خانمە هونەرمەندی كورد "کەویار هادی" ناسراو بە "کەویار هەورامی"، بڕیارە بەمزوانە نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی پێشکەش بە بینەر و بیسەرەکانی بکات، پێشتریش بەرهەمێكی بەناوی نیوە شەو بڵاوكردەوە.
تێكستی گۆرانیی "نیوە شەو" یەكێكە لە شیعرەكانی دیوانی لەغوربەتایی"جەنەڕاڵی پایز" محەمەد عومەر عوسمانە، هونەرمەند عەدنان كەریم ئاوازی بۆ دانابوو. رێبین سالار كاری میوزیكی جێبەجێكردووە.
ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیی "نیوەشەو”ی كەویار، لەلایەن رۆز محەمەد كاری دیكۆر و دیزاینی بۆـ ئەنجامدراوە و دیار كورد وێنەی بۆ گرتووە، هەروەها ئارام حەسەنیش كاری دەرهێنانی بۆ كردووە.
کەویار هادی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند وێنەیەكی خۆی لە كاتی وێنەگرتنی بەرهەمە نوێیەكەی بڵاوكردەوە و دەڵێت" بەمزوانە نوێترین کاری خۆمتان پێشکەش دەکەم، هیوادارم بەدڵتان بێت".
كەویار هەورامی ساڵی (١٩٩٩) لە هەڵەبجە لە دایكبووە و ساڵی (٢٠١٠) بەشداری پرۆگرامێكی تایبەتی منداڵانی بەهرەمەندی كرد بە ناوی تۆ نمونەی، لەو كاتەشەوە بەهۆی دەنگە تایبەتەكەیەوە توانیوێتی ناوبانگێكی باش بۆ خۆی پەیدا بكات، بەستایلێکی سونەتی گۆرانی دەچڕێت و توانایەکی باشی هەیە لە وتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەندان "مەزهەری خالقی، محەمەدی ماملێ، عەدنان کەریم".
ساڵی رابردوو کەویار لەگەڵ رێبین سالار ژیانی هاوسەریگیری پێكهێنا کە یەکێکە لە موزیسیانە دیارەکانی کورد و ئامێری سەنتور دەژەنێت، ساڵانێکی زۆرە لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا خزمەت بە هونەری کوردی دەکات.