تەڕەزان مرد

:: PM:07:07:24/10/2024 ‌


ڕۆن ئیلی، ئەكتەری ئەمەریكیی ناسراو بە رۆڵی تەرەزان لە زنجیرەیەكەی بەناوبانگدا كە ساڵاتی شەستی سەتەی ڕابردوو بڵاو بووبووەوە، كۆچی دوایی كرد.

كرستن ئیلی، كوڕی هونەرمەندەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردەوە كە باوكی لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە شاری سانتا باربێرا لە ویلایەتی كالیفۆرنیا گیانی سپاردووە و لە پۆستەكەیدا نووسیویەتی: جیهان یەكێ لە مەزنترین مرۆڤەكانی دەیناسی لەدەستی دا.

زنجیرەی تەرەزان لە ساڵانی شەستی سەتەی ڕابردوو بەرهەم هێنرا و زۆر بە خێرایی بەناو هەموو گەلانی دنیادا بڵاو بووەوە، بەهۆی ئەوەی لەم چیرۆكەدا تەرەزان جیاواز بوو لەوانی پێشتر، چونكە تێیدا بە پێچەوانەوە لە شارەوە دەگەڕایەوە بۆ دارستان و ناو ژیان لەگەل مەیموونەكانی بەخێویان كردووە.

ڕۆن ئیلی، جیا لە زنجیرەی تەرەزان، لە چەندان فیلم و درامای تریشدا بەشداری كردووە و دوو ڕۆمانی پۆلیسیشی نووسیوە، بەڵام هیچی ناوبانگەكەیان ئەوەندە زۆر نەبووە تا خەڵكی جگە لە پیاوی تەرەزان، بە هیچ شتێكی تر بیناسنەوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر