ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، ئێران و ڕووسیا و كۆریای باكور و وڵاتانی تر كە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بە فراوانی پەنا بۆ بەكارهێنانی دراوی ئەلیكترۆنی لە مامەڵەكانیان دەبەن و ئەمەیش بووەتە دەرچەیەكی زۆرباش بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە.
لە راپۆرتێكی ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ هاتووە، بەگوێرەی
داتاكانی ئەو كۆمپانیایانەی كە چاودێری مامەڵەكان لە رێی دراوی ئەلیكترۆنی دەكەن، ئەو سێ وڵاتە و وڵاتانی تری سزا بەسەردا سەپێنراوە، لە ساڵی 2025 بە قەبارەی 100 ملیار دۆلار مامەڵەیان لە ڕێی دراوی ئەلیكترۆنی كردووە.
ئەو بڕە زەبەلاحەی مامەڵەكردن بە دراوی ئەلیكترۆنی بە بەراود بە ساڵی 2024، زیاتر لە هەشت هێندە زیادی كردووە، هەریەك لە ئێران و ڕووسیا و كۆریای باكور و وڵاتانی تر زۆر پێشكەوتوو بوون لە چۆنیەتی بەكارهێنانی دراوی ئەلیكترۆنی و دانانی پێگەی ئەلیكترۆنی و سەكۆی مامەڵەكردنی دراوی ئەلیكترۆنی تایبەت بەخۆیان، تا لەو ڕێیەوە سزاكانی سەریان بشكێنن و بە ئاسایی مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بكەن.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئاگادار و كۆمپانیاكانی شیكاری دراوی ئەلیكترۆنی، ئێران و رووسیا لە ماوەی ڕابردوو دراوی ئەلیكترۆنیان بۆ كڕینی درۆن و پارچەی جیاجیای چەك بەكار هێناوە، هاوكات ڕووسیا ئەو جۆرە دراوانەی بۆ پێدانی مووچەی دەریاوانی بەكارهێناوە كە نەوتی وڵاتەكە بۆ دەرەوە دزە پێ دەكەن و هەناردەی دەكەن.
هاوكات كۆریای باكور، دراوی ئەلیكترۆنی بۆ كڕینی سووتەمەنی و كەلوپەلی سەربازی بەكار هێناوە، ئەو مامەڵانەی لە ڕێی دراوی ئەلیكترۆنییەوە دەكرێت، سنوورەكانی بانكی كلاسیكی و چاودێریكردنی سەرچاوەی پارە و مامەڵەكان تێدەپەڕێنێت و ڕۆڵێكی میحوەری لە خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا دەگێڕێت.
بابەتەكە هەر لێرەوە ناوەستێت، بگرە تیمی هاككەرانی ئەو وڵاتانە لە سەكۆكانی مامەڵەكردن بە دراوی ئەلیكترۆنی، خەریكی هاككردنی ئەكاونتی ئەو كەسانەی خاوەنی دراوی ئەلیكترۆنی و دزینی دراوی ئەلیكترۆنین، بەرپرسانی ڕۆژئاوا دووپات لەوە دەكەنەوە كە پیۆنگیانگ پێشەنگی ئەو بوارەیە و كۆریای باكور ئەو تۆمەتانەی بە توندی ڕەت كردەوە و ئەمەی بە دروستكردنی هەستی دوژمنكاری لەلایەن ئەمەریكاوە دژی كۆریای باكور ناوبرد.
دیمیتری بیسكۆف گوتەبێژ بە ناوی كۆشكی كرملێنی ڕووسیا لەوبارەیەوە قسەی كردووە و دەڵێ، مۆسكۆ سزاكانی وڵاتانی دنیا بۆ سەر خۆی بە نایاسایی بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەبینێت، بۆیە حكوومەت میكانیزمی جێگرەوەی گرتووەتەبەر كە ڕێی بە ئابووری وڵات دەدات بەشێوەیەكی سروشتی كار بكات و بەڕێوە بڕوات.
ئەمەریكا هەوڵ دەدات ئەو گرفتە كۆتایی پێ بهێنێ و ئەو ڕێگەیەیش لەو وڵاتانە بگرێ كە سزایان بەسەردا سەپاندوون، بەڵام دراوی ئەلیكترۆنی سیحری گەمارۆ و سزاكانی ئەمەریكای پووچەڵ كردووەتەوە. هەرچەندە ئێستە بەهۆی دانوستان و گفتوگۆی ئاشتی گەمارۆ و سزاكانی بەشێوەیەكی كاتی لەسەر ئێران هەڵگرتووە، و تاران بە ئازادانە دەتوانێ نەوتەكەی بفرۆشێت.
وەك ڕێوشوێن دژی بەكارهێنانی دراوی ئەلیكترۆنی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، ئەمەریكا دەستی بە جووڵە كردووە و لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو، سزای توندی بەسەر چوار سەكۆ و جزدانی ئەلیكترۆنی دراوە ئەلیكترۆنییەكان سەپاند كە دیارترینیان سەكۆی "نۆبیتكس" بوو، كە زۆرترین مامەڵەی ئێران و ڕووسیا و كۆریای باكوری بە دراوی ئەلیكترۆنی لێ ئەنجام دەدرات.
سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا گوتی، ئەمەریكا دەستی بەسەر ملیارێك دۆلاری ئێرانی بە دراوی ئەلیكترۆنی گرتووە، ئەمەیش لە كاتێكدا سەكۆی نۆبیتكس و بت بن دووپاتیان لەوە كردەوە كە هیچ مامەڵەیەكی نایاسایی لە سەكۆكانیان ئەنجام نادرێ و ئەوانەی كە مامەڵە بە دراوی ئەلیكترۆنی دەكەن، كەسانی ئاسایین و دوو سەكۆكەی تر ڕەتیان كردەوە لەوبارەوە قسە بكەن.
هاوكات لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا مانگی ئایار/مایۆی ڕابردوو، لەندەن گەورەترین سەكۆی مامەڵەكردن بە دراوە ئەلیكترۆنییەكانی لە دنیا خستنە ناو لیستی رەشەوە بە تۆمەتی پشتیوانیكردنی لە حكوومەتی رووسیا، سەكۆكە كە ئێچ تی ئێكسە دووپاتی كردەوە، لەگەڵ حكوومەتی بەریتانیا گفتوگۆ دەكات تا مەترسییەكانی لەندەن بڕەوێنێتەوە و سزاكانی سەری هەڵبگرێت.
زاڵبوونی تەواوەتی بەسەر بازاڕی دراوە ئەلیكترۆنییەكانی كارێكی مەحاڵ و ئەستەمە، چونكە بەشی هەرە زۆری بازاڕی دراوی ئەلیكترۆنی ناڕێكخراوە و مامەڵەكردنیش بێ زانینی ناسنامەی كڕیار و فرۆشیار ئەنجام دەدرێت، ئەمەیش وایكردووە كە كارێكی قورس بێ، چاودێری جووڵەی دراوە ئەلیكترۆنییەكان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بكەن.