سبەی هەشتی تەمووزە، ئەو رۆژە بۆ یەكێتی رۆژێكی ئاسایی نییە، چونكە لەو رۆژەدا لەناو حزبەكە بۆمبێك تەقییەوە كە تا ئێستەیش كاردانەوەكانی ماون و كاریگەری زۆریشی لەسەر یەكێتی ماوەتەوە.
رووداوەكانی هەشتی تەمووزی ساڵی 2021ـی ناو یەكێتی تا ئێستەیش ئەو هاوكێشەیە هاوسەنگ نەبووەتەوە كە لە دەرەنجامی ئەو كودەتایە، لاسەنگ بوو.
لە هەشتی تەمووز چیرۆكەكە ئەوەبوو كە كوڕانی مام جەلال ئامۆزاكانی خۆیان هەریەكە لە لاهوور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانییان لە حزبەكە وەدەرنا و هەستیارترین دامەزراوەیان بە زەبری هێز لە ژێر دەستیان دەرهێنان، چارەنووسیشیان ئەوەیە كە دوای ململانێیەكی زۆر و دروستكردنی حزب ئێستە لە زینداندان.
چیرۆكەكە ئەوەیە، پێش دوو مانگ لەو ڕووداوانە بافڵ تاڵەبانی نەخۆش دەكەوێت و بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان، دەردەكەوێت ژەهرخوارد كراوە، بەڵام تا ئێستەیش ئەو رووداوی ژەهرخواردكردنە یەكلا نەبووەتەوە، ئایا كێ ئەنجامدەری بووە، بە تایبەت كە ئەوكاتە لاهوور تاڵەبانی لە دادگا سكاڵاكەی لەوبارەیەوە بردەوە.
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بۆی دەردەكەوێت لاهوور تاڵەبانی لە گشت ئاست و دامەزراوە و ئۆرگانەكانی میدیا و ئابووریش زۆر بەهێزە و زۆرینەی سەركردایەتیی لەگەڵدایە، لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ كۆنترۆڵكردنی حزبەكە، پلان بۆ گۆڕینی بەرپرسانی دژە تیرۆر و زانیاری ناو یەكێتی دادەنێت.
لەسەر راكێشانی بەرپرسی دژەتیرۆر بۆ لای كوڕانی تاڵەبانی، میدیاكان بەمشێوەیە رووداوەكەیان باس كردووە، چەند مانگێك پێش رووداوەكانی هەشتی تەمووز، بافڵ تاڵەبانی پێوەندیی ژێربەژێر لەگەڵ فەرماندەكانی دژەتیرۆر دروست دەكات، بەتایبەت پاش ئەوەی وەهاب هەڵەبجەیی تووشی كێشەیەك دەبێت لەگەڵ یەكێك لە كەسە نزیكەكانی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام لاهوور تاڵەبانی پشتیوانی ناكات.
ئەوەیش باس كراوە، پاش تەواوبوونی سەرجەم ئامادەكارییەكان، ڕۆژی هەشتی تەمووز دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو رووداوانە و ئەو جووڵەیەی كە پلانی بۆ داڕێژراوە. بەو پێیەی هەشتی تەمووز پێنجشەمە و كۆتایی هەفتەیە، هیچ پێنجشەمێك پۆڵاد شێخ جەنگی بەرپرسی ئەوكاتی دژەتیرۆر، محەمەد تەحسین تاڵەبانی سەرۆكی دەزگای زانیاری، ڕەنج شێخ عەلی لێپرسراوی پێوەندییەكانی دەزگاكە ناچنە دەوام بۆ قەڵاچوالان.
لە ئێوارەی حەوتی تەمووزدا تا نیوەڕۆی هەشتی تەمووز، لەلایەن بەرپرسانی چەند هێزێكی ناو یەكێتی، چەند چالاكییەك ئەنجام دران و بەهۆیانەوە كۆنترۆڵی چەند شوێنێك كرا، ئەمەیش گوشارێكی تەواوی بۆ لاهوور تاڵەبانی هێنا، لە هەمان ڕۆژدا فەرمان بە میدیاكانی یەكێتی دەكرێت كە هیچ راگەیەنراوێكی لاهوور تاڵەبانی /ئەوكاتە هاوسەرۆكی یەكێتی بوو/ بڵاو نەكرێتەوە، ئەوە بەپێی قسەی میدیاكانی نزیك لە لاهوور تاڵەبانى.
یەكەم كاردانەوەی لاهوور لەبارەی ڕووداوەكان، دەكەوێتە رۆژی 12ی تەمووزەوە، لە پەیامێكدا لە فەیسبووكی خۆیەوە هەڵوێستی راگەیاند و بەشێك لە سەركردە كۆنەكانی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانیی تۆمەتبار كرد بە گەلەكۆمەكی.
كێشەی یەكێتی لە سەرەتای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە دەستی پێ كرد، كاتێك بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، لاهوور زۆرینەی دەنگەكانی ناو ئەو حزبەی هێنا و بە پێش كوڕانی تاڵەبانی كەوت.
ئەوەی ئێستە بەدی دەكرێت، زۆر سەختتر و ئاڵۆزترە لە سەردەمی پێش هەشتی تەمووز، چونكە هەر لە كاردانەوەی ئەوەدا لە 22ی ئابدا، لە هێرشێكی زەمینی چەكدارانی یەكێتی بۆ هۆتێل لالەزار و دوای شەڕێكی چەند سەعاتی لاهوور تاڵەبانی و دارودەستەكەی گیران. بەڵام هەر ئەوەیش نا ئێستە دادگای سلێمانیش دۆسیەكەیانی یەكلا نەكردووەتەوە.