تارا ملوانكەی گۆرانییەكانی دەخاتە گەردنی عاموودا

:: AM:09:12:26/09/2023 ‌
بڕیارە بۆ هەینیی داهاتوو خاتوونە هونەرمەند تارا رەسووڵ بۆ سازكردنی كۆنسێرتێك، بگاتە شاری عاموودا رۆژئاوای كوردستان و ژمارەیەك لە گۆرانییە جۆراوجۆرەكانی بۆ جەماوەری رۆژئاوا بكاتە دیاری.

تارا رەسووڵ ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئەیلوول لە پێوەندییەكدا تایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینیی داهاتوو كە دەكاتە رێكەوتی 29ی ئەم مانگە، لەسەر داوا و بانگهێشتی رادیۆ و كافێی "ئاڕتا" لە شاری عاموودا رۆژئاوای كوردستان، بۆ سازكردنی كۆنسێرێك سەردانی ئەو شارە خۆشەویستەی كوردستان بكەم.

تارا لەبارەی ئەو گۆرانییانەی بڕیارە لەو شارە پێشكەشی جەماوەرەكەی بكات، رای گەیاند كە ئەو گۆرانییانەی پێشكەشیان دەكات، بە شێوەزارەكانی سۆرانی و كرمانجین، هاوكات مەبەستێتی چەند گۆرانییەكیش بە زمانی عەرەبی پێشكەش بكات.

لەبارەی سازكردنی كۆنسێرتەكەیش گوتی، جەماوەری خۆشەویستی عاموودا تینووی گوێگرتنی گۆرانی و بەتایبەتی كۆنسێرتی هونەرمەندانی باشووری كوردستانن، بۆیە بۆ من گرنگە ئەگەر بتوانم دڵە تینووەكەیان تێرئاو بكەم، هاوكات ئەوە بۆ یەكەمین جارە لەو ناوچەیەی كوردستان كۆنسێرت ساز بكەم و بە جەماوەرە خۆشەویستەكەم شادبم.

دواتریش تارا سوپاسی رادیۆ و كافێی ""ئاڕتا"ی كرد بۆ بانگهێشتەكەی بۆ عاموودا و سازكردنی  كۆنسێرت لەو شارە.

تارا رەسووڵ لە ساڵی 1975 لە گەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لە دایك بووە، یەكەمین گۆرانیی بەناوی "هەڵەبجەی شەهید- بەتەنیا جێم مەهێڵە"ـەیە و بەدوایدا تا ئێستە دەیانی گۆرانیی تۆمار و كلیپ كردووە، جیالەوەی لە شارەكانی كوردستان و دەرەوەی وڵاتیش كۆنسێرتی ساز كردووە و چەندان خەڵاتی جۆراوجۆری پێشكەش كراوە، ئێستەیش لە سوید نیشتەجێیە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د