حكوومەتی هەرێم لە سۆران و كەلار و خەبات پڕۆژەی ئاو جێبەجێ دەكات و رێگریش لە بەفیڕۆدانی ئاو دەكات

:: PM:01:27:16/07/2026 ‌
لە سۆران و كەلار و خەبات سێ پڕۆژەی ئاو جێبەجێ دەكرێن، دەیان گوند و زیاتر لە یەك ملیۆن هاووڵاتی لێی سوودمەند دەبن، هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوی یونسێف، پڕۆژەی رێگری لە بەفیرۆدانی ئاوی لە هەرێمی كوردستانی دەست پێ كرد.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی، رەزامەندیی دا لەسەر  سێ پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە شارۆچكەكانی خەبات، سۆران و كەلار، بە تەواوبوونیان تا 25 ساڵی تر، كێشەی كەمئاوی لەو سنوورانە چارەسەر دەكات.

لەمبارەیەوە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پڕۆژەكان گەیشتوونەتە قۆناغی ئامادەكردنی دۆكیۆمێنتەكانی تەندەرین، دواتر دەدرێت بە وەبەرهێنەر، تێچووی هەرسێ پڕۆژەكە 502 ملیار دینارە.

پڕۆژەی ئاوی خەبات، 96 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا گل دەداتەوە، 250 كیلۆمەتر تۆڕی ئاو و هێڵەكانی گواستنەوەیە، ئاو بۆ خەبات، كەورگۆسك، تۆپزاوە و 40 گوندی سنوورەكە دابین دەكات، 350 هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن، تا 25 ساڵی تر گرفتی ئاو لەو سنوورە چارەسەر دەكات.

پڕۆژەی ئاوی سۆران 72 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێكدا گل دەداتەوە، ئەو كورتهێنانەی لە ئاوی سنوورەكە هەیە پڕی دەكاتەوە، هێڵەكان ڕێكدەخرێنەوە و چەند خەزانێكی ئاو دروست دەكرێن، ئەم پڕۆژەیە سەرجەم ئەو كێشە و گرفتانە چارەسەر دەكات كە ساڵانە بەشێكی هاووڵاتییانی سۆران بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەم پڕۆژەیە كێشەی ئاوی 288 هەزار كەس چارەسەر دەكات و تێچووی 157 ملیار دینارە.

پڕۆژەی ئاوی كەلار ڕۆژانە 120 هەزار مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە، تێچووی پڕۆژەكە 150 ملیار دینارە، تا نزیكەی 30 ساڵی تر كێشەی كەمئاوی ناوچەكە چارەسەر دەكات و 400 هەزار كەس سوودمەند دەبن.

هاوكات بۆ رێگریی لە بەفیرۆدانی ئاو، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان گوتی، بەشێوەیەكی ئەزموونی پڕۆژەی رێگری لە بەفیرۆدانی ئاو دەستی پێ كردووە، پڕۆژەكە بۆ رێكخستنەوەی كەرتی ئاو و كەمكردنەوەی بەفیرۆدانی ئاوە، سەرەتا تیمێك لە نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەكان راهێنان لەسەر پڕۆژەكە دەكەن و دواتر لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان جێبەجێ دەكرێت. 

گوتیشی: پێشبینی دەكەن تا دوو ساڵی تر، پڕۆژەی كەمكردنەوەی بەفیرۆنەدانی ئاو لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.

باسی لەوە كرد، كار لەسەر رێكخستنەوەی تۆڕەكان، بۆڕی و ئاوی هاتوو و دەرچوو دەكەن، هەروەها زانیاری لەسەر شكانی بۆڕییەكان و دەستكاریكردن كۆ دەكاتەوە.

راشی گەیاند، ئەو پڕۆژەیە ئامانج لێی باشتركردنی بەڕێوەبردنی تۆڕی دابینكردنی ئاو و بەرزكردنەوەی كارایی خزمەتگوزارییەكانە بۆ هاووڵاتییان.

پڕۆژەی رێگری لە فیرۆدانی ئاو، یەكێكە لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیجییەكانی پاراستنی سامانی ئاو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پڕۆژەكە تەنیا كار لەسەر لایەنی تەكنەلۆجیا ناكات، بەڵكو پێویستی بە توانا و كارامەیی فەرمانبەر و یاسای توندە بۆ رێگری لە بەفیرۆدانی ئاو. هاوكات لە كەمترین بڕی بەفیرۆدانی ئاو 40%وە بۆ 15% كەم دەكاتەوە.



وشە - سۆران عەزیز