شەوی رابردوو لەناو پێشوازییەكی باڵای عێراقی و ئێرانیدا، تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە تارانەوە بە هێنرایە پارێزگای نەجەف، هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پۆلێك لە بەرپرسانی باڵای عێراقی و سەرۆك كۆماری ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لە فڕۆكەخانە پێشوازییان لە تەرمەكە كرد، بەیانی ئەمڕۆ لە نەجەف و ئەم ئێوارەیەش لە كەربەلا رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەكە ساز كرا.
لەوبارەوە
عەلا نشووع شارەزا لە بواری ستراتیجی ئاماژە دەكات، تا ئێستە حكوومەتەكانی عێراق لەناو گەردوونی ئێراندا دەسووڕێنەوە، تەنانەت رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش كە لە عێراق دەستی پێ كراوە، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا، ئەوەش نیشانەی پرسیاری لەبارەی هاوكاتیی سەردانەكە و دەست پێكردنی هەڵمەتەكە دروست كردووە.
زیاتر گوتی، سازكردنی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە عێراق، پەیامێكی سیاسی بەدەر لە رەهەندە ئاینییەكەی تیادایە، ئاماژەیە بەوەی عێراق بەشێكی گرنگە لە قووڵایی ئێران، ئەگەرچی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و خاوەن سەروەری و دامەزراوەیی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە سازكردنی رێوشوێنێكی بەو شێوەیە بۆ كەسایەتییەكی فەرمیی ئێرانی لەناو دەوڵەتێكی تر، چەند پەیامێك زیاتر لە بابەتە پرۆتۆكۆلییەكە لەخۆ دەگرێت.
لای خۆیەوە عەبدوڵا رووكابی توێژەری سیاسی پێی وایە كە عێراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی وردی دیپلۆماسییەوە وەستاوە، كاتێك حكوومەتەكەی هەوڵی رەوانەكردنی چەند پەیامێكی هاوسەنگبوونی بۆ هەموو لایەك رەوانە دەكات، بۆیە ئیدارەدانی دۆسیەی بەخاكسپاردنی خامنەیی لە چوارچێوەی حیساباتێكی تەناهی و سیاسی و پێوەندییەكی دەرەوە دێت زیاتر لەوەی پێوەست بێت بە خودی بۆنەكەوە.
روونی كردەوە، ئەو قسانەی لەبارەی رێگریكردن لە بەشداریكردنی چەند كەسایەتییەكی ئێرانی لە هاتن بۆ عێراق بۆ ئامادەبوون لە ریوڕەسمەكە دەكرێت، یان سەپاندنی كۆتی توند بەسەر سازكردنی رێوڕەسمەكە، تا ئێستە جێی مشتومڕن، بەتایبەتی كە لە رووی سیاسییەوە رەت كرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەغدا لە دوای پێكهاتنی حكوومەتی نوێ، هەوڵ دەدات سەردانە دەرەكییەكان لە عێراقەوە بۆ عێراق رێك بخاتەوە و ئەوان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئەنجام بدرێن، واتە بەهێزكردنی وێنەی دەوڵەتێك پارێزگای لە سەروەرییەكەی دەكات بێ چوونە ناو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاران.
هاوكات رەمەزان بەدران چاودێری سیاسی پێی وایە دیاریكردنی عێراق بۆ رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی رابەری باڵای ئێران، بژارەیەكی تەواو سیاسییە و لە دۆخێكی زۆر هەستیاردا دێت و پەیامێكە بۆ ئەمەریكا، ئێران حزبوڵای لبنانی بە هاوپەیمان راگەیاندووە، بەڵام گرووپەكانی عێراق نا، بۆیە هێنانی تەرمەكەی بۆ عێراق بۆ پێشاندانی ئەوەیە كە لە عێراق هاوپەیمان و دۆستی هەیە، بەتایبەتی كە بڕیارە خەڵك و سیاسەتوانێكی زۆر بەشداری لە رێوڕەسمەكەدا بكەن.
روونی كردەوە، ئەگەری هەیە خەڵكێكی زۆر بەشداری لە رێوڕەسمەكە بكەن، بگاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن، ئەوەش پەیامێكە بۆ ئەمەریكا و ناوچەكە و دەسەڵات و هاوپەیمانەكانی لە عێراق بیری ئەوان دەخاتەوە و عێراقیش ناچار دەكات پاڵپشتی و لاگیری و دەسەڵاتی ئێران لە ناو خاكەكەی پێشان بدات، بۆیە ئەو رووداوە ئاسایی نییە و رەنگە كاردانەوەی راستەوخۆی ئەمەریكا لێ نەكەوێتەوە، بەڵام ئاماژە بۆ قەبارەی دەسەڵاتی راستەقینەی هەردوو وڵات لە عێراق دەكات، بەتایبەتی كە بەر لە هەفتەیەك لە سەردانی چاوەڕوانكراوی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتن دێت و وێنەیەك لەبارەی قەبارەی كاریگەریی ئێران لەناو عێراق پێشان دەدات.
دوای چەند مانگێك لە كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هێرشێكی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردوو، 4ی ئەم مانگە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمەكەی دەستی پێ كرد، كە چەند رۆژێك لە شەقامەكانی تارانی سووڕێندرایەوە و دوێنێ هێنرایە پارێزگای نەجەف و ئەمڕۆش بردرایە كەربەلا و بڕیارە سبەی پێنجشەم تەرمەكە لە شاری مەشهەد دوای نوێژ لەسەر كردنی لەناو مەزاری ئیمام رەزا، هەشتەم لە 12 ئیمامی شیعە بەخاك بسپێردرێت.