بابەتی كتێبی "مێشك-زەین" شیكردنەوەی زەینە. ڕێبازی ئەو شیكردنەوەیە زانستییە. ئەو بوارە زانستییەی كە شرۆڤەی زەین دەكات، پێی دەگوترێت زانستی ناسینی. زانستی ناسینی بوارێكی نێوان-لقییە كە لە زانستی كۆمپیوتەر، زانستی دەماری، دەروونناسی، مرۆڤناسی، زمانناسی، فەلسەفە و تا ئاستێك لە ئابووریناسی و كۆمەڵناسی پێكدێت.
پۆل تاگارد نووسەری ئەم كتێبە لە كەسانی پێشەنگی بواری زانستی ناسینییە. د. ئارا ئەمینی وەریگێڕاوە، هەوڵەكانی پۆل تاگارد لە ئاراستەی یەكخستن و یەكپارچەكردنی بوارە پێكهێنەرەكانی زانستی ناسینین و لەم كتێبەشدا هەوڵ دەدات چوارچێوەیەكی یەكخراوی چەندئاستی بۆ شرۆڤەی زەینی مرۆڤ پێشكەش بكات.
د. ئارا ئاماژەی بەوە دا لەم كتێبەدا سەرجەم ئەم باسانە خراونەتە روو، هاوكات ڕووبەڕووی چەندان پرسی سەرنجڕاكێش دەبینەوە، وەك ئەوەی كە چۆن زەین لە دەرەوە زانیاری وەردەگرێت و وێنا یان خەیاڵ لە زەینی مرۆڤدا چۆن دروست دەبێت؟ چۆن چەمكەكان بەتایبەت چەمكە دەرهەستەكان لە زەینی مرۆڤدا دروست دەبن؟ ئایا هەست و سۆزەكانی ئێمە لە بەشی لۆجیكیی زەینی ئێمە جیان؟ چۆن هەست و سۆزەكان لە مێشكدا پێكدێن؟ مێشكی مرۆڤ چۆن توانای بەرهەمهێنانی زمان پەیدا دەكات؟ ئیرادەی ئازاد چییە؟ پێواژۆكانی نیاز، بڕیاردان و ئیرادەی ئازاد چۆن لە زەینی مرۆڤدا جێبەجێ دەبن؟ ئایا داهێنەری پێكهاتەیەكی هەیە و مێشك چۆن كردار و ڕەوتی داهێنەرانە ساز دەكات؟ خود چییە و بەشە پێكهێنەرەكانی لەناو زەیندا چین؟