لەم مانگە تەمووز/یۆلیۆدا زانای ناوداری بواری كیمیا لە دنیا عومەر یاغی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئوردنی، سعوودی، ئەمەریكییەكە دەستكێشانەوەی لە پۆستەكەی لە زانكۆی كالیفۆرنیا لە بیركلی دوای 14 ساڵ كاركردن تێیدا ڕاگەیاند، بوو بە پسپۆری هەمیشەیی لە زانكۆی تسینگهوا لە پەكینی پایتەختی چین، ئەمە نموونەیەكە لە چوونی زانایان لە ئەمەریكاوە بۆ چین، هۆكارەكەی بۆ پشتیوانی نەكردنی توێژینەوە و زانست لەلایەن حكوومەتی ئێستەی ئەمەریكا دەگەڕێننەوە.
عومەر یاغی لە ساڵی 2025 هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی كیمیایە بە هاوبەشی لەگەل سۆسۆمۆ كیتاگاوای ژاپۆنی و ریچار رۆبسۆنی ئوسترالی-بەریتانی، بۆ گەشەپێدانی"چوارچێوەی كانزایی-ئۆرگانیك" كە مادەیەكی بلووری زۆر ژەهراوییە و دەكرێ لە ناو دوانە ئۆكسیدی كاربۆن بدۆزرێتەوە و غازەكان هەڵبگرێت، بتوانرێ ئاوی لێ دروست بكرێ لە ناوچە بیابانەكان، ئەو لەگەڵ تیمەكەی داهێنانی كیمیایی نوێیان لە دنیا هێنایەبوون.
ئێستە یاغی سەركردایەتیی پەیمانگەیەكی زانكۆیی نوێ لە ژێر ناونیشانی "پەیمانگەی توێژینەوەی ژیری دەسكرد و كیمیایی و مادەكان" لە چین دەكات، كە ئامانج لێی كۆكردنەوەی ژیری دەستكرد و كیمیا و زانستی مادەكانە لەگەڵ یەكتر لە پێناوی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی نوی و مادەی نوێ و گەیشتن بە پێشكەوتنی گەورە لە بوارە جیاجیاكان، لەبری ئەوەی پشتبەستن بە ئەزموون و هەڵە كە ئەمە سیاسەتی سەرەكی كاركردنە لە ئەمەریكا بۆ چەندان دەیە، بەو ڕێگە نوێیە زانكۆ چینییەكەیش دەیەوێ كاتی پێویست بۆ گەشەپێدان و دروستكردنی مادەی نوێ لە ڕێی سیستمێكی بەیەكەوەلكێنراو بە لێكدانەوەی تیۆر و نموونەیی و ئەزموون و ئەنجامی ڕاستەقینە بە خێرایی بهێنرێتە دی.
یاغی هۆی جێهێشتنی بیركلی لە
ئەمەریكا و ڕووكردنی لە چین نەخستە ڕوو، بەڵام دووپاتی كردەوە كە دەرفەتەكەی زانكۆی تسینگهوا ، دەرفەتێكی زانستی فراوان بوو، ئەمە هۆی سەرەكی بوو، چونكە ئەو چیتر تەنیا لە تاقیگەیەك نامێنێتەوە، بەڵكو ناوەندێكی فرە تایبەتمەندی دادەمەزرێنێت، ئەویش كۆكردنەوەی بەشەكانی كیمیا و ئەندازەی كیمیا و زانستی مادەكان و زانستی كۆمپیوتەر و ژیری دەستكردە لە ژێر سەركردایەتیی توێژینەوەی ئەودا.
بەڵام ئەو هەنگاوەی یاغی و زاناكانی تر پشت بە هۆكاری تریشەوە دەبەستێت، ئەویش ژینگەی نالەباری توێژینەوەی زانستییە لە ئەمەریكا، پێشتر گۆڤاری نیچەر بڵاوی كردەوە كە پارەداركردنی توێژینەوەكان لەلایەن ئەمەریكاوە ڕووی لە پاشەكشەیە، لە كاتێكدا چین دەستی بە هەڵمەتێكی گەورەی ڕاكێشانی زانایان و بەهرەمەندان لە سەرانسەری دنیا كردووە.
یاغی پێشتر لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری "سایتنفیك ئەمەریكان" گوتی، دۆخی توێژینەوەكان لە ئەمەریكا هاندەر نین، بەهۆی پاشەكشەی بەخشین و پارەداركردن و پشتیوانیكردن كە توێژەران لە زانكۆكان پشتی پێ دەبەستن.
زیاتر گوتی، زانایان پێویستیان بەوە تێكەڵ بكرێن بە شۆڕشی زیرەكی دەستكرد و بەكارهێنانی نموونەكان نەك تەنیا بۆ خێراكردنی كاری تاقیگەكان، بەڵكو لە پێشنیازكردن و پرسیاری نوێ لەبارەی ماهییەتی توێژینەوەكان، ئەوە پرسی ژیان و مەرگی سیستمی توێژینەوەی پێشكەوتووە لە ئەمەریكا، ئێستە واشنتن ژیری دەستكرد بۆ بواری توێژینەوە كەمتر بەكار دەهێنێت، ئەمەیش وایكردووە كاری ناو تاقیگەكان زۆر لەسەرخۆ بێت، بە بەراورد بەو خێراییەی ئێستە دنیا لەو بوارە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
چوونی یاغی و دەسكەوتنی پۆستێكی زانستی و سیمبولی گەورە لە چین، تەنیا حاڵەتێك نییە، بگرە دیاردەیەكە و چین دەیەوێ لەبری هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی زانایانی خۆی لە دەرەوە، سەرنجی زانایانی ناچینی بۆ هاتنیان بۆ زانكۆ بە ناوبانگەكانی وڵاتەكەی ڕادەكێشێت.
ئەمە پرسیاری زۆری لە ناوەندەكانی زانست و لێكۆڵینەوە دروست كردووە، بەوەی چۆن چین بەو خێراییە پێشكەوت، بۆچی ئەمەریكا لەو پرۆسەیە لەسەرخۆیە و كێ دەبێتە پاشای زانستی داهاتوو لە دنیا.
لە هاوینی 2025 گۆڤاری نیچەر لە پۆلێنی ساڵانەی ئەو وڵاتانەی لە پێشكەوتووترین ئاستی توێژینەوەی زانستیدان لەسەر ئاستی دنیا، دووپاتی كردەوە، كە بۆشایی زۆر لە نێوان ئەمەریكا و چین هەیە و چین لە ڕووی توێژینەوەی زانستی پڕ لە كوالێتی و بەرهەم زۆر لە ئەمەریكا پێشكەوتووترە.
چەند دەیەیەك پێش ئێستە باسكردنی ئەوەی كە چین لە ڕووی توێژینەوەی زانستییەوە پێش ئەمەریكا دەكەوێتەوە، بە قسەیەكی بێ بنەما و خەیاڵ هەژمار دەكرا، بەڵام ئەوە بە خێرایی ڕووی دا و بووەتە چیرۆكێكی ڕاستەقینە.