كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی گەنمی جووتیارانی بۆ دوو هێندە زیاد كرد، دروستكردنی سایلۆكان و پاڵپشتیی جووتیاران لە ترسی نەبوونی وەرنەگرتنی گەنم وایكرد، جووتیاران زیاتر پەرە بە بەرهەمەكانیان بدەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، كۆی بەرهەمی گەنمی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018دا نزیكەی 810 هەزار تۆن بووە. لەم بڕە بەهۆی ئەو سزا و سنوورداركردنە دارایی و ئیدارییانەی كە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لەو كاتەدا بەسەر هەرێمدا سەپاندبووی، تەنیا نزیكەی 340 هەزار تۆن گەنم لەلایەن سایلۆكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە لە جووتیارانی هەرێم وەرگیرا.
هەرچی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی دروستكردنی چەندان سایلۆ و دۆزینەوەی بازاڕی جیاواز بۆ بەرهەمی گەنم، ڕێژەی چاندانی زەوییەكان گەیشتە سێ ملیۆن دۆنم و رێژەی گەنمیش بۆ دوو هێندە بەرز كردەوە.
بەپێی نوێترین لێدوانی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێژەی گەنمی بەرهەمهێنراو بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن دەبێت.
كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، گرنگییەكی زۆری بە ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی خۆراك داوە، لە ماوەی تەمەنی خۆیدا چەندان سایلۆی نوێی ستراتیجی لە پارێزگا جیاوازەكان بنیات ناوە.
رووخۆش محەمەد ئەندازیاری كشتوكاڵی، بە "وشە"ـی راگەیاند، نوێترین سایلۆكانی هەرێمی كوردستان لەرێگەی ستیلەوە دروست كراون، ئەمەیش مۆدێلترین جۆری سایلۆیە ئێستە لە دنیادا كە بۆ پاراستنی گەنم و پاقلەمەنی بەكار دێت و دۆستی ژینگەیە.
زیاتر گوتی، نوێترین سایلۆكانی هەرێمی كوردستان رەچاوی چەند تایبەتمەندییەك كراوە، لەوانە ئاراستەی با و دووری لە شار و لە شوێنی كاری كشتوكاڵی و نزیكی لە كارگەكان، باشترین نموونەش سایلۆی قوشتەپە و سایلۆی هەڵەبجەیە كە سەرجەم ئەو تایبەتمەندییانەیان تێدا هەیە.
ئاماژە بەوەش دەكات، سایلۆ تەنیا بنیات و دروستكردن نییە، بەڵكو دەبێت ئەو لایەنەش رەچاو بكرێت كە تەمەنی ئەو سایلۆیە چەند دەبێت، ئێستە سایلۆی قوشتەپە دەتوانرێت تا 80 ساڵ سوودی لێ وەربگیرێت، ئەوەیش بەهۆی ئەو پێكهاتەیەكەی لە دروستكردنەكەی هەیە.
بەپێی ئامارەكان، تەنیا لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی كشتوكاڵیدا، چوار سایلۆی گەورە بە گوژمەی نزیكەی 85 ملیار دینار دروست كراون. گرنگترین ئەو سایلۆ و پڕۆژانەی كە كابینەی نۆیەم دروستی كردوون یان خستوونیەتە گەڕ بریتین لە:
* سایلۆی قوشتەپە: یەكێكە لە نوێترین سایلۆكانی پارێزگای هەولێر كە وەك 11یەمین سایلۆی هەرێم خرایە خزمەت.
* سایلۆی كەلار (گەرمیان): بۆ خزمەتكردنی جوتیارانی دەڤەری گەرمیان و كۆگەكردنی بەرهەمەكانیان دروست كرا.
* سایلۆی بەردەڕەش - ڕۆڤیا: لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵی ناوچەكە بنیات نرا.
* سایلۆی هەڵەبجە: پڕۆژەیەكی گرنگی پارێزگاكە بوو بۆ كۆكردنەوە و پاراستنی گەنمی ناوچەكە.
پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران
كابینەی نۆ تەنیا سایلۆی حكوومیی دروست نەكرد، بەڵكو لە ڕێگەی كەرتی تایبەت و پڕۆژەی ستراتیجیی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، چەندان پەنكەر و كۆگەی گەورەی دەستەبەر كرد كە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 800 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، ئەم پڕۆژانە كێشەی ساڵانەی جووتیارانیان چارەسەر كرد، بەوەی ئەو گەنمە زیادەیەی حكوومەتی عێراق وەرینەدەگرت، ئێستە لەم سایلۆ نوێیانەدا وەردەگیرێت و دەكرێتە ئارد و ماكەرۆنی بۆ بازاڕی ناوخۆ.
هاوكات حكوومەت بیری لە هەناردەی گەنمی جووتیاران كردەوە بۆ دەرەوی وڵات، دەیەوێت هەرێمی كوردستان شوێنپەنجەی لەسەر نەخشەی خۆراكی دنیا هەبێت.
بەرگەشت ئاكرەیی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و پاڵپشت بە فەرمانی ژمارە (1706 لە 14-6-2026)، بڕیارێكی نوێ بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیارانی بەرهەمهێنی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەرچوو.
زیاتر گوتی، بەپێی بڕیارەكە، ڕەزامەندیی دراوە لەسەر كڕینەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیا و بازرگانی دەستنیشانكراوەوە، كە ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ كڕینەوەی بەرهەمەكان و هەناردەكردنیان لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
باسی لەوەش كرد، وەك دەستەی وەبەرهێنان داوا لە جووتیارانی بەرهەمهێنی گەنم دەكەین، بەمەبەستی هاوئاهەنگی و ڕێكخستنی ڕێكارەكانی چۆنیەتیی وەرگرتنی بەرهەمەكانیان، پێوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بكەن.
روونی كردەوە، دەستەی وەبەرهێنان لیستی ناوی بازرگان، كۆمپانیاكان، ژمارەی پێوەندی و شوێنەكانیانی بەپێی پارێزگاكان بڵاو كردووەتەوە بۆ كارئاسانیی جووتیاران.
ئێستە دەستەی وەبەرهێنان لە رێگەی 11 كۆمپانیا لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا، سەرقاڵی تۆماركردنی ناوی جووتیارانە تا لە رێگەی ئەو كۆمپانیایانەوە ئەو بڕە گەنمەی هەیە و زیادەیە لە هەرێمی كوردستان، هەناردەی دەرەوەی بكات.