نوێترین كتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەناوی "داد" چاپ و بڵاو كرایەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەم چیرۆكانەیدا، خوێنەرانی دەباتە سەیرانێكی بێ وێنە، لە زبڵخانەی ئیستانبوڵەوە بۆ دادگاكان، لە ڤێلا ڕازاوەكانەوە بۆ فەرمانگەكانی وەرگرتنی باج، لە دوورگە دوورەدەستەكانەوە تا بە سۆزانیخانەكان دەگات، لە هەندێك شوێن پووچگەرایی تێكەڵ بە خەیاڵی زانستی دەبێت.
فەرهاد چۆمانی وەرگێڕی كتێبەكانی دەمیرتاش، بۆ "وشە" گوتی، كتێبی "داد" كە نوێترین كتێبی سەڵاحەدینە و لە توركییەوە وەرمگێڕاوە، بە زمانێكی تەنز لە ڕووداوەكان وەردەپێچێت، بەڵام هەموویشی بە خەیاڵێكی باڵا و حەكایەتچنینێكی بێهاوتا. لە هەمووشیاندا ئەو توێ شاراوانەی ناخی مرۆڤ دەپشكنێت، كە نووسینێكی وەها نەبێت دەروەستی ئاشكراكردن و دەرخستنیان نایەت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش (بە كوردیی زازاكی: Selahattîn Demîrtaş) نووسەر و سیاسەتمەدارێكی كوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆكەی پالۆی سەربە پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لە دایك بووە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (DTP) وەك نوێنەری پارێزگای ئامەد، بووەتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا و لە دوای قەدەغەكردنی ئەم پارتە لەلایەن دادگای دەستووری توركیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP).
سەڵاحەدین كوردی زازایە و دەرچووی كۆلێژی یاسایی زانكۆی ئەنكەرەیە. دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەكتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) بوو. ھەروەھا لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخستنی مافی مرۆڤی توركیایە.
لە چواری تشرینی یەكەمی ٢٠١٦، لەلایەن حكوومەتی توركیاوە لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ و ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە گیران و تا ئێستەش لە گرتووخانەیە، بەڵام ئەو ماوەیەی لە گرتووخانە چەند كتێبێكی نووسیوە "سەحەر، دەوران، لەیلان" كە هەموو كتێبەكانی فەرهاد چۆمانی بۆ كوردی سۆرانی وەریگێڕاون.