23ی ئەم مانگە پێنجەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ كتێب لە سلێمانی كرایەوە و ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام بوو، بەگوتەی سەرپەرشتیارانی پێشانگەكە، 500 هەزار كەس سەردانیان كردووە و بایی سێ ملیار دیناریش كتێب فرۆشراوە.
لەگەڵ كردنەوەی پێشانگەكە زۆر رەخنە و لێدوان هاتنە ئارا، گوایە كتێبی باشی كەم لێیە و زۆربەی كتێبی ئاینین، بەڵام سەرپەرشتیارانی پێشانگەكە ئەوەیان ڕەت كردەوە و پێیان وایە 50% كتێبی ئاینی و 50% كتێبی بوارەكانی تر بووە.
گوڵان نیروان بەڕێوەبەری ئیدارەی پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ كتێب لە سلێمانی، بۆ "وشە" گوتی، لە پێشانگەكەدا نزیكەی پێنج ملیۆن ناونیشان نمایش كرابوون، هاوكات لە 20 وڵاتی دنیا و هەر چوار پارچەی كوردستانەوە بەشداریی لە پێشانگەكەدا كرا، كوردانی تاراوگەش بەشدار بوون".
گوتیشی، "200 خانەی چاپ و پەخشی بڵاوكردنەوەی كتێب، بەشدارییان لە پێشانگەكەدا كرد كە 50%ی ناوخۆیی و 50%كەی تریش دەرەكی بوون".
ئاماژەی بەوەش كرد، پێشانگەكە ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام بوو، ڕۆژانە لە سەعات نۆی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە پێشوازیی لە خوێنەران و هاووڵاتییان دەكرد، لەو ماوەیەدا 500 هەزار كەس سەردانیان كرد و فرۆشی كتێبیش سێ ملیار دینار بوو.
ئەوە لە كاتێكدا بوو زۆربەی چاپ و دەزگاكانی كوردستان پێیان وابوو، دۆخی ئابووری كوردستان لەبار نییە بۆ فرۆشی كتێبێكی زۆر لە پێشانگەكە، بەشێكیشیان ئاماژەیان بەوە دەدا كە بەهۆی خەرجیی زۆرەوە زیان دەكەن".