لابردنی وێنەی خامنەیی لە كەربەلا.. لە نێوان ناڕەزایی میلیشیاكان و سەلماندنی شكۆی دەوڵەت

:: AM:11:09:27/07/2026 ‌
لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە نەجەف و كەربەلا، هەڵواسینی وێنەیەكی گەورەی عەلی خامنەیی ڕابەری پێشووی ئێران لەلایەن میلیشیاكان و دواتر لێكردنەوەی لەلایەن هێزەكانی تەناهیی حكوومەت، مشتومڕێكی زۆری لە ناوخۆی عێراق دروست كردووە و میلیشیاكان و لایەنگرانیان دژی وەستاونەتەوە، پشتیوانانی حكوومەتیش ئەمە بە هەنگاوێك بۆ گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت ناو دەبەن.

لابردنی وێنەكە تەنیا لە ڕێوشوێنێكی كارگێڕی و تەناهی و ڕێككاری ناو كەربەلا دەرچووە، بووە بە بابەتێكی سیاسی و دووبارە سنووری هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و توانای سەرۆكی حكوومەت عەلی زەیدی لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێكردنی یاسا لەسەر تەواوی لایەنەكان خستووەتە بەرباس و گفتوگۆوە.

چی ڕووی دا؟
تەنگژەكە لەوەوە دەستی پێ كرد كە دوو چەكداری دەستەی حەشدی شەعبی، وێنەیەكی گەورەی عەلی خامنەیی ڕابەری كوژراوی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە ڕووی باڵەخانەیەكی سەر شەقامی سەرەكیی هاتنە ناو كەربەلا هەڵواسی، دواتر هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ بە فەرماندەیی لیوا ئەنوەر نەسراوی، هاتنە شوێنەكە و وێنەكەیان لێ كردەوە، بەهۆی ئەوەی ڕەزامەندیی لەلایەن هێزەكانی تەناهیی بۆ وەرنەگیراوە.

نەسراوی ڕێنوێنیی بڵاو كردووەتەوە، ڕێگریی لە هەڵواسینی هەر وێنە و لافیتەیەك بگیرێت كە ڕەزامەندیی فەرمی دەزگەكانی تەناهی پارێزگاكەی لەسەر نەبێت، ئەمەیش بە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكان بۆ ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن ناو بردووە.

هاوكات باس لەوەیش دەكرێ، خاوەنی باڵەخانەكە ڕازی نەبووە كە ئەو وێنەیە لە ڕووی پێشەوەی باڵەخانەكەی هەڵبواسرێ و هێزەكانی تەناهیی ئاگادار كردووەتەوە، وێنەكە لا بدەن و هیچ وێنەیەكی تر لەسەر ڕووی باڵەخانەكەی هەڵنەواسرێت.

بابەتەكە ڕەهەندە كارگێڕی و ڕێكارییەكەی خۆی بە خێرایی لە دەست دا، دوای ئەوەی پەیج و ئەكاونتی لایەنگرانی میلیشیا چەكدارەكان، هەڵمەتێكی ڕەخنەگرتنی فرەوانیان دژی ئەنوەر نەسراوی فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی سیستم لە كەربەلا دەست پێ كرد و داوای لێپرسینەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە دژی دەكرا، لە بەرانبەردا بەشێك لە سیاسەتوان و میدیاكاران پشتیوانیان كرد و دووپاتیان لەوە كردەوە، ئەو جیا لە ڕێنوێنیی تەناهی كە پێی دراوە، هیچ كردارێكی نایاسایی نەكردووە.

چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، ڕووداوەكە لە جێبەجێكردنی ڕێوشوێنێكی تەناهی بۆ ڕای گشتی و مشتومڕێكی سیاسیی گەورە لە ناو پەرلەمان و هێزەكانی سیاسی گۆڕاوە، هەندێكیان ڕەخنەبارانی ئەم كردەیە دەكەن و هەندێكیش پشتیوانی لێ دەكەن. هەندێكی تریش نایشارنەوە كە لابردنی وێنەكە ئاماژەیە كە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لەمساڵدا لەلایەن حكوومەتەوە وەك هەنگاوێك بۆ دەستبردن بۆ دۆسیەیەكی هەستیار بەڕێوە دەچێت، ئەویش دۆسیەی هەژموونی ئێرانە لە ناوخۆی عێراق. لە كاتێكدا دەنگەكان بەردەوام زۆر دەبن و بەرزتر دەبن، بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و كەمكردنەوەی كاریگەری هێزی دەرەكی لەسەر بڕیاری عێراق.

هاوكات ئەو ڕووداوە گرنگییەكی تری هەیە، ئەویش لە كاتێكدایە كە عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، هەڵمەتی گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەتی دەست پێ كردووە، لە جێبەجێكردنی یاسا لە دامەزراوەكانی فەرمی و دوورخستنەوەی هێزەكانی تەناهی لە دەستوەردانی سیاسی، بۆیە بەشێك لەو باوەڕەدان كە ئەمە تاقیكردنەوەیەكی كردارەكی ئەو خواستەی عەلی زەیدی و گواستنەوەیەتی بۆ واقیعی عێراق.

ئەزموونی پێشتر
ئەمە یەكەمجار نییە كە ڕووداوی لەمشێوەیە لە عێراق ڕوو بدات و وێنەی خامنەیی و سەركردەكانی تری ئێران لێ بكرێتەوە، لە ساڵانی ڕابردوو چەندان حاڵەتی هاوشێوە لە عێراق ڕوویان دا و بەهەمانشێوە مشتومڕی سیاسی زۆریان بە دوای خۆیاندا هێنا.

لەمیانەی خۆپێشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019، خۆپێشاندەران هەڵیانكوتایە سەر كونسوڵگەی ئێران لە نەجەف و سووتاندیان، هاوكات وێنەی عەلی خامنەیی و قاسم سلێمانی لە بەغدا و ژمارەیەك شاری تر دڕێنراو و سووتێنرا. ئەمەیش پەیامێكی گرنگی خەڵكی عێراق بوو كە هەژموونی ئێران بە تەواوی ڕەت دەكەنەوە.

هەریەك لە شارەكانی بەغدا و نەجەف و كەربەلا و ناسریە و بەسرە، چەندان جار وێنەی سەركردەكانی ئێران و كەسایەتییە دیارەكانی گرووپە چەكدارەكان لە كاتی خۆپێشاندان و تەنگژەی سیاسی لێكراونەتەوە و دڕێنراون.

لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵانی ڕابردوو، لە دیوار و شوێنە گشتییەكان عێراق بەهەمانشێوە وێنەی زۆر و گەورەی ئەو دوانەیان هەڵواسیبوو، بەڵام بەشێكیان لێكرانەوە و دڕێنران. ئەمەیش دابەشبوونێكی بۆچوونی لە ناو ڕای شەقامی عێراق دروست كرد.

تاقیكردنەوەی سیاسیی عەلی زەیدی
ئەم ڕووداوە لە كاتێكی سیاسیی زۆر ورد و هەستیار ڕووی دا، كاتێكی زۆر بەسەر سەردانی زەیدی بۆ تاران لە دوای گەڕانەوەی لە واشنتن تێنەپەڕیوە، لە كاتێكدا گرژییەكانی واشنتن و تاران بەردەوامیان هەیە.

پێدانی دیوێكی سیاسی بەم ڕووداوە، تاقیكردنەوەیەكی زانستی و كردارەكی توانای عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراقە بۆ بەهێزكردنی شكۆی دەوڵەت، گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی گوشارە سیاسییەكان و  ئەو چەمكانەی میلیشیاكان بەكاری دەهێنن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د