دوا دەرفەت بە ئێران دەدرێ.. ئامادەكاریی بۆ جەنگی فراوان بەردەوامە

:: AM:10:46:26/07/2026 ‌
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمەریكا نزیكەی 100 فڕۆكەی بەخشەری سووتەمەنیی گەیاندووەتە ئیسرائیل و ئامادەكارییەكان بۆ جەنگێكی فراوان دژی ئێران بەردەوامن. دۆناڵد ترەمپیش دوا دەرفەتی بە ئێران داوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە بە تەواوی بە دڵی ئەمەریكا بێت، بە پێچەوانەوە هێرشی زۆر فراوان دەكرێتە سەر ئێران.

دەستەی ئێزگەی ئیسرائیلی "كان" بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا بەردەوامە لە هێنانی پشتیوانیی سەربازی بۆ ئیسرائیل و نزیكەی 100 فڕۆكەی بەخشەری سووتەمەنی لە ئاسمانەوە بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی لە دوو هەفتەی ڕابردوو گەیاندووەتە ئیسرائیل، لە بنكە سەربازییە ئاسمانییەكان و فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن جێگیر كراون.

ئاماژەی داوە، دۆخی ئێستە هاوشێوەی ئامادەكارییە بۆ جەنگێكی سەرانسەری و فراوان دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوشێوەی دەستكردنە بە بۆردمانەكانی ئێران و كوشتنی سەركردە باڵاكانی لە سەرەتای هێرشی هاوبەشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەڵام ئێستە واشنتن بە تەنیا ئامادەكاری تەواو دەكات بۆ هێرشێكی گەورە بۆ سەر ئێران.

دەستەكە لە زاری سەرچاوەكانی ئیسرائیلەوە بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە، دوا دەرفەت بە ئێران و ڕژێمەكەی ببەخشێت، تا لە ڕێی دانوستان بە ڕێككەوتن بگەن و تا ئێستە وادەی كۆتایی بۆ ساتی دەستكردن بەو هێرشە فراوانە ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوەكان لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، سوپای ئەمەریكا بەردەوامە لە گەیاندنی فڕۆكەی بەخشەری سووتەمەنی و فڕۆكەی جەنگی و هێز و تیمی پزیشكانی سەربازی بۆ ئیسرائیل و ناوچەكە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەمەریكا هێرشێكی ئاسمانی زۆر فراوان بكاتە سەر ئێران، ئەوا فڕۆكە جەنگییەكانی پێویستیان بە سووتەمەنیی زۆرتر دەبێ تا لە ئاسمانەوە پێیان بگەیەنرێت، بۆیە ژمارەی ئەو فڕۆكە جەنگییانەی توانای بەخشینی سووتەمەنییان هەیە، نزیك بووەتەوە لە 100 فڕۆكە.

شارۆن كیدمی بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی ئیسرائیل گوتی، بە گەیشتنی ئەو فڕۆكە جەنگییە زۆرانە و ئەگەری دەستپێكردنی هێرشی فراوان بۆ سەر ئێران، چاوەڕوان دەكرێ زۆربەی گەشتە ئاسمانییەكان هەڵبوەشێنەوە و خەمڵاندنی ئەوە دەكەین كە 50 هەزار تكتی فڕۆكەی هاووڵاتییان و گەشتەكانیان دوابخرێن.

لەلایەكی ترەوە كەناڵ 12ی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، سبەی سێشەم بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە كۆشكی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆ دەبێتەوە و زانیاریی هەواڵگریی ورد و فراوانی لەسەر دۆخی ئێران و بەرنامەی ناوكی ئەو وڵاتە پێ دەدات، تا لە ئەگەری دەستپێكردنی هێرشی فراوان لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە، پشتی پێ ببەسترێ و ئەنجام بدرێن.

ئەو پێشهاتە نوێیە لە كاتێكدایە كە لە دوای 13 شەو بۆردمانكردنی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، لە دوو شەوی ڕابردوودا بۆردمانەكان وەستێنراون و ترەمپ دەیەوێ دوا دەرفەت بە ئێران بدات، هەریەك لە سوڵتاننشینی عومان و ئێرانیش لە دانوستان بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بەردەوامن.

لەبارەی وەستانی هێرشەكانیش ترەمپ گوتی، ئەمە پاشەكشە نییە و بگرە سوپا هەموو كات لە ئامادەباشیدایە بۆ بۆردمانكردنەوەی ئێران.

سەرەڕای وەستاندنی بۆردمانكردنی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، بەڵام گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەكانی ئێران بەردەوامی هەیە و لە ڕاگەیەنراوێكی سێنتكۆمدا هاتووە، لە دوای دەستپێكردنەوەی گرژییەكان و سەپاندنەوەی گەمارۆكان، توانیویانە 12 كەشتی بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتوون بگەڕێننەوە و كەشتییەكیش لە جووڵەكردن پەكبخەن.

هەرچەندە ئەوە ڕوون بووەتەوە كە ترەمپ بڕیاری هێرشی فراوانی دواخستووە و دەیەوێ دوا دەرفەت بە ئێران بدات، بەڵام سەرچاوەكان دەڵێن، ئەنجامدانی ئەو هێرشە فراوانە بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە لە سەعاتی سفردایە و ئەگەری هەیە لە هەر كاتێك دەست پێ بكات.

پێگەی ئەكسیۆس ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی سەرانی ئەمەریكای لە كۆشكی سپی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ترەمپ داوای كردووە دەرفەت بە ئێران بدرێ و هەڕەشەیشی كردووە، ئەگەر ڕێككەوتنەكە 100% بە دڵی ئەمەریكا نەبێت، ئەوا دەست بە هێرشی فراوان دەكەن.

ئەمەیش لە كاتێكدایە لە میانەی كۆبوونەوەكە هەریەك لە جەی دی ڤانسی جێگری و جەنەراڵ دان كیەن سوپاسالاری هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا هۆشدارییان بە ترەمپ داوە، جبەخانەی ئەمەریكا كەمتر دەبێتەوە و بە پێویستیان زانیوه دەرفەتێكی تر بە ئێران بدرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د