بڕیارە سەلمان ڕوشدی ئەمڕۆ لە دادگا، چاوی بەو كەسە بكەوێت كە پێش نزیكەی سێ ساڵ لەمەوبەر، بە چەقۆ پەلاماری دا و بووە هۆی برینداربوونی و لەدەستدانی چاوێكی.
ئەو كەسەی پەلاماری ڕوشدیی دا ناوی هادی مەتەر بوو، هاووڵاتییەكی ئەمەریكی بە بەرەگەز لبنانییە و پێش 26 ساڵ لەمەوبەر لە ویلایەتی نیوجەرسی لە دایك بووە.
ئێستە ڕوشدی تەمەنی 77 ساڵە، ئێوارەی 12ی ئابی ساڵی 2022، لەلایەن كەسێكەوە زیاد لە 10 چەقۆی لێ درا و بووە هۆی برینداربوونی قوڕگ و دەست و سنگی و لەدەستدانی چاوێكی.
هادی مەتەر دوای تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر فەتواكەی خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئێران، ئەو كارەی ئەنجام دا. ئاشكرایە خومەینی لە 14ی شوباتی ساڵی 1989، بە دەركردنی فەتوایەك خوێنی سەلمان ڕوشدیی حەڵاڵ كرد، خومەینی پێی وابوو، ئەو ڕۆماننووسە لە ڕۆمانەكەیدا "ئایەتە شەیتانییەكان"، سووكایەتی بە ئیسلام كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە ئێران لە ساڵی 1998 واتە نۆ ساڵ دوای دەركردنی فەتواكە، ئەو فەتوایەی هەڵوەشاندەوە و ڕای گەیاند، چیتر پشتگیریی ناكات.
لە دادگاكەی ئەمڕۆ سێشەم 11ی شوبات، داواكاری گشتی پلانی ئەوەی هەیە سەلمان ڕوشدی وەك شایەدحاڵێك بانگهێشتی دانیشتنەكە بكات.
پێشتر ڕوشدی لە كتێبێكیدا بە ناونیشانی "چەقۆ" كە ساڵی ڕابردوو بڵاوی كردەوە، باس لە ساتەوەختی هێرشەكە و هەوڵەكەی هادی مەتەر بۆ كوشتنی دەكات. بەڵام پارێزەرەكەی مەتر ئەو تۆمەتە ڕەت دەكاتەوە و باس لەوە دەكات هادی نیازی كوشتنی روشدیی نەبووە.
بە پێچەوانەی گوتەكانی پارێزەرەكەی هادی مەتەرەوە، ئەوانەی لەو كاتەدا لەسەر سەكۆی سیمینارەكە بوون، باس لەوە دەكەن هادی بە نیازی كوشتن پەلاماری ڕوشدیی داوە و خۆ ئەگەر ئەوانەی سەر سەكۆكە نەبوونایە كە توانیان مەتەر بگرن، ئەوا بە ئەگەرێكی زۆرەوە، هەنووكە ئەو ڕۆماننووسە ماڵئاوایی یەكجارەكی لە ژیان كردبوو.
باوكی هادی كە ناوی حوسێنە، لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو لە گوندی "یارون" لە باشووری لبنانەوە، بەرەو ئەمەریكا كۆچ دەكات، ساڵی 2004 لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە و بە تەنیا هەر خۆی دەگەڕێتەوە بۆ لبنان. دواتر هادی مەتەر ساڵی 2018 سەردانی باوكی دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش دێت بۆ لبنان و ماوەی مانگێك لای باوكی دەمێنێتەوە. دایكی هادی دەڵێت: "دوای گەڕانەوەی هادی ڕەفتار و هەڵسوكەوتی گۆڕابوو".
سیلڤانا فیردۆس كە دایكی هادی مەتەرە، بە لێكۆڵەرانیگ FBI گوتووە: مەتەر لە دوای ئەوەی لە لبنانەوە گەڕایەوە بۆ ئەمەریكا، لە ژوورێكی نهۆمی خوارەوەی ماڵەكەدا، خۆی زیندانی كردبوو، خۆی خواردنی بۆ خۆی دروست دەكرد، لەگەڵ ئێمە زۆر قسەی نەدەكرد، بگرە دەستی كرد بە گلەیی و سەرزەنشكردنی من، چونكە وەك مسوڵمانێك بە شێوەیەكی توند پەروەردەم نەكردووە.
یەكێك لەو ئەفسەرانەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ هادی مەتەر كردووە، لێی دەپرسێت: ئایا ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەكانت خوێندووەتەوە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: هەندێك لاپەڕەیم خوێندووەتەوە، هەموو كتێبەكەم بە تەواوەتی نەخوێندووەتەوە. هەروەها باس لەوە دەكات لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بەوەی زانیوە نووسەری ڕۆمانەكە، لە چالاكییەكانی فێستیڤاڵی "چوتۆكوا” لە باكوری نیویۆرك و لە ئێوارە كۆڕێكی ڕۆشنبیریدا، قسە لەسەر ئازادییەكان دەكات. بۆیە بڕیار دەدات بڕوات بۆ ئەو فێستیڤاڵە و بە سزای خۆی بگەیەنێت و بیداتەبەر چەقۆ.
سەلمان ڕوشدی لە كتێبەكەی بە ناونیشانی "چەقۆ"، ئاماژە بۆ حاڵەتێكی لەو جۆرە دەكات و سیناریۆی ئەوەی بە خەیاڵدا هاتووە، لە سیمینار یان پانێڵ یا كۆڕبەندێكی گشتیدا، گەنجێك بێت و هەوڵی كوشتنی بدات، لەمبارەیەوە دەڵێت: لەبەر ئەوە كاتێك لەسەر سەكۆكە ئەو گەنجەم بینی بەرەو ڕووم دێت، یەكەم شت بە خەیاڵمدا هات ئەوەبوو بڵێم: كەوتە ئەو كەسە تۆیت. بیرۆكەی دووەم كە هەر لەوێدا بەخەیاڵمدا هات، ئەوەبوو كاتێكی زۆر تێپەڕیوە، بۆچی دوای ئەو هەموو ساڵە ئێستە ئەمە ڕوو دەدات؟ ئاخر بە دڵنیاییەوە دنیا پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینی بوو، بابەتەكەش داخرابوو.
ڕوشدی لە كتێبەكەیدا لەسەر گوتەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیارێكی ناو زەمەن، تارماییەكی بكوژ كە لە ڕابردووەوە هاتبوو، زۆر بەخێرایی نزیك بووەوە. ئەڵبەتە ئەو تارماییە جگە لە هادی مەتەر، كەسێكی تر نەبوو، ئەو بەناو ئەو هەموو ساڵەدا هات و فەتوایەكی جێبەجێ كرد كە نە خاوەنی فەتواكە لە ژیان ماوە و نە دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ جێبەجێكردنی بوون و كاركردنیان بە فەتواكە هەڵوەشاندبووەوە.
ئێستە ئەو هاووڵاتییە ئەمەریكی- لبناییە، سێ تۆمەتی ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە بریتین لەمانە: پشتگیریكردنی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بیانی، ئاماژەیە بۆ حزبوڵای لبنانی، هەوڵی كوشتن و هەوڵی دەستدرێژیكردن كە سزاكەیان نزیكەی 25 ساڵ زیندانییە.