ئەتڵانتیك كونسوڵ: زەیدی دەبێ بیركردنەوه و باوەڕی ترەمپ لەسەر عێراق بگۆڕێت

:: AM:11:03:14/07/2026 ‌
ڤیكتۆریا تایلەر بەڕێوەبەری دەسپێشخەری عێراق لە پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەتڵانتیك، كونسوڵ و جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران، لە بابەتێك كە لە پێگەی "ئەتڵانتیك كونسوڵ" بە ناونیشانی "لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق پێویستە بڕوا بە واشنتن بۆ هاوبەشایەتی لەگەڵ بەغدا بهێنێ و گومانەكان بڕەوێنێتەوە" بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، چاوەڕوانی دیدارێكی گرنگ لە نێوان زەیدی و ترەمپ دەكرێ، دوای ئەوەی پشتیوانیی پێشوەختە و بەهێزی ئەمەریكا لە زەیدی و حكوومەتەكەی كرا، چاوەڕوان دەكرێ زەیدی چەكداماڵینی میلیشیاكان بە كردارەكی جێبەجێ بكات و زنجیرەیەك ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا واژوو بكات،  ئەو دوو دۆسیەیە ئەجێندای سەرەكیی حكوومەتی ترەمپە بۆ عێراق، ئەو ئەجێندایانە پابەندی مێژووییەوە هەڵناقووڵێت، بەڵكو لە ئامانجی بەرتەسك و تایبەتی كورتخایەنی تەناهی و ئابووری ئەمەریكاوە  سەرچاوەی گرتووە.

لە پەراوێزی جەنگ لەگەڵ ئێران و لێكەوتە كارەساتبارەكانی بۆ سەر عێراق، زەیدی سەركردایەتیی وڵاتێك دەكات كە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری تەناهی و ئابووری زۆر مەترسیدار لە ناوخۆ دەبێتەوە و دیمەنی دەرەوەی وڵاتەكەیش پڕ لە گرژی و ئاڵۆزییە، بەهۆی ئەوەی ئەو سەرمایەدارە و خاوەنی ئەزموونی سیاسی پێشوەختە نییە، دەیەوێ خۆی وەك كەسایەتییەكی سیاسی لە دەرەوەی سیستمی كلاسیكی پێشان بدات، بەڵام هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەمەریكا و پاراستنی ئاسایشی عێراق چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێ ڕووبەڕووی كاردانەوەی پێچەوانەوە ببێتەوە، جا ئەمە لەلایەن ئێرانەوە بێت، یان ئەو سیستمە سیاسییەی ئێستەی عێراق كە ئەویان گەیاندووە بە دەسەڵات.

لە بەردەم واشنتن تەنیا دوو بژارە هەیە، وەك هاوبەشێكی سەرەكی عێراق بمێنێتەوە، یان ببێت بە سەرچاوەی گوشاری بەردەوام بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، لەسەر زەیدی پێویستە كە هەوڵەكانی تەنیا لە باوەڕهێنانی ترەمپ بە گێڕانەوەی دەسەڵات و تواناكان و جێبەجێكردنی داوا سەرەكییەكانی ئەمەریكا كورت نەكاتەوە، بەڵكو پێویستە باوەڕی ئەوەیشی پێ بهێنێت كە عێراق تا ئێستەیش شوێنێكی زیندوو و ستراتیجی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئەمەریكا داگیر كردووە، شیاوی ئەوەیە كە هاوبەشایەتی لەگەڵ واشنتن بەردەوامی پێ بدرێت.

زەیدی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی كاندید كرا و نیوەی حكوومەتەكەی متمانەی لە پەرلەمان متمانەی پێ دراوە و كاندیدی سازان و سوپرایز بوو، یەكەم كەسە بێ پاشخانێكی سیاسی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەردەگرێت، بەهۆی ئەوەی وڵات گەیشتبووە دۆخی بەستەڵەكەوە لە ئەنجامی ڤیتۆی ئەمەریكا لەسەر نووری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

سەرۆكی حكوومەتی عێراق بانگەشەی ئەوە دەكات كە یەكەم سەردانی بۆ دەرەوە بۆ واشنتن بووە و دەیەوێ گرنگی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا بۆ عێراق بە تەواوی دەربخات و پشتیوانی حكوومەتی ترەمپ بۆ حكوومەتەكەی فراوان بكات،  لەو ماوە كورتەی سەرۆكایەتیی حكوومەت دەكات ئاماژەی ئەرێنی و پێشوەختەی باش و گرنگی لە تیمی ترەمپەوە پێگەیشتووە، لەوانە پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و پیت هێگسس وەزیری جەنگ، جیا لە لێدوانی ئەرێنیی تۆم باراكی نێردەی ترەمپ لەبارەی زەیدییەوە كە بە سەركردەیەكی نوێخواز و خاوەنی ئەجێندای بوێرانە وەسفی كرد.

لە كاتێكدا زەیدی هەوڵی ئەوە دەدات كە سەرۆكایەتیی حكوومەتەكەی زۆرترین مەیلی بە ڕووی ئەمەریكا هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئەوەیش سەردانەكەی چەند ڕۆژێك دوای ڕێوڕەسمی پرسە و بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران لە عێراق دێت، كە زەیدی خۆیشی بەشداری لەگەڵ گرووپێك لە سیاسییەكانی عێراق لە شیعە و سوننە و كورد و كریستیانەكان لە ڕێوڕەسمەكە بوون.

ئەو جۆرە لە دژیەكییە سروشتی ململانێ و هەژموون لە عێراق دەردەخات، سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق هەوڵی گرتنەبەری سیاسەتی دەرەوە بە هاوسەنگی لە نێوان عێراق لەگەڵ ئێران و بەردەوامی هاوكارییە ستراتیجییەكان لەگەڵ ئەمەریكایان داوە، بەڵام جەنگ لەگەڵ ئێران لەمساڵ ئەو هاوكێشەیەی بە تەواوی قورس كردووە، لاوازكردنی هەژموون و دەستی ئێران لە عێراق بزوێنەری سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكایە، ئەمەیش بەو مانایە دێ كە زەیدی رووبەڕووی بژارەی قورس دەبێتەوە.

زەیدی لە سەروبەندی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەیە لەگەڵ ترەمپ كە پڕ لە مەترسی و لە هەمان كاتدا پڕ لە دەسكەوتە، هاوشێوەی دیداری سەرۆكەكانی وڵاتانی تر لەگەڵ ترەمپ، شێوە و ڕووكەشی ئەو دیدارە زۆر گرنگترە لە ناوەڕۆكەكەی، لەگەڵ ئەوەیشدا زەیدی دەیەوێ سەرنجی باشی دۆناڵد ترەمپ بۆ خۆی ڕابكێشێت و باوەڕی ئەوەی پێ بهێنێت كە ئەمەریكا قورسایی پشتیوانییەكانی خۆی خستووەتە پشتی سەركردەیەكی گونجاو.

ئەجێندای ترەمپ لە عێراق هاوكاتە لەگەڵ ئەجێندای فراوان بەرانبەر ئێران، بەتایبەت كە میلیشیاكانی عێراق خرانە ناو جەنگی دژە ئێران، بەوهۆیەشەوە محەمەد شیاع سوودانی پشتیوانی تەواوەتی ئەمەریكای لە دەست دا، بەهۆی گەردەلوولی لێكەوتەكانی جەنگ، لە كاتێكدا هێرشە بەردەوامەكان بۆ بە ئامانجگرتنی پێگە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمەریكا و ڕفاندنی ڕۆژنامەوانێكی ئەمەریكی ڕۆڵی گەورەیان لەو گەردەلوولە لە دژی سوودانی هەبوو.

كەمكردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق كرۆكی داواكارییەكانی حكوومەتی ترەمپە، لە سەرووی هەموویانیشەوە چەكداماڵینی میلیشیاكانی سەربە ئێران، لەگەڵ ئەوەیش كەمكردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە غازی ئێران، لە وەستانەوەی بەغدا دژی ئەو داواكارییانە حكوومەتی عێراق بە كردەیی ئامادەیی بۆ بەكارخستنی زۆرترین ئامرازی گوشارخستنە سەر عێراق دەربڕی. بەتایبەت لە ڕێی وەستاندنی ناردنی دۆلاری ئەمەریكی بۆ عێراق و هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی و هاریكاری تەناهی لە نێوان هەردوو وڵات.

دۆسیەی ئابووری كە حكوومەتی عێراق دەیەوێ بیخاتە ناو بازنەی ڕەزامەندبوونی ئەمەریكا، بۆیە زەیدی و شاندی یاوەری ژمارەیەك یاداشتی لێكگەیشتن و ڕێككەوتن لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی وزەی ئەمەریكا واژوو دەكەن، ئەو ڕێككەوتنانە بەشێكیان ماوەیەكی زۆر ئامادەكارییان بۆ دەكرێ و سوودی بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دەبێ كە وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی عێراق بكەن.

پێویستە لەسەر واشنتن بەردەوام بێ لەسەر گوشارەكانی لە پێناوی چاكسازیكردنی ژینگەی كار و كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەری دەرەكی و ناوخۆ، كەمكردنەوەی بیرۆكراتی و باشكردنی ژینگەی ڕێكخستن و ڕەتكردنەوەی ڕێژەی 49%ی سەپێنراوی خاوەنداری بیانی لەسەر كۆمپانیاكان.

سەرەڕای ئەوەی زەیدی كەمێك سەركەوتنی لە دۆسیەی چەكداماڵینی میلیشیاكان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەدەست هێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕووبەڕووی كۆسپی زۆر دەبێتەوە، میلیشیاكانی ئێران لە سیستمی سیاسی و ئابووری عێراق قووڵ بوونەتەوە و ڕەگیان داكوتاوە، بۆ ڕێگری لە هەر پێشڤەچوونێكی ڕاستەقینە لەو دوو دۆسیەیە دەكەن، بەشێك لە گرووپی میلیشیاكانیش هەڕەشەی بەردەوامبوونی جەنگ و وەستانەوە دژی ئەمەریكا دەكەن كە تا ئێستەیش ئەو گرووپانە خاوەنی هەژموونی زۆرن. بەهۆی ئەوەی زەیدی لە پەرلەمان قەوارەی نییە و سیاسییەكی لێهاتوو نییە، هاوشێوەی سوودانی لەلایەن سیستمی سیاسییەوە ڕاسپێردراوە، بۆیە زۆرترین كۆتوبەند دەخەنە سەری و دەسەڵاتەكانییەوەیش.

ئێران ڕووبەڕووی لاوازبوون بووە بەهۆی جەنگەوە، بەڵام بە بەهێزی و ستراتیجی لە چەند لایەكی ترەوە دەركەوتووە، لەبری ئەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق بەهۆی لاوازبوونیەوە درز و كەلێنی تێبكەوێت، بەڵام جەنگ ئەو هەژموونی پتەوتر و بەهێزتر كردووە، میلیشیاكان ئامرازێكی چالاكن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و دراوسێكانی عێراق، دوای ئەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی لە مانگی نیسان/ئەپریل سەردانی بەغدای كرد و دووپاتی كردەوە كە ئێران دەسبەرداری هەژموونی لە عێراق نابێت.

لەسەر زەیدی پێویستە متمانە و باوەڕ بە حكوومەتی ترەمپ بهێنێت كە پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات، حكوومەتەكانی پێشووی عێراق ڕاهاتوون لەوەی كە هاوبەشایەتی لەگەڵ ئەمەریكا وەك پرسێكی پێوەست بە واشنتن مامەڵەی لەگەڵ دەكرا.

زەیدی ڕووبەڕووی واقیعی نوێ و قورس لە واشنتن بووەتەوە، حكوومەتی ترەمپ ئامادەی كشانەوەیە لە پێوەندییەكان و لە عێراق، ئەگەر باوەڕی بەوە نەبێت كە پێوەندییەكان خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات، پێویستە پێشكەوتنی خێرا و بەردەوام لە كاری پێشینەی سەرەكی حكوومەتی ترەمپدایە، لەوانە چاكسازی ئابووری و چەكداماڵینی میلیشیاكان، لە بەرانبەردا ترەمپ گوشار و سزاكانی وەك كارتێكی هەژموون بۆ سەر عێراق ئامادەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د