گەمارۆی ئەمجارەی ئەمەریكا ئێرانی لە لێواری داڕمان نزیك كردووەتەوە

:: AM:10:03:18/07/2026 ‌
گەمارۆكانی ئەمجارەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بەتەواوی ئەو وڵاتەی لە لێواری داڕمان نزیك كردووەتەوە، ئێرانییەكانیش ژیانێكی قورس بەڕێ دەكەن و نرخی پێداویستییەكانی رۆژانە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بوونەتەوە.

ئەمەریكا ئەمجارە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی ئێرانی داوە، بەهیچ شێوەیەك ناهێڵێت نەوت هەناردە بكات، ئەوەش وایكردووە حكوومەت داهاتی بەتەواوی بێتە خوارەوە، شارەزایان پێیان وایە ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بكێشێت، مانگەكانی داهاتوو مووچەی كارمەندانیشی پێ دابین ناكرێت.

بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر دۆلار گەیشتەوە نزمترین ئاست، ئێستە 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 19.2 ملیۆن تمەنە، چاوەڕێ دەكرێت رۆژانی داهاتوو 20 ملیۆن تێپەڕێنێت.

بەگوێرەی ئاماری فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە %62. هاوكات بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە ڕێژەی %57.7ی ڕاگەیاندووە. بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەكان گەیشتووەتە %88.6، ئەمەش كاریگەرییەكی كوشندەی لەسەر بژێویی هاووڵاتییان دروست كردووە.

حكوومەتەكەی پزیشكیان تووشی قەیرانی گەورە هاتووە و ناتوانێ خزمەتگوزاریی رۆژانە بۆ خەڵك دابین بكات، كۆنترۆڵی بازاڕی لە دەست نەماوە، پشێوییەكی گەورە لە بازاڕدا دروست بووە، ئەمەش نیگەرانیی سەرۆك كۆمار و ئەندامانی كابینەكەی لێ كەوتووەتەوە بەڵام بڕیاری گۆڕینی ئەو دۆخە لە دەست سوپای پاسداراندایە.

میدیای وڵاتەكە باس لەوە دەكەن لە 40 ساڵی رابردوودا، هیچ كات ئەوەندەی ئێستە دۆخی وڵاتەكە لە ناوخۆدا دانەڕزاوە و خەڵك نیگەران نەبووە، نرخی خۆراك بە گشتی بە ڕێژەی %133 زیادی كردووە. 

ئەمەریكا ئامانجییەتی لە رێگەی ئەو فشارە توندانەوە خەڵك دژی حكوومەت راپەڕن و گۆڕانكاری لە ناوخۆی وڵاتەكە بێتە ئارا، چونكە بەجۆرێك خەڵكی ئێران ماندوو بووە شارەزایان پێیان وایە، رەنگە ئەو پلانەی ئەمەریكا لە ماوەی داهاتوو سەر بگرێت.

گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا لە گەرووی هورمز، جووڵەی بازرگانیی ئێرانی پەكخستووە. ئەمە بووەتە هۆی گرانبوونی كەرتی دەرمان بە ڕێژەی %81.4 و هاتوچۆ %97.6. هەروەها كەرتی پۆشاك %82.2 و خەرجییەكانی خوێندن %48.4 زیادی كردووە.

ئەوە لە كاتێدایە ئێستە حكوومەت توانای دابینكردنی غازی ماڵان و كارەباشی نەماوە، رۆژانە قەیرانی بەنزینیشی بۆ دروست دەبێت، بەپێی زانیارییەكانی میدیای وڵاتەكە، كارەبا بەتەواوی كەم بووەتەوە و رۆژانە چاندان جار بۆ چەند سەعاتێك دەبڕێت، غازیش زۆر كەم بووە و بەنزینیش بەردەوام  نرخی دەچێتە سەرەوە.



وشە - سۆران عەزیز