سبەی لە رێوڕەسمێكدا شوان مەندی دیوانی "حەبیبە دەگەڕێتەوە" لە هەولێر بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:28:12/06/2024 ‌
بڕیارە سبەی پێنجشەم یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر، كۆڕ و رێوڕەسمێك بۆ شوان مەندیی شاعیر رێكبخات كە تێیدا جیا لە خوێندنەوەی بەشێك لە شیعرەكانی، هاوكات دیوانی "حەبیبە دەگەڕێتەوە" بكاتە دیاری بۆ خوێنەرانی و خوێندنەوە بۆ شیعرەكانیشی دەكرێت.

یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر لە چالاكییە بەردەوامەكانی، سبەی كۆڕ و رێوڕەسمی تایبەت بۆ شوان مەندی رێكدەخات كە تێیدا نوێترین كتێبی خۆی كە دیوانی "حەبیبە دەگەڕێتەوە"یە، بڵاو دەكاتەوە و هاوكات دەیكاتە دیاری بۆ خوێنەرانی، لە كۆڕەكەدا عەلی پێنجوێنی خوێندنەوە بۆ دیوانەكە دەكات و بەدوایدا مەندی بەشێك لە شیعرەكانی دەخوێنێتەوە.

كۆڕ و رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی دیوانی "حەبیبە دەگەڕێتەوە"، سبەی پێنجشەم لە سەعات 5:30ی سەرلە ئێوارە، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لەناو بارەگای لقی هەولێر یەكێتیی نووسەرانی كورد بەڕێوە دەچێت.

هاوكات هونەرمەند شیشار ئەسوەد بە ژەنینی ئامێری "عوود"، بەشداری لە خوێندنەوەی شیعرەكانی مەندی دەكات.

شوان مەجید كەریم كە زیاتر بە "شوان مەندی" دەناسرێتەوە، لە ساڵی 1966 لە سلێمانی لە دایك بووە و لە خوێندندا پەیمانگەی مامۆستایانی تەواو كردووە. لە ساڵانی 2000وە شیعر دەنووسێت و رێچكەی تایبەتی لە نووسینەكانیدا هەیە كە خەیاڵەكانی ئاوێتەی دنیای كلاسیك و وشە و دەستەواژەكانی دەكات.

مەندی لە ساڵی 2010دا دوو كتێبی شیعریی بڵاو كردووەتەوە بە ناوەكانی "ئەڵقە" و "چوارینەكانی سەدایی"، دیوانی "حەبیبە دەگەڕێتەوە" نوێترین دیوانی ئەو شاعیرەیە كە لە بەرگی پێشەوەی دیوانەكە بە "غەزەلیات" ناوی بردووە.







وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د