نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان (PWK) لە 96ـەمین ساڵەی جینۆسایدی گەلیی زیلاندا، ڕاگەیەنراوێكی فەرمیی بە كوردی (كرمانجی و زازاكی) و توركی بڵاو كردەوە.
پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم جینۆسایدە گەورەیەیان لە بیر نەكردووە و هەرگیزیش لە بیری ناكەن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەو كۆمەڵكوژییە هۆڤانەیە لە سەردەمی شۆڕشی ئاگریدا لە 13ی تەمووزی 1930، بە فەرماندەیی جەنەراڵ ساڵح پاشا فەرماندەی سوپای دەوڵەتی توركیا ئەنجام دراوە.
پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ئەنجامی ئەو كۆمەڵكوژییەدا، نزیكەی 15 هەزار كورد لە ژن، منداڵ، گەنج و بەساڵاچوو، بەشێوەیەكی دڕندانە كوژراون و 44 گوند بە تەواوی سووتێنراون.
پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان (PWK) لە 96ـەمین ساڵەی ئەو جینایەتەدا، ئەنجامدەران و بەرپرسانی ئەم جینۆسایدەی شەرمەزار كردووە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی PWKدا هاتووە، ئەوان شەهیدانی ئەو كۆمەڵكوژییە گەورەیە لە مێشكیاندا بە زیندوویی دەهێڵنەوە، بە ڕێز و حورمەتەوە یادی سەرجەم شەهیدانی كوردستان بەرز ڕادەگرن.
لە كۆمەڵكوژیی زیلان ھەزاران كەسی سڤیل لەلایەن ھێزی توركیا لەسەر فەرمانی عیسمەت ئینۆنو، لە دۆڵی زیلان لە ناوچەی ئەردیش لە پارێزگای وان لە ساڵی 1930 لە كاتی ڕاپەڕینی ئاگری لە پارێزگای ئاگری كوژران.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی توركیا، 15 ھەزار كەس كوژراون و بە سەتان ماڵ و گوند سووتێنراون و ڕووخێنراون، بەڵام گەواھیدەران دەڵێن 45 ھەزار كەس كۆمەڵكوژ كراون. ئەوانەشی لە كۆمەڵكوژییەكە ڕزگاریان بوو ڕاگوێزران.
دوای ڕاپەڕینی شێخ سەعید، لە هەشتی ئەیلوولی 1925دا ئەنجوومەنی چاكسازی لە ڕۆژھەڵاتی توركیا لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرا.
ئەم ئەنجوومەنە ڕاپۆرتەكانی بۆ چاكسازی لە ڕۆژھەڵات ئامادە دەكرد، كە بڕیارە تایبەتە كارگێڕییەكانی بۆ ناوچەكانی ڕۆژھەڵات دابین دەكرد و سیستمی پشكنەری گشتیی دەناساند. ئەم پڕۆژەیە سەرۆك و ڕێبەرە ئاینییە كوردەكانی ناچار بە گواستنەوە بۆ ناوچەكانی تری توركیا كرد. لە 17ی تەمووزی 1927دا بە یاسای گواستنەوە، ھەندێك لە خەڵكی كورد لە ناوچە ڕۆژھەڵاتییەكان بۆ پارێزگا ڕۆژئاواییەكان دوور خرانەوە.
ساڵی 1927 ڕێكخراوی نەتەوەیی كورد خۆییبوون، لەلایەن ئەندامانی پێشووی ڕێكخراوە نەتەوەییە كوردەكانی تری وەك كۆمەڵەی تەعالیی كوردستان، فیرقەی نەتەوەیی كورد و كۆمەڵەی سەربەخۆیی كورد لە لبنان دامەزرا.
خۆییبوون بە ڕێبەرایەتیی جەلادەت بەدرخان، كامەران عەلی بەدرخان، ئەكرەم جەمیل پاشا و مەمدووح سەلیم، بڕیاریان دا ئیحسان نووری پاشا ئەفسەری پێشووی سوپای عوسمانی و توركیا بۆ پلەی جەنەراڵ بەرز بكەنەوە و بۆ ئەرزڕۆمیان نارد. ئەو لەگەڵ 20 كەس ڕۆژنامەیەكیان بە ناوی ئاگری بڵاو كردەوە و لە هەشتی تشرینی یەكەمی 1927دا سەربەخۆیی كۆماری ئاراراتیان ڕاگەیاند. ھەروەھا لە تشرینی یەكەمی 1927دا خۆییبوون، بڕۆ حەسكی تێلۆی كە یەكێك لە سەردارانی عێڵی جەلالی بوو، وەك پارێزگاری پارێزگای ئاگری دەستنیشان كرد.
بۆ سەركوتكردنی ئەم دۆخە نوێیەی كورد، توركیا هێزی زۆری بەكار هێنا و لە ئەنجامدا كۆمەڵكوژیی زیلانی لێ كەوتەوە، كە هەزاران كوردی تێدا كۆمەڵكوژ كران.