یاسای لێخۆشبوونی گشتی.. دەرچەیەك بۆ ڕزگاركردنی گەندەڵكاران

:: AM:09:43:12/07/2026 ‌
دز و گەندەڵكارانی عێراق نزیكەی دوو هەفتەیە زۆرترین باسوخواسی خەڵكی عێراقن، بەڵام دوای ئەوەی دادگە دووپاتی لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی دزانی پارەی گشتی كرد بە وەرگرتنەوەی پارەكان لە بەرانبەر ئازادكردنیان، ئەمە بووەتە حاڵەتێكی نامۆ و یەكەمجارە وڵات مامەڵە لەگەڵ دزەكانی بكات و دزەكان بتوانن بە پارەدان ئازادییان بكڕنەوە.

ئەمە لە ئەنجامی گفتوگۆ داخراوەكان لە ناوەندەكانی سیاسی وڵاتەوە سەرچاوەی گرت و دادگایش بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەكات، بەڵام بە تەواوی شەقام و ڕای گشتی عێراق بێ هیوا دەكات، چونكە ئازادكردنی گەندەڵكاران و لێخۆشبوون لێیان لە كاتێكدا تاوانیان كردووە، دیاردەیەكی نامۆیە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بۆ ڕۆژنامەی "مەدا" دووپاتی كردەوە، كەلێنێكی یاسایی گەورە هەیە و ئەمەیش دەبێتە هۆی ڕزگاركردنی گیراوانی هەڵمەتی "هێرشی بەرەبەیان"، ئەویش بریتییە لە یاسای لێخۆشبوونی گشتی كە بۆ دووەم جار ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستە هەموار كرایەوە و ئەمەیش ڕێ بە گیراوان دەدات، دەرفەتی كڕینەوەی ئازادیی خۆیان بە گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی وڵات هەبێت.

بە پشتبەستن بە یاسای هەمواركراوی لێخۆشبوونی گشتی لە سەرەتای 2025ەوە تا ئێستە، زیاتر لە 40 هەزار تۆمەتبار ئازاد كراون و ژمارەیەك لەو ئازادكراوانەیش ئەو كەسانەن كە لە دۆسیەكانی گەندەڵی تێوەگلاون. سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەوانەی لەسەر گەندەڵی گیراون و دواتر بەو یاسایە ئازاد كراون، بەهۆی گفتوگۆ و دەستوەردانی سیاسییەكانەوە بووە، ئێستەیش دوای ئازادكردنیان هەموو مافێكی كاری سیاسی و حزبییان هەیە، بەڵام تەنیا بەربەستی خۆ كاندیكردنەوە و وەرگرتنی پۆستی جێبەجێكردنیان لە دەوڵەت لێ قەدەغە كراوە.

ئەمە بە بڕوای خەڵك و شارەزایانەوە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكان نییە لە ڕێی دادگا و بە گێڕانەوەی پارەی دزراو، بەڵكو دەرچەیەك بۆ گەڕانەوەی گەندەڵكاران و بەكارهێنانی كاریگەری سیاسییان بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە گەندەڵی.

بەرهەڵستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی گەندەڵكاران لە ڕێی گێڕانەوەی پارە دزراوەكان، هەرزوو بەرهەڵستی و ڕەخنەی لێ كەوتەوە، كاتێك عەمار حەكیمی سەرۆكی ڕەوتی حیكمە بە توندی ڕەتی كردەوە هیچ ئاسانكارییەك بەرانبەر بە تێوەگلاوانی دزینی سامانی گشتی ئەنجام بدرێت، داوای لە دادگاكان كرد، بە ئاشكرا دادگایی گەورە گەندەڵكاران بكەن، جا سەر بە هەر حزب و لایەنێكی سیاسی بن، تا ببن بە پەند و هیچ كەس لە سزاكان دەربازی نەبێت.

هاوكات محەمەد خەفاجی پەرلەمانتار داوای دووبارە كردنەوەی دۆسیەی هەمواری یاسای لێخۆشبوونی گشتی كردەوە، چونكە لە كاتی پەسندكردنەوەی هەمواری دووەمی یاساكەیش تانە لەوە درا كە بیرۆكەی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی گەندەڵكاران دوور لە بڕیاری دادگا دووپاتی لەسەر كرایەوە، ئەوەیشی ڕەت كردەوە كە دادگاكان بە هێواشی كار لەسەر ئەو دۆسیانە بكەن، بێ ئەوەی بە پەلە لێكۆڵینەوەی ڕاستەقینە و سزای ڕاستەقینە بەسەر دز و گەندەڵكاران بسەپێنن.

خەفاجی مادەی 19ی یاسای دەستەی دەستپاكی بیری هەمووان دەهێنێتەوە كە دووپات لەوە دەكاتەوە گەندەڵكاران تەنیا بەند ناكرێت، بەڵكو ئەو پارە ناشەرعییەی بردوویەتی لێی وەردەگیرێتەوە و دوو هێندەی پارە بردراوەكەیش غەرامەی لێ وەردەگیرێت.

هەینی ڕابردوو ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشكرای كرد، پشت بە میكانیزمی كەمی سزای گەندەڵكاران دەبەستێت، لە بەرانبەر گێڕانەوەی خۆبەخشانەی پارە درزاوەكان بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت،  سەرەتایش ئەو میكانیزمە لەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی "دزی سەدە" جێبەجێ دەكرێ و دواتر لەسەر دۆسیە گەورەكانی تری گەندەڵی بەهەمانشێوە دەسەپێنرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی "مەدا"، حكوومەتی ئێستەی عێراق ئامانجی گێڕانەوەی 200 ملیار دۆلارە لە پارەی دزراوی وڵات، لە ڕێی سووككردنی سزاكان و گێڕانەوەی خێرای پارە دزراوەكان.

ئەحمەد یاسری سەرۆكی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی گوتی، زەیدی دەیەوێ پەتی هاوسەنگییەكان بە وردی ڕابگرێت، بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوت لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، لەسەر ئاستی ئەمەریكا، حكوومەتی ترەمپ دەیەوێ شەرعییەت بە جووڵەكانی زەیدی بدات و لە سەپاندنی سزا بەسەر بەغدا دوور بكەوێتەوە، بەو مەرجەی عێراق هەڵوێستێكی بێلایەنی هەبێ و چیتر نەبێتە ئامرازی دزەكردنی پارە بۆ ئێران.

لە بەرانبەردا زەیدی كەوتووەتە ژێر گوشاری سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تاران، چونكە سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە تاران داوای لە میلیشیاكان كردووە، چەكەكانیان ڕادەستی بەغدا نەكەن و ئەوانیش فەرمانەكە جێبەجێ دەكەن و بە ئاشكرا دووپاتیان كردەوە، چەك ڕادەستی حكوومەت ناكەن، ئەم دوو دۆسیەیەیش كە زەیدی دەستی داوەتێ، نایەوێ پاشەكشەی لێ بكات. 

بەڵام سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ مەدا گوتی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وا دەردەكەوێ كە خەون دەبینێت، لە خستنەڕووی هەندێ دۆسیە لە بەردەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د