دوای ئەوەی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپێردرا، مستەفا كازمی، مانگێكی لەبەردەم دایە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی. كازمی، ساڵی 1985 لە ترسی رژێمی بەعس عێراق جێدەهێڵێت و روو لە بەریتانیا دەكات، دوای رووخانی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە عێراق، ساڵی 2016 لەلایەن حەیدەر عەبادی دەكرێتە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، مستەفا كازمی لە جێگەی عەدنان زورفی، بە فەرمی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق. كازمی، دوای عەلاوی و زورفی، دەبێتە سێیەم كەسایەتی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی.
كازمی، لایەنە شیعەكان پشتگیری دەكەن، ئەمەش وایكرد كە كورد و سوننەش پشتگیری بكەن، رەنگە ئەم پشتگیرییەش پاڵنەرێكی بەهێز بێت بۆ سەرخستنی كابینەی حكوومەتەكەی و پێدانی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە.
ناوی تەواوی مستەفا عەبدولەتیف مەعرووف كازمییە، ساڵی 1967 لە شاری بەغدا لە دایك بووە و لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە سەر عەشیرەتی غەریب، خێزانەكەی لە ناوچەی شەتڕە لە پارێزگای زیقاڕ بەرەو ناوچەی كازمییە و بەری كەرخ لە بەغدای پایتەخت كۆچ دەكەن.
کازمی، ساڵی ١٩٦٧ لە دایک بووە و دەرچووی کۆلیژی یاسایە و ،اوەیەکی زۆر کاری رۆژنامەنووسی کردووە
باوكی كازمی فەرمانبەری رووپێو و سەرپەرشتیاری هونەری بووە لە فڕۆكەخانەی بەغدا، ساڵی 1963 رووی لە بەغدا كردووە. تا ئەوكاتەی لە شەتڕە بووە نوێنەری پارتی نیشتمانی دیموكراتی بووە، ئەو حزبەی كە كامل چادرچی سەركردایەتی دەكرد.
مستەفا كازمی تەنیا رەگەنامەی عێراقی هەیە و هیچ رەگەزنامەیەكی تری بیانی نییە، ئەوكاتەی وەك ئۆپۆزسیۆنی رژێمی بەعس لە دەرەوەی عێراق بووە تەنیا پاسپۆِرتی پەنابەری سیاسی هەبووە.
كازمی دەرچووی كۆلیژی یاسایە لە زانكۆی توراس لە ساڵی 2012، هاوسەرگیری كردووە و دوو منداڵیشی هەیە. ساڵی 1985 بەغدای جێهێشت و لە رێی كوردستانەوە خۆی گەیاندە ئێران، پاشان رووی لە ئەڵمانیا و دواتریش بەریتانیا كرد.
نازناوی كازمی رۆژنامەنووسی مستەفا بووە، ئەوكاتەی وەك رۆژنامەنووسێك كاری كردووە و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارێكی هەفتانە بووە كە كاری سەرەكی گۆڤارەكە بە دیكۆمێنتكردنی تاوانەكانی رژێمی بەعس بووە. كازمی وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە دامەزراوەی زاكیرەی عێراقی كاری كردووە و رۆڵی هەبووە لە بە دیكۆمێنتكردن و كۆكردنەوەی فیلمەكانی پێوەندار بە قوربانییەكانی ژێر دەستی رژێمی بەعس، جگە لەمەش سەرپەرشتی دامەزراوەی دیالۆگی مرۆیی كردووە وەك هەوڵێك بۆ دیالۆگ لە جیاتی توندوتیژی لە چارەسەری ململانێیەكان.
كازمی لە كاری رۆژنامەگەری بەردەوام بووە، ستوونێكی هەبووە لە بەشی عێراق لە ئاژانسی مۆنیتۆری نێودەوڵەتی، چەند كتێبێكیشی دەركردووە لەوانە:
پرسی عێراق، ئاشتەوایی لە نێوان رابردوو و داهاتوودا.
ساڵی 2016، حەیدەر عەبادی وەك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی دەستنیشانی كرد. دوای خۆپێشاندانەكانی بەغدا و باشووری عێراق، كازمی، لەگەڵ چەندان ناوی تر، ناویان لە لیستی كاندیدان بوو بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام هەر زوو لەلایەن كەتایبی حزبوڵا تۆمەتبار كرا بە پلانداڕێژەری كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس.
مالیك كە ئەندازیاری شارستانییە، برا گەورەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە، سەباح كازمی زاوای حەیدەری عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشتر، ئەویش برای مستەفا كازمییە و پێشتر راوێژكاری عەبادی بووە و ئێستە لە وڵاتی دانیمارك نیشتەجێیە. جگە لەوەش، برایەكی تری هەیە بەناوی جەمال كە دەرچووی كۆلیژی پزیشكییە لە یۆنان نیشتەجێیە و عیمادی برا بچووكیشی، ئەویش دەرچووی كۆلیژی ئەندازیارییە.