ئایا پاكستان دەخزێنرێتە ناو جەنگ لە دژی ئێران؟

:: AM:10:38:18/07/2026 ‌
پێنج سەرچاوەی ئاگادار دووپاتیان كردەوە، پاكستان گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ كوێت دەكات، تا ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەش لە یەكتر لە بەرانبەر هاریكاری لە بواری وزە و وەبەرهێنان واژوو بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر سعوودیە ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی لەگەڵ پاكستان واژوو كردووە، لە كاتێكدا ئێران بۆردمانی كوێت دەكات و ئێرانیش لە ڕێی حووسییەكانەوە دەیەوێ هێرش بكاتە سەر سعوودیە، ئەمەیش پاكستان ناچار دەكات بێتە دەنگ و وەڵامی ئێران بداتەوە و بخزێنرێتە ناو جەنگەكەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا كاتێك ئێران بۆردمانی سعوودیەی چەند جارێك كرد، پاكستان بە توندی هاتە دەنگ و هۆشداریی بە كۆماری ئیسلامیی ئێران دا،  ئێستەیش كە گرژییەكان بەرەو زیادبوونی زۆرتر هەنگاو دەنێن و ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی بابولمەندەب و بەكارهێنانی حووسییەكان بۆ بە ئامانجگرتنی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات، بەمشێوەیە دەبێ بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكایش لە سعوودیە بۆردمان بكات، ئەمەیش هەنگاوێكە كە ئەگەری هێنانی پاكستان بۆ ناو جەنگ زۆر بەهێز دەكات.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر سعوودیە ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەشی لە لەگەڵ پاكستان واژوو كردووە، ئێستە كوێتیش خەریكی هەنگاونانە بەو ئاراستەیە و ئەو پێنج سەرچاوەیە دووپاتیان كردەوە، دانوستانەكانی نێوان هەردوو وڵات تا ئێستەیش لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بە ئەگەری زۆرەوە پرۆسەی گەیشتنە ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات خێراتر دەكات.

ڕۆیتەرز لەوبارەیەوە بڵاوی كردەوە، مەترسی و نیگەرانییەكان لە ئیسلام ئاباد ڕوو لە زیادبوونن، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ سعوودیە هەیە و ئەمەیش ئەگەری تێوەگلانی پاكستانی بە جەنگی ئەمەریكا و ئێران زیاد كردووە، لە ڕاگەیەنراوێكدا دووشەمی ڕابردوو، ئیسلام ئاباد بە توندی هۆشداریی بە ئێران و بریكارەكانی دا و گوتی، هەر هێرشێك بۆ سەر شانشینی سعوودیە، هێرشە بۆ سەر پاكستان، ئەمەیش لە ئەنجامی هێرشێكی فراوانی حووسییەكانی یەمەنی هاوپەیمانی تاران بۆ سەر سعوودیە.

هەر ڕێككەوتنێكی هاوشێوەیش لەگەڵ كوێت، پرسیار و گومان لەسەر ڕۆڵی پاكستان وەك ناوەندگیر لە داهاتوو لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دروست دەكات، لە 2023ەوە ڕێككەوتنی بەرگری هاوبەشی سنووردار لە نێوان ئیسلام ئاباد و كوێت بوونی هەیە، كە خۆی لە مەشق و ڕاهێنان و مانۆڕی هاوبەش دەبینێتەوە.

بەرپرسێكی حكوومەتی پاكستان لەوبارەیەوە گوتی، كوێت ئێستە هەوڵی ئەوە دەدات كە ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی سعوودیە لەگەڵ پاكستان واژوو بكات، بەوهۆیەوە هەزاران سەربازی پاكستان و فڕۆكەی جەنگی و درۆن و سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێوەست بۆ بەرگری لەو وڵاتە لە ئیسلام ئابادەوە بۆ كوێت لە ڕێی ئەو ڕێككەوتنەوە بۆ كوێت ڕەوانە دەكرێن.

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو بەرپرسەی پاكستان ئامادە نەبوو زانیاری لەسەر ئەوە بدات كە ئاخۆ ئیسلام ئاباد، ئامادەیە ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی سعوودیە لەگەڵ كوێت واژوو بكات، یان ڕەتی دەكاتەوە، چونكە هاوبەشایەتی بەرگری لە نێوان سعوودیە و پاكستان بەرهەمی دەیان ساڵی هاوپەیمانی پتەوی نێوان هەردوو وڵات بووە.

بەرپرسێكی تەناهیی پاكستان ئاگادار لە گفتوگۆكانی ئیسلام ئاباد و كوێت گوتی، لیستی خواستەكانی كوێت هەموو شتێكی لەخۆ گرتووە، بەڵام دەمەوێ لێرەوە شتێك ڕوون بكەمەوە كە ئێستە بیر لە بڵاوەپێكردنی هێزی سەربازی لەو وڵاتە ناكەینەوە.

سەرچاوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، گفتوگۆكانی نێوان كوێت و پاكستان لەبارەی هاوبەشایەتی بەرگریكردن بەردەوامی هەیە، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە كە ئەو ڕێككەوتنی بەرگرییە هاوبەشە، بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ئەنجام دەدرێ و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە یان نا.

پاكستان وڵاتانی كەنداو لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بە پشتبەستن بە تایبەتمەندی یەكتر دەستیان بە واژووكردنی ڕێككەوتنی بەرگری هاوبەش كردووە، پاكستان خاوەنی سوپایەكی گەورەیە و فڕۆكەی جەنگی تایبەت بەخۆی بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی چەكی ئەتۆمییە، بۆیە جێگرەوەیەكی گرنگ و نزیكی ئەمەریكایە بۆ پاراستنی وڵاتانی كەنداو لە هەڕەشە و دەستدرێژییەكان.

سەرچاوەكان دەڵێن، كوێتیش گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی كە پشتبەستن بە پاكستان بژارەیەكی زۆر ئارام و بێ كێشەیە، پاكستان پێوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ سعوودیە هەیە و  ئەوان مسوڵمانی سوننەن و پێوەندیی هاوبەش و بەهێزیان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، بۆیە ئەمە كارێكی هەستیار نییە هاوشێوەی بژارەكانی تر.

پاكستان له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سكه‌وتنی نه‌وت و غاز و پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی له‌و دوو به‌رهه‌مه‌ سروشتییه‌ ئاماده‌یه‌ ڕێككه‌وتنی به‌رگری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو واژوو بكات، به‌مشێوه‌یه‌یش ده‌توانێ بێ كێشه‌ ده‌سته‌به‌ری پێویستییه‌كانی ناوخۆ له‌ سووته‌مه‌نییه‌ جۆراوجۆره‌كان بكات و كێشه‌ و گرفتی له‌و بواره‌ نه‌مێنێت.

هەریەك لە توركیا و پاكستان و سعوودیە ئێستە لەسەر ڕەشنووسی ڕێككەوتنێكی بەرگریی هاوبەش گفتوگۆ دەكەن، كوێت دەیەوێ بچێتە ناو ئەو ڕێككەوتنامەی بەرگرییە هاوبەشە و بەحرێنیش بە گرنگییەوە لێی دەڕوانێت.

ئەگەر ئەو ڕێككەوتنە هاوبەشی بەرگریكردنە واژوو بكرێت، ئەوا ئێران ناچارە هێرشەكانی بۆ سەر وڵاتانی هاوپەیمانی پاكستان سنووردار بكات، یان لە ئەگەری بەردەوامی ئیسلام ئاباد ناچار دەكات بێتە پاڵ هاوپەیمانەكانی و رووبەڕووی كۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د