ڕۆژنامەی ئیسرائیل تودەی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، جەنگ هاوسەنگی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا ململانێكان كۆتاییان نەهاتووە و یەكلا نەبوونەتەوە، چونكە تەلئەبیب تا ئێستەیش رووبەڕووی هەڕەشەی سەربازی و تەناهی لە بەرەكانی غەزە و لبنان و سووریا و ئێران دەبێتەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لەو كاتەوەی جەنگ و ململانێكان لە نزمترین ئاستەوە لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2023 دەستیان پێ كرد، تا دوا جەنگ كە لە نیسان/ئەپریلی ئەمساڵ كۆتایی هات، هاوسەنگی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی گۆڕی، ئیسرائیل سەرەڕای دەسكەوتە سەربازی و سیاسییەكانی، بەڵام ململانێ و هەڕەشەكانی سەر وڵاتەكەی كۆتایی نەهاتووە و تا ئێستەیش لە چەندان لاوە بەرەی جەنگ و ململانێكان بە كراوەیی و بێ یەكلابوونەوە ماونەتەوە.
مئیر بن شبات سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و سەرۆكی پەیمانگەی "مەسغاف" گوتی، دووكەڵ و خۆڵبارینەكانی جەنگ درێژە دەكێشێت تا كۆتایی و دواجاریش ناوی ئیسرائیل لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی بوێری و توانا زۆرەكانی و سووربوون لەسەر یەكلاكردنەوەی جەنگەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی دەردەكەوێت.
زیاتر گوتی، ئەوەی ئیسرائیل تا ئێستە بەدەستی هێناوە، گۆڕانی لێكەوتەكانی هێرشی حەوتی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر بوو بۆ پێگەیەكی بەهێز لە ناوچەكە، ئەوە تەنیا دەسكەوتێكی سەربازی و سیاسی نەبوو، بەڵكو گۆڕانی وشیاری بوو لە هزری دوژمنەكانمان كە ئێستە وەك پێشتر ناوێرن بڵێن، ئیسرائیل ماڵێكی دروستكراوە لە تەونی جاڵجاڵۆكە.
ئیسرائیل هێز و توانای خۆی لە چەندان بەرەی جەنگەوە پێشان دا، كەرتی غەزە خاڵی سەرەتای دەستكردن بە جەنگ بوو و ژمارەیەكی زۆری لێ گرتن و بە ڕێژەی 70% وێرانی لە كەرتی غەزە دروست كرد، هەڵمەتەكانی سوپای ئیسرائیل لە ڕووی جیۆگرافییەوە فراوانبوون و هێڵی سوور بۆ نەیاران دانرا، یەحیا سەنوار و ژمارەیەكی تر لە گەورە سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماسی كوشت، ئەمە گۆڕانێكی گەورە بوو لە سیاسەتی بەرگری لەخۆكردنەوە بۆ سیاسەتی هێرشبردن و كۆنترۆڵكردنی ناوچەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
سەرەڕای ئەوەیش ئیسرائیل تا ئێستە دوورە لە بەدیهێنانی یەكلاكەرەوەی ئامانجەكانی و شكستهێنانی یەكجارەكی و تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس، ئەمەریكا هانی وڵاتان دەدات كە دووبارە كەرتی غەزە ئاوەدان بكرێتەوە و بەرهەڵستی دووبارە دەستكردنەوە بە ئۆپراسیۆنەكان دەكات، لە كاتێكدا بزووتنەوەی حەماس لەو ناوچەیە ماون و خەڵكی ناوچەكە دەخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان و توانا سەربازییەكانی خۆیان دەپارێزن، بێ ئەوەی ئامادەكاری بۆ دەستەرداربوون لە چەك و هەژموونی خۆی لە كەرتی غەزە بكات.
بەرپرسانی سیاسی و تەناهی ئیسرائیل دووپات لەوە دەكەنەوە، بەدیهێنانی ئامانجی سەرەكی جەنگ و ململانێكان قورس دەبێت، ئەگەر كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر كەرتی غەزە و دانیشتووانەكەی نەسەپێنن.
لە بەرەی لبنان، سەرەتا حزبوڵا نەهاتە پاڵ حەماس، بەڵام لەو وێستگانەی كە یەكلاكەرەوە بوون بەشداری ململانێكانی كرد، بەڵام دواجار سوپای ئیسرائیل سەركەوت لە تێكشكاندنی پلانەكانی ئەو دوو گرووپە و ئۆپراسیۆنەكانی درێژە پێ دا، هەروەها ئەمینداری حزبوڵا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەكی تر گەورە سەركردەكانی حزبوڵای كوشت، تونێلی تیرۆریستان لە تەواوی ناوچەكە كەوتە دەستی سوپای ئیسرائیل، ئێستەیش كۆنترۆڵی تەواوەتی تا ڕووباری لیتانی لە لبنان كردووە و هێڵی نوێی بەرگریی ڕووباری لیتانییە.
ئێستە جۆرێك لە ترس و دوودڵی لە ناوخۆی ئیسرائیل هەیە، بەوەی ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران دەبێتە هۆی گۆڕینی سروشتی پشتیوانی و كۆمەككردنی حزبوڵا و حەماس لەلایەن ئێرانەوە.
لە گۆڕەپانی سووریا، كەوتنی ڕژیمی ئەسەد لە كۆتایی 2024 و بەردەوامی هەڵمەتەكانی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی تواناكانی سووریا و بڵاوەپێكردنی سوپای ئیسرائیل لە پێگەی ستراتیجی چیای شێخ لە سووریا، واقیعێكی نوێی تەناهی لە بەرزاییەكانی جۆلان دروست كردووە و ئیسرائیل ئێستە زاڵە بەسەر هێڵی بەرگری لە ناوخۆی قووڵایی خاكی سووریا، لە كاتێكدا پێشتر دووپات لەوە دەكرایەوە كە ئەو ئامانجە ناتوانرێ بەدەست بهێنرێت.
بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دەیەوێ بۆچوون و خواستە هەڵەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ لەبارەی گەیشتنە ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ سەركردایەتیی سووریا ڕاست بكاتەوە، چونكە بەرپرسانی ئیسرائیل سوورن لەسەر ئەوەی كە سەرۆكی ئێستە سووریا بە "تیرۆریستێك كە قاتی فەرمی لەبەرە" ناو دەبەن.
ئیسرائیل نایەوێ دۆسیەی حزبوڵا لەگەڵ سەركردایەتیی سووریا هاوبەشی پێ بكات و پشت بە سووریا ببەستێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو بیرۆكەیە لەلایەن ترەمپەوە خراوەتە ڕوو، دوا ئاڵنگاری و گرفتیش بۆ ئیسرائیل لە ناوچەكە بریتییە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، كە ئەو خواستی پاوانخوازی و فرەوانخوازی خۆی لە ناوچەكە نەشاردووەتەوە و بە ئاشكرا باسی لێوە دەكات.
ئێران تا ئێستەیش سەرچاوەی هەڕەشەیە و سەرەڕای دانوستانەكان، تەلئەبیب پلان بۆ بەرگریكردن و هێرشكردنە سەر ئێران دادەڕێژێت و لە ئامادەكاری تەواودا دەبێت، بۆردمانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە توانای مووشەكی بالیستیك و بەرنامەی ناوكی بۆ چەندان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە، بەڵام هەڕەشەكەی بەیەكجاری هەڵنەگرتن، بەڵام ئێستەیش تاران بە هەمان ئاراستە هەنگاو دەنێت.
بن شبات دەڵێ، ئێران هەڕەشەیەكی سەرەكی بوو بۆ ئیسرائیل بەر لە دوو ساڵ و نیو، لەوكاتەی كە توانای مووشەكی و سەربازی و ناوكی پەرە پێ دەدات، بەڵام بەهۆی هێرش و بۆردمانی گەورە كە بووە هۆی كوشتنی عەلی خامنەیی و زۆر لە سەركردەكانی ڕژێمەكە، گورزێكی كوشندەی بەركەوتووە.
بە هەموو شێوەیەك جەنگ و ململانێكان كۆتاییان نەهاتووە، بەڵام دۆخی ئیسرائیل زۆر باشتر و بەهێزترە بە بەراورد لەگەڵ پێش دەستپێكردنی جەنگ، حكوومەتی تەلئەبیب تا ئێستەیش گەیشتنە ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران بە دوور دەزانێت، بۆیە سوپا بە دۆخێكی ڕاگوزەر و كاتی تێپەڕ دەبێت و لە ئامادەباشیدایە بۆ جەنگ و وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەك.