تەندروستی و مەترسییەكان.. پێوەندیی نێوان تەماشاكردنی تۆپی پێ و تەندروستیی دڵ

:: PM:03:24:07/07/2026 ‌
جەماوەری وەرزش و بەتایبەتی تۆپی پێ لە كاتی تەماشاكردنی یارییەكان، تووشی حاڵەتی دڵخۆشی و حەماس و دڵەڕاوكێ دەبن و ئەو هەستە لەلایان بە ئاسایی دەبینرێت، بەڵام پزیشكانی بواری دڵ وێڕای ئەوەی هەندێك جار بە ئاسایی بۆ تەندروستی دەبینن، بەڵام لە هەندێك حاڵەتیشدا بەپێچەوانەوە دەیبینن بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كێشەی تەندروستیی دڵیان هەیە، بۆیە لێرەدا بە وردی باس لە حاڵەتە تەندروستییەكە دەكرێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، لەبارەی حەماسی جەماوەریی وەرزش و بەتایبەتی كە ئێستە یارییەكانی مۆندیال بەڕێوە دەچێت، دكتۆر ویلیام زوگبی كە سەرۆكی بەشی نەخۆشییەكانی دڵە لە نەخۆشخانەی هیوستن میتۆدیست، بە وردی باس لە دۆخی جەماوەریی یارییەكان دەكات كە لەڕووی تەندروستییەوە كاتێك تووشی حەماس دەبن، چونكە حەماسەكە لە نێوان دڵخۆشی و دڵەڕاوكێدا جیاواز دەبێت، كاریگەریی لەسەر دڵ دەبێت و بەتایبەتی لە حاڵەتی دڵەڕاوكێدا، لێدانی دڵ خێرا دەبێ و پاڵەپەستۆی خوێن بەرزتر دەبێتەوە. ئەمەیش وریایی زیاتر دەوێ.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، كاتێك جەماوەری عاشق بە تۆپی پێ بە پەرۆشەوە تەماشای یارییەك دەكەن و هانی تیپێكی دیاریكراو دەدەن، لە كاتی گۆڵكردن یان لێدانی یاریزانێك "فاوڵ" و یان لەوكاتانەی دەرفەتی گۆڵكردن لە دەست دەردەچێت، زیاتر تووشی حەماس دەبن و یان دڵخۆش دەبن، یان تووشی دڵەڕاوكێ دەبین، لە حاڵەتەیشدا لێدانی دڵ خێراتر دەبێت و پاڵەپەستۆی خوێنیش بەرزتر دەبێتەوە، هەموو ئەوانەیش كاریگەرییان لەسەر تەندروستیی دڵ دەبێت، وەك ئەوەی كاتێك مرۆڤ تووشی رووداو یان هەڵوێستێكی دیاریكراوی پڕ مەترسی و چارەنووسساز دەبێت، تووشی هەمان حاڵەتی تەندروستی دەبێت.

پزیشكەكە ئاماژە بەوە دەدات كە كاتێك مرۆڤ تووشی هەڵوێستێكی دەروونی و جەستەیی دەبێت، بەهەمانشێوە جەستە هۆرمۆنێك دەردەدات كە كاریگەریی لەسەر خێرایی لێدانی دڵ دەبێت یان بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، بۆیە ئەوە هۆشداریدانە بۆ بەئاگاهاتنەوە تا بتوانێ رووبەڕووی حاڵەتەكە ببێتەوە، كاتێكیش جەماوەری وەرزش تووشی هەمان حاڵەت دەبن،  خۆیان هەستی پێ ناكەن و ئەوە جەستەیە زیاتر هەستی پێ دەكات، بۆیە گرنگە لەو حاڵەتەدا مرۆڤ كۆنترۆڵی بكات.

ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە پێویست نییە ئەوانەی تووشی ئەو حاڵەتە دەبن بكەونە ناو دڵەڕاوكێوە، چونكە لەو حاڵەتەدا خێرایی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، مەترسییەكی زۆر رژد و مەترسییەكی زۆر نییە، تەنیا زیاتر بۆ ئەوانەی كێشەی تەندروستیی دڵیان هەیە حاڵەتەكە جیاواز دەبێت، چونكە خێرایی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، وا دەكات بۆ ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە زیاتر ماندوویان بكات، ئەگەری زۆرە تووشی ئازاری سینگ و هاوكات پشووسواری ببن، ئەوەیش بۆ ئەو حاڵەتانە باش نییە.

بەشێوەیەكی گشتیی ئەو پزیشكە پێی وا نییە حاڵەتی دڵەڕاوكی لە كاتی تەماشاكردنی یاریی تۆپی پێ یان هەر یارییەكی وەرزشی، مەترسییەكی رژد بێت، بۆیە پێویست ناكات لەو حاڵتەدا كەسی تووشبوو خۆی تووشی دڵەڕاوكێ بكات.

دووپاتی دەكاتەوە كە تەنیا بۆ ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە، پێویستە وریایی حاڵەتەكە بن، هاوكات ئەوانەیش كە لە كاتی دڵەڕاوێكدا تووشی گرژبوونەوەی ماسولكەكانی دڵ دەبن، تەنانەت ئەگەر هەست بە تووشبوونی حاڵەتەكەیش نەبن، ئەوەیش حاڵەتێكی زۆر دەگمەنە.

دواتریش دكتۆر ویلیام زوگبی دووپات دەكاتەوە، هەموو ئەوانەی لە كاتی تەماشاكردنی یاریی وەرزشی و بەتایبەتی یاریی تۆپی پێ كە ئێستە لە ناوجەرگەی مۆندیالداین، تووشی خێرایی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن دەبن، مەترسییەكی رژدیان لەسەر نابێت و لە دوای یارییەكە بە ئاسایی ئارام دەبنەوە و چاك دەبنەوە، بەڵام دڵەڕاوكێی زۆر و حەماسی زیاتر، مەترسیی زیاتر تووشی تەندروستیی مرۆڤ دەكەن، بۆیە ئامۆژگاری ئەوەیە بە ئاسایی تەماشای یارییەكان بكەن و چێژی لێ وەربگرن بۆ تەندروستییەكی باشتر.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د