توركیا لە دەركردنی یاسای ئاشتی لەگەڵ كورد پەلەیەتی

:: AM:09:59:20/07/2026 ‌
گۆڕەپانی سیاسی لە توركیا جووڵەی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، بە ئاراستەی دەركردنی یاسای دانانی چوارچێوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكرات، كە حكوومەتی توركیا وەك پڕۆژەی توركیای بێ تیرۆر ناوی دەبات، ئامانج لێی چەكدانانی پەكەكە و تێكەڵبوونیەتی بە پرۆسەی سیاسی لە توركیا.

خواست و داواكارییەكانی كورد لە توركیا زۆرە و دەیانەوێ بە پەلە یاساكە دەربكرێت كە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە پێشنیاز كراوە، بەر لەوەی پەرلەمانی توركیا بگاتە پشووی هاوینە كە لە كۆتایی ئەو مانگە تەمووز/یۆلیۆ تا سەرەتای تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر بەردەوامی دەبێت، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ متمانەی سەركردەكانی پەكەكە لە چیاكانی قەندیل بە سەركەوتنی پرۆسەكە و دووپاتكردنەوە لەوەی ئەو پرۆسەیەی ئەمجارە، هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی 2013 تا 2015 نییە.

لەو چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلانی (دەم پارتی) كە پارتێكی كوردییە و شاندی ئیمراڵی بۆ دیداری ئۆجەلان لەو پارتەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە دوو دیداری جیا لەگەڵ ئەڤگان ئالا جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا، كۆ بوونەوە و تاوتوێی پێشهاتەكان و پێشڤەچوونەكانی دەركردنی یاساكەیان لە پەرلەمان كرد.

لە ڕاگەیەنراوێكی پارتەكەدا هاتووە، شاندی پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان دوای دیداریان لەگەڵ هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، بە پێویستی دەزانن بە پەلە یاسای پرۆسەی ئاشتی دەربكرێ و بتوانێ بەدەم پێویستی و داواكارییەكانی ئەو دۆخەی ئێستەوە بێت.

دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوەكەدا دووپاتی كردووەتەوە، پشتبەستن بە وردەكاریی كۆبوونەوەكە لەگەڵ هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، دەیانەوێ لە داهاتوویەكی زۆر نزیك بچنە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كۆ ببنەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا باس لە كاتی چوونیان بۆ ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ ئۆجەلان نەكراوە، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە سبەی چوارشەم شاندی حزبەكە دەچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان كۆ دەبنەوە، بێ ئەوەی زانیاری لەسەر ئەوە بدركێنرێت، كە ئایا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ڕەشنووسی یاسای پرۆسەی ئاشتییان بە دەم پارتی داوە تا بیبەنە لای ئۆجەلان یان نا.

دوا دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان لە 24ی ئایار/مایۆی ڕابردوو ئەنجام درا و ماوەی پێنج سەعاتی خایاند، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەیش شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتیان لە گرنگی سیاسەتی دیموكراسیخوازانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ پێشكەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كردەوە.

هاوكات بەرپرسانی دەم پارتی لە دیداریان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی توركیا، خواست و ویستی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دەركردنی بە پەلەی یاساكە دەربڕی، بە گرنگیشیان زانی كە یاساكە پێویستە سەرجەم دۆسیەكانی دادگای پێوەست  و دژ بە پەكەكە لە خۆ بگرێت، هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی هەر ئەندامێكی پەكەكە دەكرێ دانوستانی لەسەر بكرێت،  پێویستە لەسەر یاساكە دەرفەت بۆ دانوستان لەسەر ئەم بابەتە بڕەخسێنێت.

عائیشە گولدۆغان گوتەبێژ بە ناوی دەم پارتی گوتی، لێكگەیشتنی هاوبەش لە نێوان ئاكپارتی و پارتی نەتەوەپەرستی توركیا بوونی هەیە و دووپات لە پێویستی خستنەڕووی ڕەشنووسی یاسا بە پەرلەمان بەر لەوەی بگات بە كاتی پشووی هاوینە دەكەن، لە دوا كۆبوونەوەیش جارێكی تر دووپاتیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە.

لەمیانەی كۆبوونەوەكان ئەوان ئاشكرایان كرد، بۆچوون و ڕوانینی خۆیان بۆ مادە و خاڵی یاسایی دەگۆڕن و بە پێویستیشیان زانیوە یاساكە تەواو و فرەلایەن بێت و هیچ كەلێنێك نەهێڵێتەوە.

گوتەبێژی دەم پارتی ئەوەیشی خستە ڕوو، گرنگ و پێویستە دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بكەین و بۆچوون و بیركردنەوەی ئەویش لەسەر ڕەشنووسی یاسای پرۆسەی ئاشتی وەربگیرێت.

لەلایەكی تریشەوە دوران كالكان سەركردەی پەكەكە و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە، لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ میدیا سكووپی توركیا گوتی، دینامیكی ناوەكی و دەرەكی ئەو پرۆسەیەی ئێستە دەستی پێ كردووە، جیاوازە لەوەی لە 2015 هەرەسی هێنا، پرۆسەی ئێستە ئەگەری سەركەوتنی زۆر بەهێزە، بەهۆی پێشڤەچوونەكانی ناوچەكە و پێویستی و ناچاری چارەسەری سیاسی لەبری شەڕی چەكداری.

كالكان بە دووری نەزانی كە پرۆسەكە پێشڤەچوونی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، لە كاتێكدا ئەو ناوی لە لیستی تیرۆری توركیا و لیستی داواكراوانی ئینتەرپوولە، بەڵام ئێستە لە چوارچێوەی سیاسی و یاسایی و دیموكراسی دەمانەوێ بە دەم داواكەی ئۆجەلان لە 27ی شوبات/فێبرایەری 2025 و داواكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرستی توركیا بچین، كە لە 22ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2024 ئاماژەی پێكرا.

دوران كالكان گوتی، كاتێك یەكەمجار ئەوەمان لە باخچەلی بیست، گفتوگۆ لە ناو خۆمان دروست بوو، لە دۆخێكی جۆرێك لە سەرسوڕماندا بووین، دواجار گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەوەی جەنگ هەڵدەگیرسێنێت، زۆر باشتر لە توانایدایە ئاشتی بەرپا بكات.

لەبارەی ئەوەی ئەو پرۆسەی ئێستە تەنیا جۆرێك لە یاری بێت كە ئەردۆغان و باخچەلی ئەنجامی بدەن و ئۆجەلان و پارتەكەی بەشێك بن تێیدا، كالكان گوتی، ناتوانین نكۆڵی لەو بیرۆكەیە بكەین، ئێمە بە تەواوی ڕەتی ناكەینەوە، بەڵام هاوڕاین لەگەڵ ئەو بۆچوونانە و بڕیارانەی دەدرێن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین تا پرۆسەكە بگاتە دۆخێك كە لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە بەرەوپێشەوە بچێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د