ڤیدیۆكانی ئەندامانی نەوەی نوێ لە كاتی گرتنی شاسوار عەبدولواحیددا بەردەوام بڵاو دەكرێنەوە، ئەو ڤدیۆیانەی باس لەوە دەكەن، شاسوار متمانەی 300 هەزار دەنگدەر بە یەكێتی لە پێناو خۆیدا نافرۆشێت. پەرلەمانتارێكیان دەڵێت، من دەیناسم بشمرێت متمانەی هاوڕێكانی نادۆڕێنێت.
لەگەڵ واژووكردنی رێككەوتنەكەی شاسوار و یەكێتی، پەیتا پەیتا هاووڵاتییان ڤیدیۆ كۆنەكانی ئەندامانی نەوەی نوێ و شاسوار بڵاو دەكەنەوە كە پێشتر چۆن قسەیان كردووە و بۆ فریودانی خەڵك چییان گوتووە.
ماوەی چەند رۆژێكە ڤیدیۆیەكی ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە كەركووك بڵاو دەكرێتەوە، بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە بێت، لە سەروبەندی گرتنی شاسوار تۆمار كراوە.
ئومێد بۆ هاوڕێیانی لە نەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەكات، ئەو دەمێكە شاسوار دەناسێت و دەزانێت چەند خاوەن پرەنسیپە و هاوڕێكانی بەجێناهێڵێت و لە پێناو بەهاكانیدا دەجەنگێت.
ئومێد دەڵێت، شاسوار بشمرێت لە پێناو پرەنسیپەكەیدا دەمرێت، هەرگیز متمانەی هاوڕێكانی و دەنگدەرانی نەوەی نوێ نادۆڕێنێت و سەودایان لە گرتووخانە پێ ناكات.
ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەیەكی زۆری هەیە. هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن ئەرێ پرەنسیپەكانی سەرۆكی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن چیی بەسەر هات، بۆچی لە پێناو گیرفانی خۆی هەمووی دا بە یەكێتی؟
بە بڕوای چاودێران، نەوەی نوێ هەر لە سەرەتاوە هێزێكی بێ پرەنسیپ بوو، هێزێك بوو لە پێناو دەوڵەمەندتركردنی شاسوار دروست كرا و دواجاریش هەر لە پێناو ئەودا كۆتایی پێ هێنرا، بەڵام ئەو چەمك و زاراوانەی لە كاتی ئۆپۆزسیۆندا فڕێیان دەدا، جێی تێڕامان بوون.
لە مێژووی بزووتنەوە كوردییەكانی باشووری كوردستاندا، نەوەی نوێ بەیەكەم هێز دادەنرێت كە زوو خۆی رادەستی پارە و دەسەڵات كرد، لەپێناو دەسەڵات و پارەدا كۆتایی بە تەمەنی خۆی هێنا، دەگوترێت تەمەنكورترین بزووتنەوەی كوردی بووە.
ڤیدیۆكەی ئەو پەرلەمانتارە، دەرخەری ئەوەیە كە ئەو هێزە بەتایبەت كەسە سەرەكییەكانیان، هیچیان باوەڕیان بەو چەمك و زاراوانە نەبوو فڕێیان دەدایە ناو كۆمەڵگەی كوردی، ئێستە لە پێناوی بەرژەوەندیی كەسی خۆیان ئامادەن دژی ئەو مێژووە بوەستنەوە، تەنانەت بەرگریش لە هەڵگەڕانەوەیان دەكەن و هێشتا دەیانەوێت بەم جۆرەش خەڵك فریو بدەن.
یەكێك لەوانەی لەناو ئەو گرووپەدا زۆر باسی پرەنسیپ و بەهاكانی دەكرد هیمداد شاهین بوو، هیمداد ئەگەرچی پێشتریش لەناو رۆشنبیری كوردی بەكەسێكی بێ پەرەنسیپ ناسرابوو.
هەر رۆژانی سەرەتای نەوەی نوێ شاسوار كاتێك باسی پێدانی شووقەیەكی بۆ دەكات یەكسەر كەركووك جێدێڵێت و بێ ئەوەی بیركاتەوە و پرۆژەكە ئامادەیە دەستبەرداری بەهاكانی بێت.
بەبڕوای چاودێران ئەوەی كە ئێستە ئەو گرووپە كێشەیان نییە دژی بەهاكانی خۆیان دەجەنگن ئەوەیە كە ئەوان پێشتر هیچ بەهایەكیان نەبووە، تەنیا بەناوی بەهاكانەوە و ئامانجیان پارەپەیدا كردن بووە.