سبەی پێشانگەی كتێب لە هەولێر دەكرێتەوە

:: AM:11:04:07/03/2023 ‌
بڕیارە سبەی 15مین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر بكرێتەوە، لەو پێشانگەیە زیاتر لە 35 دەزگای چاپ و بڵاوكراوە بەشدارن و زیاتر لە ملیۆنێك و نیو كتێب نمایش دەكرێن.

بە چاودێری سەرۆك بارزانی و لە ژێر دروشمی "سەردەم و شارستانی"، بڕیارە سبەی 15مین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب لەلایەن دەزگای "مەدا" بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر، لە پایەتەخت بێتە سازكردن.

نزیكەی 1,5 ملیۆن ناونیشان لە بابەتە جیاوازەكانی هزری و ئەدەبی و زانستی و مێژوویی و هتد، نمایش دەكرێن
لەو پێشانگەیەدا زیاتر لە 350 دەزگا و خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی جێی باوەڕ و رەسەن بەشداری دەكەن، لە ناویاندا دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی شارە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوانی تریش عەرەبی و بیانین كە نزیكەی 1,5 ملیۆن ناونیشان لە بابەتە جیاوازەكانی هزری و ئەدەبی و زانستی و مێژوویی و هتد، نمایش دەكرێن و دەخرێتە بەردەستی خوێنەران.

پێشانگەكە لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر ساز دەكرێت، رووبەری تایبەتیش بۆ كتێبساز و خاوەن دەستنووسە دەگمەنەكان تەرخان كراوە، هەروەها رووبەری گونجاو لە دەرەوەش بۆ رێستورانت و قاوەخانە تەرخان كراوە بۆ پشوو وەرگرتنی مێوانان و سەردانیكەران. 

پێشانگەكە بە درێژایی 11 رۆژ لە پێشوازیكردنی مێوانان و سەردانیكەران بەردەوام دەبێت، لە هەشت تا 18ی ئادار، هەروەها پێشانگەكە بەرنامەیەكی رۆشنبیری تێروتەسەلی هەیە كە دەیان چالاكیی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، لەوانە نزیكەی 80 كۆڕ و مێزگرد و سیمیناری رۆشنبیری و هونەری، هەورەها پێشانگەكە مێوانداری چەندان كەسایەتی و مێوانی دیار و خاوەن پێگەی داهێنەرانە و هزری و ئەدەبی دەكات، لەگەڵ رۆژانی پێشانگەكە، بۆنەی تریش هاو رێككەوت دەبن، لە نێوانیان رۆژی جیهانیی ئافرەتان.



وشە - رامیار جەواد