا حاکمی ڕەهان، جێبەجێی بکەن با خەڵک ئەنجامەکەی ببینێت.

لە لایەکی ترەوە هانا چۆمانی ڕۆژنامەنووس، لە پەیامێکدا باس لەوە دەکات کە پرسی "هاوسەنگیی هێز" لای یەکێتی بووەتە نەخۆشی، و پێشتر کە خاوەنی 57 کورسی بوون نەیانتوانی ئەو هاوسەنگییە دروست بکەن، چ جای ئێستە کە بوونەتە کەمینە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە لیستی 20 هەنگاوی هەڵە و شکستخواردووی ڕابردوو دەهێنێتەوە کە هەموویان بە پاساوی "گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز" نراون، لەوانە: جیابوونەوەی گۆڕان، هاوپەیمانیی کوردستانی، تێکەڵبوونی زەحمەتکێشان، ڕێککەوتن لەگەڵ گۆڕان، ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی، ڕێککەوتن لەگەڵ حەلبووسی و ڕەیان و قەیس، هێنانەوەی د. بەرهەم، لامەرکەزیی پارێزگاکان، پڕۆژەی هەرێمی سلێمانی، کوودەتای سەر لاهوور شێخ جەنگی، بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان، جینۆسایدی لالەزار، گرتنی داروبەرد، هەڕەشەی دووئیدارەیی، تەسلیمبوون بە تورکیا، و کۆتا هەنگاویش تێکەڵبوونی نەوەی نوێیە لەگەڵ یەکێتی بۆ هاوسەنگیی هێز.



وشە - پۆڵا مەحموود