دەسەڵاتدارانی تەناهیی بەغدا زۆر نزیك بوونەوەتەوە لەوەی "ئۆپراسیۆنێكی یەكلاكەرەوە" بە ئامانجی گرتنی بەرپرسانی هێرشی ئەمدواییەی سەر هەرێمی كوردستان بگرن، ئەمەیش هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراوە، ئەگەر حكوومەت بڕیاری بدات ناوی هێرشبەران و تۆمەتباران لە بەردەم ڕای گشتی عێراق ئاشكرا بكات.
ئەو هەنگاوە چوار ڕۆژ دوای هێرشی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان دێت، ئامارە نافەرمییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 90 هێرشیان كردووە و بەوهۆیەوە 170 كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەكی تەناهی بۆ "
مەدا" گوتی، لایەنی جێبەجێكاری ئەو هێرشانە شاراوە نین، بەر لە چوار مانگ هەرێمی كوردستان ناوی تۆمەتباران و ئەو كەسانەی لە پشت هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوەتە بەغدا.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بڕیاری گرتنی ئەو كەسانە یەكلا بووەتەوە، چاوەڕوان دەكرێ حكوومەت ناوی تۆمەتباران و ددانپێدانەكانیان بە فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاو بكاتەوە، ئەمەیش ڕێوشوێنێكی زۆر دەگمەن و تایبەتە، ئەگەر جێبەجێ بكرێت.
سەرچاوەكە نەیشاردەوە كە بەشێك لە میلیشیاكان لە ژێر چاودێریدان، چونكە بە كردەیی دەیانەوێ دەست بە جووڵە بكەن، بەڵام هەر هەوڵێكی میلیشیاكان وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی حكوومەتی دەبێ بە گرتن و جێبەجێكردنی یاسا بە سەریان، خەمڵاندنی ئەوە دەكرێ كە میلیشیاكان خەریكی جووڵە و ئامادەكارین بۆ شەپۆلێكی هێرش بۆ سەر نێردەی دیپلۆماسی و بنكەكانی سەربازی و كۆمپانیاكانی بیانی لە كەرتی نەوت.
لە دوای هێرشكردنە سەر هەولێر، عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەت بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی كرد و رای گەیاند، بە لۆجیكی بەرپرسیاریەتیی دەستووریمان، بە توندی دەستدرێژیی لە ڕێی درۆنە بۆ سەر هەولێر لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەین، ئاسانكاری بەرانبەر بەو هەوڵە چەپەڵانە ناكەین كە دەیانەوێ كە جێگیری و ئارامی گەلەكەمان و ڕێگەی بنیاتنانی دەوڵەت و كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز تێكبدەن.
زەیدی دووپاتی لەوە كردەوە، هیزەكانی تەناهیی فیدراڵ و هەرێممان ئاراستە كردووە، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بگرن و بەشێوەیەكی ڕیشەیی بنەبڕی هەر هەوڵێك بكەن، كە دەیەوێ ئاسایشی كۆمەڵگەی عێراق بشێوێنێت.
شەوی هەینی دەزگەی دژەتیرۆری هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان بەرپەرچی هەشت درۆنی هێرشبەریان لە ئاسمانی هەولێر داوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی مرۆیی لێ بكەوێتەوە. هاوكات بە مووشەك هێرش كرایە سەر هێزەكانی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی و چەندان درۆنی تریش لە ئاسمانی هەولێر خرانە خوارەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی "مەدا" لە سەرچاوە تەناهی و سیاسییەكان دەستی كەوتووە، هێزەكانی حكوومەتی عێراق چەند ڕۆژێكە بە وردی چاودێری جووڵەی حەوت تا 10 گرووپی میلیشیا دەكەن، كە لەو باوەڕەدان پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە.
هاوكات جیا لە چاودێریكردن، لێكۆڵینەوەی ناڕاستەوخۆیش لە بەغدا بوونی هەیە، بۆ سەلماندنی ئەوەی كە ئەو گرووپە میلیشیایانە دەستیان هەبووە و بەرپرس بوون لە هێرشكردنە سەر ئامانج و بنكە و پێگەكانی ئەمەریكا لە بەحرێن و كوێت و ئوردن و زانیارییەكان نەگەیشتوون بە قۆناغی دڵنیابوون.
سەرچاوەكان ئەوە بە دوور نازانن كە ئەو گرووپانە دەستیان لە هێرشەكان هەبێت، چونكە پێشتر ئەمەریكا پشتڕاستی كردەوە كە پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە. بۆیە هەر هێرشێك كە ئەمەریكا دەیكاتە سەر ئێران، ئەو گرووپە میلیشیایانە لە دۆخی چاودێرییەوە بەرەو قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە ئاراستە دەكات، ئەوەیش هەڕەشەیە لەسەر عێراق و دووبارە دەیكاتەوە بە ناوەندی ململانێكانی ناوچەكە.