ماڵی كتێب بە هاوكاریی پارێزگای هەولێر، فێستیڤاڵی شیعر و چیرۆك ڕێكدەخات، سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە دەڵێن، ئەمە دووەمین فێستیڤاڵی ماڵی كتێبە، بڕیارە بەمزووانە بەڕێوە بچێت.
زانا خەلیل وەك یەكێك لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە، بۆ "وشە" گوتی، فێستیڤاڵەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانە و براوەی خەڵاتی یەكەمی هەردوو بواری شیعر و چیرۆك، كتێبیان بۆ چاپ دەكرێت.
گوتیشی لە سەرەتادا رای دەگەیەنین كە فێستیڤاڵێكی وا رێكدەخەین، تا هەموو نووسەران بابەتەكانیان بەڕێی ناونیشانێكەوە بۆمان بنێرن. ماوەی وەرگرتنی بەرهەمەكان تا ڕۆژی (۲٥-۱۲-٢٠٢٣) دەبێت.
فێستیڤاڵەكە لە هەردوو بواری شیعر و چیرۆك دەگرێـتەوە، دوو لیژنە هەڵسەنگاندن بۆ دەقەكان دەكەن و براوەی یەكەمی هەردوو بوار، كتێبیان بۆ چاپ دەكرێت و بەشدارانی تریش خەڵاتی بەشداربوونیان پێ دەدرێت.
ماڵی كتێب ماڵێكی خۆبەخشە و لەسەر ئەركی ژمارەیەك لە نووسەران بەڕێوە دەچێت، تا ئێستە ۳۷ كتێبی چاپ كردووە لەگەڵ چەندان چالاكیی كولتووری و فەرهەنگی هەمەڕەنگی ڕێكخستووە.